ژنێک لە لوتکەی بەڕێوبردنی دانەوێڵەو کارگەکانی ئارد

2022/01/13    1878 جار بینراوە
 
* نەوژین - هاوناز ساڵح
 
 
لە کاتی کێشەکانی دانەوێڵە لە کوردستان راسپێردراوە بۆ گفتوگۆکردن لە گەڵ حکومەتی ناوەند، ئەزمونی (٣٣) ساڵ کارکردنی هەیە لە بواری دانەوێڵە و بازرگانی، تاکە ژنە لە ئاستی عێراق بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئاردە.
 
نەسرین محەمەد علی خان، تەمەن (٥٩) ساڵ لەدایکبوی پارێزگای دیالەیە، ژیانی هاوسەرگیری پێکهێناوەو دایکی دو منداڵە،  لە ساڵی (٢٠٠٧) هاتونەتە شاری سلێمانی، وەک خۆی دەڵێت ”لە دیالە بەهۆی ئەوەی کوردبوین روبەڕوی تیرۆرو تاڵانی زۆر بوینەوە بۆیە ناچاربوین جێی بهێڵین“.
 
 
نەسرین، تاکە ژنە لە ئاستی عێراق بەڕێوەبەری کۆمپانیاکانی دروستکردنی ئاردە، توانیویەتی  دەسەڵاتی خۆی وەک ژنێک پیشانی هەموان بدات و ببێتە سەرۆکی لیژنەی بەدواداچونی کۆمپانیاکانی دروست کردنی ئارد. لەگەڵ ئەوەشدا  پەیوەندیەکی بەهێزی لەگەڵ لایەنە سیاسیەکانی عێراق و هەرێم دروست بکات.
 
لەوبارەیەوە وتی: ”من وەک ژن هیچ جیاوازیەکم نیە لەگەڵ پیاو بەجۆرێک زۆر جار کاریگەری من زیاتر بوە بەشێوەیەک راسپێردراوم وەک نوێنەری هەرێم لە بەغداد لە کاتی بونی کێشە. هێمای بۆ ئەوەشکرد کە جگە لە کارە ئیداریەکان  شارەزایی تەواوی هەیە لە دروستکردنی ئاردا.
 
کارەکەم بە رواڵەت دەڵێن پیاوانەیە، بەڵام من زۆر بە باشی بەڕێوەی دەبەم
 
هەورەک نەسرین، یەکەمین ژنە کە پۆستی لێپرسراوی هونەری سەرجەم کارگەکانی دروستکردنی ئاردە لە کوردستان بەڕێوەببات، جگە لەوەش بەڕێوەبەری بەرێوەبەرایەتی دروستکردنی دانەوێڵەیە لە سلێمانی.
 
 بەهێزو پڕ وزە رۆژانە دەچێتە سەرکارەکەی بەزۆری لەکاتی کارکردنی بە مەیدانی دەچێتە سەردانی شوێنەکان ئەو ئەزمونی (٣٣) ساڵی هەیە لە کارەکەیدا پلەی شارەزای پێ بەخشراوە،  لەبارەی کارەکەیەوە بۆ نەوژین وتی: ”گەنم لە سایلۆکان وەردەگرین دەیکەین بە ئارد،  راستە ئەو ئاردەی ئێمە دابەشی دەکەین بۆرە ئامانجمان ئەوەیە ئاردێکی تەندروست پێشکەش بە هاوڵاتیان بکەین“.
 
نەسرین، نایشارێتەوە بە رواڵەت کارەکەی بە پیاوانە وەسفدەکرێت، بەڵام ئەو زەحمەتی کارەکەی بەهۆی خۆشەویستی بۆ کارەکە پشتگوێ دەخات ”کارەکە بەرواڵەت پیاوانەیەو زەحمەتی زۆری تێدایە،  بەڵام خۆشەویستیم بۆ کارەکە هەمو هیلاکیەکانی بیربردومەتەوە“.
 
* ئەم راپۆرتە لە چوارچێوەی پرۆژەی 'پەرەپێدانی تواناکانی ژنان لە میدیادا' بە پاڵپشتی وەزارەتی دەرەوەی کەنەدا/ باڵیۆزخانەی کەنەدا لە عێراق، کە لەلایەن رادیۆی دەنگەوە جێبەجێ دەکرێت، ئامادە کراوە.
 
 
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,816,355     ژمارەی میوان 1192

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە