* نەوژین
لە کەرستەیەکی زۆر سادەی ماڵەوە دەستی بە رستن و چنین کرد، هانی کچان و ژنانی شارەکەشی دەدا فێری پیشەکە بن، سۆزان هەر لە ماڵەکەی خۆیدا دەستی گرتن تا ئەو شوێنەی ئیتر بەرهەمەکانیان لە بازاڕەکاندا نمایش دەکرد، بەو بڕوابەخۆبونەی ئەندامانی سەندیکای رستن و چنینی پارێزگای هەڵەبجە بە کۆی دەنگی (٧٦٪) ئەندام وەک سەرۆکی سەندیکاکە هەڵیانبژارد.
سۆزان شەعبان، دوای زیاتر لە دە ساڵ کارکردنی لە ماڵەوە نمایشکردنی بەرهەمە دەستیەکانی رۆژی (٢٣/١٢/٢٠٢١) بە کۆی دەنگی (٢٠) ئەندامی سەندیکای رستن و چنینی پارێزگای هەڵەبجە وەک سەرۆکی سەندیکاکە هەڵبژێردرا کە سەندیکاکە پێکهاتوە لە (٢٦) ئەندام.
لە بەرهاری تەمەنیەوە سۆزان، دەستی بە کاری درومانی کردوە تا ئەو کاتەی خەڵک پێشوازیەکەی گەرمیان لەو جل و بەرگانە کردوە کە دوریونی، ئەو خەونی گەورەتری هەبوە کارەکانی پەرە پێداوە بە چنین و جوانکاری دیکە لە گەڵ ئەوەشدا بیرۆکەی فراوانکردنی کارەکەی بە کردنەوەی خول لە لا گەڵاڵە بوە.
"بیرم لەوەکردوە ژنانی دیکەش فێری کارەکەبکەم"
سۆزان، بۆ نەوژین وتی: "بیرم لەوە کردەوەوە خولی فێرکاری بۆ کچان و ژنانی شارەکەشم بکەمەوە تا ئەوانیش بتوانن ببنە خاون پیشەی خۆیان و بتوانن بژێوی خۆیان و خانەوادەکەیان بەدەست بێنن".
بۆ ئەوەش دەستی بەکردنەوەی خولی خۆبەخشی کردوە بێبەرامبەر فێرخوازانی فێرکردوە وەک خۆی دەڵێت: "تا ئەو کاتەی بەشێکی زۆریان فێری پیشەکە بون دواتر لەچەندان فیستیڤاڵدا بەشداربوم بۆ نمایشکردنی بەرهه مەکانیان کرد بەردەوام بوم".
بەرەو پێشچونەکانی لە کارەکەدا سەرنجی سەندیکای رستن و چنینی هەڵەبجە بەلای خۆیدا رادەکێشێت بۆ ئەوەی وەک چۆن ماڵەکەی خۆی کردوە بە ناوەندێک بۆ فێربونی پیشەکە بتوانێت سەندیکاکەش بکاتە مەڵبەندێکی چالاک بۆ بەرەپێشچونی کارەکانی ئەو سەندیکایە، بەو هۆیەشەوە پێشنیاری وەرگتنی پۆستەی سەندیکای بۆ دەکەن، پاش بەدەستهێنانی پۆستەکە ئێستا ژنێک سەندیکای رستن و چنینی پارێزگای هەڵەبجە بەڕێوەدەبات.