هودا: جامانەم کرد بەبراند

2021/05/08    1598 جار بینراوە
 
* نەوژین- رێناس ساڵح
 
 
”بیرۆکەی بڕاندی جامانە کاتی بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا بو، ئەو باردۆخە بوە هۆکارێک دەرفەت بۆ ئەو شتانە بقۆزینەوە کە دەمێک بو کاتمان بۆی نەبو ئەوە بو جامانە لە جەمەدانیەکی سەرەوە بو بە بیرۆکەیەک کە خۆت ببینیتەوە لە ناویدا هەست بە نامۆیی نەکەیت“. ئەمە قسەکانی 'هودا'یە کە خاوەنی براندی جامانەیە و ژمارەیەکی زۆر کۆڵێکشنی تایبەت بەخۆی هەیە.
 
 
هودا حەسەن، تەمەن (٢٢)ساڵ خوێندکاری بەشی بزنزە لە زانکۆی کوردستان، بە براندەکەی سەرنجی زۆرێک لە خەڵکی بەلای بیرۆکەکەیدا راکێشاوەو دەڵێت: ”مرۆڤ ئەو کاتەی بەها ئەدات بە خۆی بە بیرۆکەکانی، کە مێژو و شوناسی  کاریگەری لەسەر کەسایەتی و متمانە بە خۆبون و بڕیاردانی هەبێت“.
 
 
هودا حەسەن، خاوەنی براندی جامانە بە کۆڵێکشنی 'ڤێنێ' وێنە: نەوژین
 
جامانە ناوە کۆنە مێژویەکانی کورد نوێ دەکاتەوە 
 
دیزاینەکانی بڕاندی جامانە بۆ هەردو رەگەزە و هەر دیزاینێکیشی ناوێکی تایبەتی لێنراوە.
 
هودا، باسی ناوەکانی بۆ 'نەوژین' کردو وتی: ”بۆ نمونە هێلەگی جامانەی ئافرەتان ناوی 'کۆڵێکشنی ئاخابانوە' کە تیایدا لە دو رەنگ پێک دێت کە دەست لە ملانیی یەکتر دەنوێنن ئەویش رەنگی رەش و سپیە کە با ئاخابانو ناسراوە، لە مێژودا رەنگی رەش بە هێمای پیاو و رەنگی سپیش بە مانای ئافرەت دێت واتای بانوش ئەوەیە بەیەکەوە سیمبولی پێکەوە ژیان ئەنوێنن، بەم شێوەیە هەر ناوێک تایبەتمەندیەکی خۆی لە پشتە“.
 
 
دیزاینێکی براندی جامانە بەناوی کۆڵێکشنی 'ئاخابانو'ە وێنە: نەوژین
 
تا ئێستا ئەم براندە لە کوردستان بەردەستە، بەڵام لە داهاتو پلانی وایە لە وڵاتانی دراوسێش بەکاربهێندرێت بۆ بەرەو پێشبردنی کارەکانی و دەڵێت: ”تاوەک بتوانین ئێمەش لەڕوی هەناردەکردنەوە بگەین بە هانگاوێکی باش“. 
 
”خەڵکێکی ئێجگار زۆر پاڵپشتی خۆیان بۆ بیرۆکەی کارەکەم دەربڕیوە“
 
کۆڵێکشن و دیزاینەکانی جامانە بوەتە جێگەی خواستی خەڵکانێکی زۆر لەنێویاندا جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم و پارێزگاری سلێمانی بە دیزاینەکانی جامانەوە دەرکەوتون.
 
 
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەت بە دیزاینی جامانەوە لەکاتی پێشوازی لە پاپای ڤاتیکان، وێنە: هەژماری ئینستاگرامی قوباد تاڵەبانی
 
هودا، نایشارێتەوە کە پاڵپشتیەکی زۆر بۆ کارەکەی هەیە وەک خۆی دەڵێت: ”پاش راگەیاندنی یەکەم دیزاین و کۆڵێکشن خەڵکێکی ئێجگار زۆر پشتگیری خۆیان بۆ جۆری دیزاین و بیرۆکەکە دەربڕی لەوەوە بونە پاڵنەرێکی باش، پشتگیری موعیجزە دەخوڵقێنێت، هەر کۆمێنێکی نەشیاویش دەکرێت بە جۆرێک لە جۆرەکان  ببێتە پاڵنەر بۆ بەرەو پشبردنی کارەکەت“.
 
 
هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی کۆڵێکشنی براندی جامانە وێنە: هەژماری فەیسبوکی هەڤاڵ ئەبوبەکر
 
”ژنان دەبێت رێگەی جیاوازبگرنەبەر بۆ کارکردن“
 
لەگەڵ ئەمانەشدا یەکێک لەو ئاستەنگیانەی دێتە بەردەم ژنان لە کوردستان بۆ دەستپێکردنی کارێکی تایبەت بە خۆیان نەبونی پارەیە 'هودا' ئامۆژگاری ژنان دەکات رێگەی جیاوازبگرنەبەر و دەڵێت: ”بۆ ئافرەتان پارە رەنگە جۆرێک بێت لە ئاستەنگ بەڵام رێگەی جۆراو جۆر هەیە بۆ هاتنە پێشەوەو دەستکەوتنی پارە، هەر بیرۆکەیەک پێش دەستپێک پێوسیتی بە خۆ سەرمایەدارکردن هەیە پێش ئەوەی بتەوێت ببێتە مایەی قازانج بۆت، لە دونیای ئەمڕۆ کۆمەڵێک ئاسانکاری هەیە بۆ ئەوەی بتوانی دەنگت بگەینی پارەیەکی زۆریشی پێویست نەبێت بەکارهێنانی سۆشیاڵ میدیا ئەوەندە ئاسانکاری کردوە ئەوەی کە دەمێنێتەوە چۆن و کەی و بە چ جۆرێک  بتوانیت لە رێگەیەوە  پەیامەکانت  بگەیەنیت“.
 
هودا، دوای ساڵێک لە کارەکەی بەردەوامەو بە ئومێدەوە دەڵێت: ”داهاتویەک لە بڕاندی جامانە دەبینم روانینمان بۆ داهاتو ئەوەیە کە بتوانین هەم پەیام و هەم کارەکەشمان فراوان بکەین هەست بە شوناسی خومان بکەیەنەوە بە جۆریکە دیکە“.
 
 
کۆڵێکشنەکانی براندی جامانە تایبەت بە کوڕان وێنە: نەوژین

 



Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,357,277     ژمارەی میوان 715

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە