* نەوژین
ژنانی چالاکوان بە هاشتاگێک لە تۆری کۆمەڵایەتی فەیسبوک هەڵمەتێکیان بۆ پاککردنەوەی سۆشیالمیدیا لە جنێو و سوکایەتی راگەیاند.
بەهار شوکریە مونزیر، چالاکی بواری ژنان، لە نوسینێکدا لە هەژماری خۆی لە فەیسبوک دەڵێت: ماوەیەکە ڕێژەی پۆست و کۆمێنتی نەشیاو زۆر زیادی کردوە،بەو هۆکارە ئێمە هەڵمەتێکی پاککردنەوەی سۆشیالمیدیا ڕادەگەیەنین بۆ ئەوەی بەهەمومان ڕوبەڕوی ئەم جۆرە لە زمانی زبر ببینەوە.
دەشڵێت: هەندێ لەو کۆمینت و پۆستانە بە جۆرێکە ئەگەر ئەو کەسەی دەینووسێت ڕوبەڕوت بێت ڕوی نایەت ئەو وشە و ڕستانە بڵێت بەرامبەرت.
هاوکات لەدوای بڵاوکراوەکەی بەهار شوکریە، چەندین ژنە چالاکی دیکە پاڵپشتی خۆیان بۆ هەڵمەتەکە راگەیاندوە.
چۆمان هەردی، نوسەر و مامۆستای زانکۆ، یەکێکە لەو ژنانە پالپشتی خۆی بۆ هەڵمەتە راگەیاندوە، دەڵێت: مایکرۆفۆن لە دەست جنێوفرۆشەکان بسەننەوە. ھەرکەسێک جنێو و درۆی بڵاکردەوە ڕاپۆرت و بلۆکی بکەن، گوێ لەو ژاوەژاوە مەگرن کە دەیەوێت حەقیقەتتان لێ ون بکات و نائومێدتان بکات.
هاوکات بەهار عەبدولرەحمان، سکرتێری یەکگرتوی خوشکان، یەکێکی دیکەیە لەو ژنە چالاکانەی پاڵپشتی بڵاوکراوەکە دەکات.
دەڵێت: "با پێکەوە هەوڵبدەین بۆ پاککردنەوەی ئەو جۆرە زمانە، چونکە زمانێکی نەشیاوە".