* نه‌وژین
ئه‌نجومه‌نى دادوه‌رى ئاشكراى ده‌كات، رێژه‌ى هاوسه‌رگیری و جیابونه‌وه‌ى هاوسه‌ران لە شارەکانی هەرێمی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢١ بەراورد بە ساڵی ٢٠٢٠ زیادی کردوە.
به‌پێی ئامارى ئه‌نجومه‌نه‌كه، لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٨١٤٤ حاڵەتی جیابونەوە لە دادگاکانی هەرێمی کوردستان تۆمار کرابون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا رێژەکە بۆ ١١٦٩٩ حاڵەت زیادی کردوە.
حەڵەتەکان بەگشتی لە هەمو پارێزگاكان بەشێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردوە، لە هەولێر لە ٣٢٦١ حاڵەتەوە به‌رزبوه‌ته‌وه بۆ ٤٠٤٣ حاڵەت، لە سلێمانی لە ٣٠٠٢ حاڵەتهوه بوه به ٤٧٦٧ حاڵەت، لە دهۆكیش پێشتر ١٣٠٣ حاڵەت بوه و بۆ ساڵی دواتر بوه به ١٧٩٦ حاڵەت، لە ئیدارەی گەرمیانیش به‌هه‌مانشێوه لە ٥٧٨ حاڵەتهوه بۆ ١٠٩٣ حاڵەت به‌رز بوه‌ته‌وه.
هەروەک لە ئامارەکانی دادگای باری کەسی سەر بە سەرۆکایەتی دادگای تێهەڵچونەوەی پارێزگای دهۆکدا هاتوە، زۆرینەی رێژەی جیابونەوەکان لە تەمەنی نێوان ٢٥-٣٠ ساڵیدان، بە پلەی زۆریش بەهۆی نەزۆکی و ناپاکی و نەبونی ماڵی جیاوە بوە.
ئه‌م زیادبونهى رێژه‌ى جیابونه‌وه، هاوشانه به زیادبونى رێژه‌ى هاوسه‌رگیرییش، به‌شێوه‌یه‌ك هه‌ر به‌پێی ئه‌و ئاماره، بە گشتی جگه له سنورى گه‌رمیان، له پارێزگاكانى دیكه رێژه‌ى هاوسه‌رگیریی زیادی كردوه.
رونیكردوه‌ته‌وه: له هەولێر لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ١٦٨٠٣ هاوسەرگیری ئەنجامدرابون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا رێژەکە بۆ ١٨٩٦٤ هاوسەرگیری به‌رز بوه‌ته‌وه، له سلێمانی رێژه‌كه له ٢٠٢٠ دا ١٥٨٦٢ هاوسەرگیری بوه، ساڵی ٢٠٢١ بوه به ٢٠١٤٧ هاوسەرگیری، هه‌رچی دهۆكیشه لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ١١٧٤٥ هاوسەرگیری ئەنجامدرابون، بەڵام لە ساڵی ٢٠٢١دا رێژەکە بۆ ١٣٤٤١ هاوسەرگیری زیادی کردوە، به‌ڵام ئیدارەی گەرمیان لە ساڵی ٢٠٢٠ دا ٢٥١٩ هاوسەرگیری تێدا ئه‌نحام دراوه و بۆ ساڵی دواتر كه‌مبوه‌ته‌وه بۆ ٢٢٨٥ هاوسەرگیری.