* نەوژین
دوای ئەوەی هەفتەی پێشو لە قهزاى پینجوێن تەرمی کچێک بە خنکاوی دۆزرایەوە، سەرچاوەیەکی فەرمی لە پۆلیسی پێنجوێن دەڵێت: گوماندەکرێت بەهەڵە خۆی خنکاندبێت.
شەوی 16ـی ئایار تەرمی کچێکی تەمەن 14 ساڵ لە قەزای پێنجوێن بە خنکاوی دۆزرایەوە، گومانەکان بۆ ئەوە رۆشتن خنکێندرابێت، بەڵام بەپێی راپۆرتی پزیشکی داد دەرکەوتوە کەوا کچەکە خۆی خنکاندوە نەوەک خنکێندرابێت.
سەرچاوەیەکی فەرمی لەنێو پۆلیسی پێنجوێن كه نهیویست ناوی بهێنرێت، دەربارەی روداوەکە بە نەوژینی راگەیاند: "دایک و باوکی کچەکە لەکاتی ئیفادەداندا وتویانە کچەکە هیچ کێشەیەکی نەبوە و زۆر ئاسایی بوە، تەنها لەدوای خواردنی نانی ئێوارە رۆشتوەتە ژورێک و دواتر بینیویانە خۆی خنکاندوە".
ئاشکراشیکرد: زیاتر گومان دەکرێت کچەکە بەهەڵە خۆی خنکاندبێت نەک بە ویستی خۆی، چونکە ئەو حەبلەی کچەکە پێی خنکاوە نەبەستراوەتەوە.
وتیشی: "کەیسەکە جارێ بە کراوەی دەمێنێتەوە و لێکۆڵینەوەکان بەردەوام دەبن".
دوای خنکانی کچەکە وا بڵاوکرایەوە کەوا کچەکە خەڵکی قەزای سەیدسادق بوە و بۆ کارکردن هاتوەتە پێنجوێن، بەڵام سەرچاوەکەی پۆلیس زانیاریەکەی رەتکردەوە و بە نەوژینی وت: "ئەو زانیاریانەی کە دەگوترا کچەکە کاری کردوە راست نەبون، بەڵکو کچەکە تەنها فێرخواز بوە لە پۆلی نۆی بنەرەتی، باوکی کچەکە لە کێڵگەی پەلەوەر کاری کردوە، کچەکە لەگەڵ دایکی ئەو رۆژە لە سەیدسادقەوە بۆ سەردانی باوکیان هاتونەتە پێنجوێن".
بەپێی ئامارە فەرمیەکان، لە دو ساڵی رابردودا ئەمە یەکەم حاڵەتی کوشتن یاخود خۆکوشتنی ژنانه كه لەم ناوچەیهدا تۆمارکراوه.