شێوە بە کامێراکەی دەستی سروشتی دەڤەری راپەڕین دەکاتە چوارچێوە

2022/01/11    1710 جار بینراوە

 

* نەوژین - هاوژین محەمەد

 

بە کامێراکەی دەستی شاخ و دۆڵ گوند و ئاژەڵەکانی  سروشتە رەنگینەکەی رانیەو قەڵادزێ دەکاتە چوارچێوەی وێنەکانی ماوەی (١٢) ساڵە وەک یەکەم خانمی دەڤەری راپەڕین بوە بە فۆتۆگرافەری سروشت.

 

شێوە رەسول، دانیشتوی قەزای رانیەی سەر بە  ئیدارەی راپەڕینە، لە ساڵی (٢٠١٠)ەوە دەستی بە کاری فۆتۆگرافی کردوە بە چرکاندنی وێنەی سروشت، لە بارەیەوە دەڵێت: "ئەوەی کە وایکرد دەست بکەم بەم کارە جوانی سروشتی کوردستان بو، کاتێک کە گەشتێکم دەکرد بۆ چیاکانی کوردوستان یان هەر شوێنێک کە سروشتێکی جوانی هەبو حەزم دەکرد ئەو دیمەنە جوانەی کە بینیومە بە وێنە لەلام بمێنێتەوە".

 

پاش ئەوە شێوە، چەند خول و راهێنانێکی تایبەت بە فۆتۆگرافی بە شێوەیەکی ئەکادیمی وەردەگرێت، لە ساڵی (٢٠١٨)یەکەم پێشانگای تایبەتی بە کارەکانی کردوەتەوە.

 

ئەو دەڵێت: "دواتر بەشداریم کرد لە (١٣) پێشانگای هاوبەش هەروەها لە فیستیڤاڵی فۆتۆ لە سلێمانی  بەشداریم کرد لە وێنەی سروشت پلەی یەکەمم بەدەست هێنا".

 

ئەو خۆی بە خۆشبەخت دەبینێت کە فۆتۆگرافەرانی سروشت پاڵپشتی دەکەن بۆ کارەکەی و خێزانەکەشی هاوکارین بەم هۆیەشەوە شێوە هەوڵی داوە کچانی دیکەی شارەکەی فێری کاری فۆتۆگرافی بکات و دەڵێت: "خولێکی فۆتۆگرافیم کردەوە بۆ خانمانی رانیە ئەوانەی خولیای ئەو هونەرە بون بەشدار بون و سودی باشیان بینی توانیم ئەوەی کە خۆم لە ماوەی ئەو چەند ساڵەدا فێری بوم و ئەزمونم کردوە بیگەیەنم بە ئەوان".

 

چەند وێنەیەک بە کامێراکەی شێوە رەسوڵ.

 

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,504     ژمارەی میوان 841

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە