جومانە حەداد ناوێکی کاریگەر بەسەر جیهانی عەرەبیدا

2022/01/24    1016 جار بینراوە
 
* نەوژین – پەرژین کامەران
 
دەتوانێت بە حەوت زمان قسەبکات، یەکێکە لەو سەد ژنەی  کاریگەریان بەسەر جیهانی عەرەبیدا هەیە زۆرترین هەژمون و ناوبانگی هەیە، لە لیستی (١٠٠) کاریگەرترین ژنی وڵاتانی عەرەبی لە ریزبەندی (٣٦)میندایە، بەهۆی چالاکییە رۆشنبیری و کۆمەڵایەتییەکانیەوە.
 
جومانە حەداد، لە (٦کانونی یەکەمی ١٩٧٠) لە شاری بەیروت لە دایک بوە، لە ژیانیدا چەندین کاری کردوە لەوانە نوسەر وەرگێڕ، رۆژنامەنوس، مامۆستا لە زانکۆی ئەمریکی بەیروت، لێپرسراوی رۆژنامەی (النهار)ی لوبنانی، چالاکوان لەبواری مافی ژندا لەگەڵ ئەوەشدا دامەزرێنەری گۆڤاری(جەستە)ی رۆشنبیرییە.
 
تێپەڕاندنی هێڵە سورەکانی نوسین
 
جومانە، دەڵێت "کاتێک دەنوسم تەنیا مەبەستمە رۆچمە ناو قوڵای ناخمەوە و زیاتر لەو چینانە بدۆزمەوە کەمنیان پێک هێناوە، هێڵە سورەکان لەبەردەمی خۆمدا نابینم، گوێ بە هۆشدارییەکانی دەروبەرم نادەم، بایەخ بەو مینانە نادەم کە دەشێت لە ژێر پێمدا بتەقنەوە، یان مەنوسە یان هەرچیت خواست بینوسە، لە نوسیندا هیچ سنورێک نیە، بەوڕێنە کردنیشەوە و بە شکاندنی هەمو تابۆکانیشەوە".
 
ژن بە  دوژمنی ژن دادەنێت
 
ئەو تێڕوانینی بۆ پرسی ژن بەو شێوەیە کە ژنان بەشێکن لە پێکهێنانی ئەو بیرکردنەوەی کە کۆمەڵگا بەرامبەر بە رەگەزی مێ هەیەتی و دەڵێت"دوژمنی ژن هیچ ئان و ساتێک پیاو نەبوە بەڵکو نەفامی بوە، ئاخر پیاویش قوربانی دەست کلتورێکە کەژن بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشدارە لە بەرهەم هێنانیدا.
 
دەشڵێت: نەفامی و نەزانی کۆمەڵگەی بەرەو ئەوە برد تا ئایدیای توندڕەوی ئاینی پەیڕەو بکات، ئەو ئایدیایەی وەک چۆن گەمارۆی ژنانیدا، وەها لە هەمو لایەکەوە پیاوانی تەوقداو پەیوەندی نێوان ئەو دو بونەوەرەی ئاڵۆزتر کرد.
 
لەگەڵ ئەوەشدا جومانە، هۆکاری زۆربەی بەدبەختی و چارە رەشی ژنان دەخاتە ئەستۆی ژنن لە نوسینێکیدا دەڵێت: ئەو دایکەی هانی کوڕەکەی دەدات خوشکەکەی بکوژێت وەک تۆڵەکردنەوەیەک بۆ شەرەفی خانەوادەکەیان دایکێکی تاوانبارە و ناهەقی بەرامبەر خۆی و کچەکەی و تەواوی ژنان دەکات، ئەو ژنەی لە خوا دەپاڕێتەوە کوڕێکی بداتێ نەک کچ، دایکێکی تاوانبارە و سوکایەتی بە خۆی و تەوای هاوڕەگەزەکانی دەکات.
خاوەنی چەندین خەڵاتی جیهانییە
 
جومانە لە ئێستادا ئەندامە لە ئەنجومەنی (دوت)ی ناحکومی، کەبایەخ بە توانا ئابوریەکانی ژنانی دەدات لە ناوچە گوند نشینەکان،ئەندامی ئەنجومەنی خەڵاتی پۆکەری عەرەبییە لە ئێستادا،دامەزرێنەری(دەزگای جومانە حدادە بۆ ئازادیەکان)کە رێکخراوێکی علمانی سەربەخۆیە ئامانجی هۆشیاری گەنجانی لوبنانە.
 
هەروەک خاوەنی چەندین کتێبی چاپکراو وەرگێڕدراو چاو پێکەوتنی رۆژنامەوانییە لەگەڵ نوسەرانی جیهان، هەژدە بەرهەمی رۆمان و شعر و وەرگێڕداروی هەیە، خاوەنی ژمارەیەکی زۆر چاوپێکەوتنە لەگەڵ نوسەرە بەناوبانگەکانی دنیا لەوانە(ئەمبرتۆ ئیگۆ،جوزیە ساراماگۆ،پاولۆکۆیلۆ،پیتەرهاندە...).
 
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,336,303     ژمارەی میوان 721

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە