* نهوژین، بژوێن حهیدهر
لە نهۆمێکی ماڵەکەی خۆیان حەز و خولیا و پسپۆڕیەکەی تێکەڵ بەیەک دەکات و پڕۆژەیەکی بەرهەمهێنامی قارچکی سەدەفی دەکاتەوە.
شەیما حەمهدهڵڵا، 23 ساڵ، کچێکی دانیشتوی قەزای بازیانى سهر به پارێزگاى سلێمانیه، ماوەی نزیکەی سێ ساڵە نهۆمێکی 70 مەتری ماڵەکەیانی کردوە بە شوێنى پڕۆژەی بەرهەمهێنانی قارچک.
ئەو لە مناڵیەوە حەز و خولیای بۆ کاری کشتوکاڵ هەبوە، دوای تەواوکردنی پۆلی 9ـی بنەڕەتی، ویستویەتی بڕواتە ئامادەیی کشتوکاڵی بەکرەجۆ، بەڵام دۆخی دارایی رێگر دەبێت.
وەک خۆی باسی دەکات و دەڵێت: دوای ئەوەی نەمتوانی بچمە ئامادەیی کشتوکاڵی، وازم لە خەونەکەم نەهێنا و دوای تەواوکردنی خوێندن رۆشتمە کۆلێژی کشتوکاڵ، توانیم یەکەم بم.
شەیما ئەو کاتەی کە فێرخوازی زانكۆ دەبێت، بیرۆکەی بونیادنانى كارگهیهكى بهرههمهێنانى قارچی لهلا گهڵاڵه بوه، دواتر لەرێگهى ئینتەرنێتهوه زانیاری زیاتری کۆکردوەتەوە لەسەری.
سەرەتا وەکو تاقیکردنەوەیەک لە 12 کیسی بهرههمهێنانهوه دەستی پێکردوە تاوەکو بزانێت گونجاوە بۆ ژینگەکەی و توانای پەرەپێدانی هەیە یاخود نا، پاش ئهوهى سهركهوتو دهبێت، ئێستا له پرۆژهكهى دا هەفتانە نزیکەی 20 کیلۆ قارچك بەرهەم دێنێت.
وهكخۆی ئاماژهى بۆ دهكات: ئامانجی ئهو لە کردنەوەی ئەم پڕۆژەیه، جگە لە بژێوی ژیان، ئەوەش بوه کە خەڵکی بەرهەمی سروشتی تاقیبکەنەوە و دوربکەونەوە لە شتی دروستکراو.
لەمبارەیەوە دەڵێت: قارچکی سروشتی تامێکی تایبەتی هەیە و جیاوازە، هەرکەس بردویەتی دوبارەی داواى كردوهتهوه.
ئەو سەرەڕای حەزی بۆ کاری کشتوکاڵ، خۆی به دۆستی ژینگە دهزانێت، زۆر گرنگ بوە بە لایەوە کە کارێک بکات سود بە ژینگە بگەیەنێت.
دەڵێت: من دانیشتوی بازیانم و ژینگەی ئێره زۆر تێکچوە بەهۆی کارگەکانەوە، بەرهەمهێنانی قارچک جگە لەوەی کە بۆ ژینگە سودبەخشە، پاشماوەکەشی دوبارە بەکاردێتەوە و بۆخواردنی ئاژەڵ و پەین.
لە کردنەوەی پڕۆژەکەیدا جگە لە خێزانەکەی هیچ کەس هاوکاریەکی ئەوتۆی نەکردوە و دەڵێت: ئهگەر لایەنی پەوەندیدار هاوکارم بێت، دەتوانم پڕۆژەکەم گەورە بکەم و هەلی کاریش بۆ گەنجان بڕەخسێنم.
ئهگهرچیش كارهكهى بچوك و سنورداره، بهڵام تهنانهت سهرنجی حكومهتیشی بۆ لای خۆی راكێشاوه.
لێپرسراوی بەشی کشتوکاڵی بازیان، وێڕای دەستخۆشی، کارەکەی شهیما بەرز دهنرخێنێت و پێیوایە خزمەتێکی گەورەیە بە قەزاكهیان.
زانیار تۆفیق، وتیشی: خەڵک و ئێمەش زۆر لەم کارە رازین، کارەکەی زۆر بە جوانی و پرۆفیشناڵی کردوە و سودی زۆری گەیاندوە بە بازیان، ئەوەی لە توانامان دا بێت پشتگیری دەکەین.
شەیما سەرەڕای ئەوەی دەرچوی زانکۆیە بە پلەی یەکەم، بەڵام هێشتا دانەمەزراوە، چاوهڕێی دامهزراندنیشی نهكردوه و ئهم پرۆژهیهى دهستپێكردوه.
روی دەمی لە گەنجان كرد و وتى: هیوادارم گەنجان پڕۆژەی خۆیان هەبێت و تەنها چاویان لە دامەزراندن نەبێت.