ئەو برایەی ٢٨ چەقۆی لە خوشکەکەی دا دەستگیر نەکراوە

2022/05/19    467 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
دوای ئەوەی ژنێک لە هەولێر لەلایەن برایەکیەوە ٢٨ چەقۆی لێدرا، وتەبێژی پۆلیس دەڵێت: برا تۆمەتبارەکەی هەڵهاتوە و دەستگیر نەکراوە.
 
زولەیخا، تەمەنی ٢٣ ساڵە و دایکی کچێکە، شەوی ١٦ـی ئایار لە شاری هەولێر لەلایەن برایەکیەوە ٢٨ چەقۆی لێدرا، بەبیانوی ئەوەی زولەیخا هەشت ساڵ پێش ئێستا لەگەڵ کوڕێک بەبێ رەزامەندی ماڵەوەیان هاوسەرگیری کردوە و هەڵهاتوە.
 
هۆگر عەزیز، وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، بە نەوژینی وت: پەڕاوی لێکوڵینەوەمان لەسەر کەیسەکە کردوەتەوە و فەرمانی دەستگیرکردنمان بۆ براکەی دەرکردوە، بەڵام براکەی هەڵهاتوە و تاکو ئێستا دەستگیرنەکراوە.
 
زولەیخا، دانیشتوی قەزای زاخۆ بوە، بەڵام لەدوای شەش مانگ لە خۆکوشتنی هاوسەرەکەی کە بە وتەی خۆی بە هۆکاری کێشەی دارایی و زەرەرکردن خۆی کوشتوە، لەگەڵ کچە تەمەن ٦ ساڵانەکەی زاخۆی جێهێشتوە و لە هەولێر دەژی.
 
هەرچەندە زولەیخا، لە کەناڵێکی راگەیاندن ئاماژەی بەوەدا کە تاکو ئێستا سێ جار هەوڵی کوشتنی دراوە، جارێک لەلایەن دایکی و جارێکیتریش لەلایەن برایەکی دیکەیەوە کۆتاجاریش ئەمجارەیە کە ٢٨ چەقۆی لێدراوە، بەڵام وتەبێژی پۆلیسی هەولێر، دەڵێت: پێشوتر هیچ سکاڵایەکی یاسای لای پۆلیسی زاخۆ تۆمار نەکردوە، بەڵکو خێزانەکەی ساڵی ٢٠١٤ ئەو کاتەی کە زوڵەیخا هەڵهاتوە سکاڵایان لەسەری تۆمارکردوە.
 
هەر دوێنێش جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم، لەبارەی روداوەکەوە راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و نیگەرانی خۆی پیشاندا و ئاماژەی بەوەکرد وەزیری ناوخۆو و دەزگا ئەمنیەکان کار بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتبارەکە دەکەن.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,341,785     ژمارەی میوان 5098

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە