نەوژین – رێناس ساڵح
لەسەر ستەیجی گەورەترین فاشیۆن لە عێراق وەستاوە، نمایشی ئەو جلانە دەکرێت کە دیزاینی کردوە، ئەو لە شارۆچکەیەکی گەرمیانەوە دیزانینی جل و بەرگ دەکات بەربەستی زۆر هاتۆتە رێگەی، بەڵام باوکی بوە بە پشتیوانی.
پەیام مەحمود، دانیشتوی شارۆچکەی باوەنورە لە ئیدارەی گەرمیان، خوێندنی پەیمانگای کشتوکاڵی تەواوکردوە، هەر لە مناڵیەوە خولیای وێنەکێشانی هەبوە، دواتر حەزو ئارەزوی بۆ رێکخستنی جل و بەرگ لەلا دروست بوە. تاوەکو ساڵی (٢٠١٦) پەیام، لە رێگەی سکێچەوە نەخشی جلە کانی دەکێشا و رەنگی دەکرد، دواتر هەنگاوی ئەوەی نا کە دەست بکات بە بەرجەستەکردنی دیزاینەکانی و دەستی بە دورین کرد.
پەیام دەڵێت: "ئەوەم بە بێ بینینی هیچ خولێکی تایبەت کرد تەنها لەڕێگەی ئەنتەرنێتەوە زانیاریم لەسەر فاشیۆن و دیزاین کۆدەکردەوە تا زیاتر پەرەی پێ بدەم".
ئەو دیزاینی جل و بەرگی باڵاپۆشی دەکات لە بارەیەوە وتی: "بیرۆکەی دیزاینی جلەبەرگی باڵا پۆش لەوەوە لام دروست بو کە دەریبخەم کە ئەکرێت ئافرەت باڵا پۆش و شیک پۆشیش بێت لە هەمانکاتدا، کارەکانم سوپاس بۆخوا زۆر گونجاوە لەگەڵ کلتورو ئاینی کۆمەڵگا". هەورەک پەیام، بەشێوەیەک لەگەڵ کارەکەیدا خۆی ماندو دەکات کە دەیەوێت لە داهاتودا لە وڵاتانی دیکە خوست لەسەر کارەکانی بێت.
ئاڵنگاری بۆ گەشتن بە خەونەکەی
بەهۆی ئاداب و کلتوری ناوچەکەوە ژنان لە کوردستان بەکەمی دەگەن بە ئامانج و خەونەکانیان هەروەک پەیام، بێبەش نەبوە لە بەربەستی رێگاکانی گەشتن بە خەونەکەی.
وەک خۆی دەڵێت: "بێگومان بۆمن هیچ ئاسان نەبو لە سەرەتاوە تا ئێستاش زۆر رێگریم هەبوە لە کەسانی چواردەور و نزیکەکانەوە، چونکە لە کۆمەڵگەی داخراوی ئێمەدا، کچەکان نابێت خەون و ئامانجیان هەبێت یان دەرکەون وفێرکراون تەنها ئامانجیان ئەبێت هاوسەرگیری بێت".
بۆ ئەمەش باوکی پەیام دەبێتە پشتیوانی کچەکەی ئەو دەڵێت: "بە پشگیری باوکم و خێزانەکەم، توانیم روبەڕوی رەخنەو بەربەستەکانن ببمەوە".
لە باوەنورەوە بۆسەر ستەیجی گەورەترین ڤستیڤاڵ
پەیام، یەکێکە لەو دیزاینەرانەی کە دیاری کرابو لە گەورەترین فستیڤاڵی فاشن لە عێراق بەشداربێت، هەروەک دەشیەوێت کارەکانی لە گەرمیان نمایش بکات.
ئەو وتی: "لە رێگەی ستافی فستیڤاڵی فاشن فلۆراوە داواکرا بەشداریکەم لەگەورەترین فستیڤاڵی فاشن لە سەرئاستی عێراق و کوردستان، من وەک یەکەم کچ لە گەرمیانەوە بەشداریم کرد، دەرفەتێکی زۆر باش بو بۆ بەرەو پێش چون و ناساندنی کارەکانم".
هەروەک پەیام، دەیەوێت لە ناوچەکەی خۆی لە گەرمیان نمایشی کارەکانی بکات: "هیوادارم بتوانم فیستیڤاڵێکی گەورەی فاشن تایبەت بە باڵا پۆشی لە گەرمیان ئەنجام بدەم".
خواست لەسەر دیزاینەکانی
پەیام، لە رێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام کارەکانی نمایش دەکات کڕیارەکانی دەتوانن لەو رێگەوە بەدەستیان بگات. لە بارەی خواستی کڕیارەکانیەوە وتی: "گرنگترین مەرج لە دیزاینەکانم ئاسودەیە بە واتا بەجۆرێک بێت موشتەری ئاسودەبێت بە پۆشینی، دیزاینەکانم هەم بۆ بۆنە هەم بۆ چونە دەروەی رۆژانی ئاساین".
ئەو نیگەرانە لەوەی رێزی بەرهەمەی دەستی ناوخۆ وەک پێویست نیە، دەڵێت: "نیگەرانم نرخ و بەهایەکی گونجاو بۆ کاری دیزاین دانانرێت، پێویستە زیاتر گرنگی پێبدرێت ناکرێت لەگەڵ جلێکی دەروە بەراورد بکرێن".
پەیام، بەردەوامە لە کارەکەی و دەیەوێت هەنگاوی زیاتر بنێت هەم وەک کچێک و هەمیش وەک نوێنەری شارەکەی لەسەر ئاستی باڵاتر کارەکانی نمایش بکات.
بەوێنە هەندێک لە دیزاینەکانی لە کاتی نمایش