* نەوژین
ماوەی ٣ ساڵە کار لە بواری رایگەیاند دەکات، ئامادەکار وپێشکەشکاری دو بەرنامەی تەلەفزیۆنیە و لە رۆژی رۆژنامەگەری کوردی دەڵێت”راگەیاندنەکان نا بەرپرسیارانە کار لەسەر بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە دەکەن“.
ئەڤین نەسرین، دەرچوی بەشی تەکنیکی میدیایە لە پەیمانگای تەکنیکی سلێمانی، لە سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی (۲۰۱٨)دەستی بە کاری راگەیاندن کردوە لە کەناڵی تەلەڤزیۆنی'JINTV' کە تایبەتە بە ژنان.
ئەڤین، باسی سەرەتایی کارکردنی لە بواری راگەیاندن بەم شێوەیە بۆ 'نەوژین' گێڕایەوە”لەگەڵ دەستپێکی کارکردنم وەک کامێراوانی ژن و مۆنتێر و پێشکەشکار دەستمپێکرد لە
بەرنامەی بیرەوەری کە یەکێکە لەو بەرنامانەی لە JINTV پەخش دەکرێت، شانازیە بۆمن کە ئەم بەرنامەیە دەسپێکی کارکردنم بو“.
بەرنامەکە بە ئامانجی تۆمارکردنی مێژوی ئەو ژنانەیە کە لە رابردودا کاریان کردوە و تێکۆشاون لە پێناو مافی ژنان و نەتەوەکەیاندا.
”ئەو ژنانە دەدوێنم کە تائێستا بۆچونەکانیان لە میدیا نەبیستراوە“
لەگەڵ ئەوەشدا 'ئەڤین' بەرنامەیەکی مەیدانیش بە ناوی بۆچی ژن ئامادە و پێشکەش دەکات، لە بارەیوە وتی: ”لە شەقامدا لەگەڵ ژناندا بێ جیاوازی گفتوگۆی پرسەجیاوازەکان دەکەین، ژنان ئەو بیروڕاینەیان کە تا ئێستا دەرنەبڕیبێت بۆ هەر بابەتێک لە رێگای ئەم بەرنامەیەوە دەرببڕن “.
ئەم دو بەرنامەی 'ئەڤین' لەگەڵ دەستپێکی کەناڵی ژن تیڤی دەستیان پێکردوە لە ساڵی (۲۰۱٨) ەوە تا ئێستا بەردەوامە.
لە ساڵی رۆژی رۆژنامەگەری کە ئەمڕۆ (١٢٣) ساڵ بەسەر دەرچونی یەکەم رۆژنامەی کوردیدا تێدەپەڕێت، 'ئەڤین' رای وایە میدیا لە کوردستان نابەرپرسانە مامەڵە لە گەڵ دۆخی ژنان دەکات ، نەیوتانیوە پرسەکانی ژنان تەندروست وێنابکات و دەڵێت: ”ئەمساڵ لە کاتێکدا ئەم یادەدەکەینەوە رۆژنامەنوسەکانمان لە زینداندان و راگەیاندنەکان نا بەرپرسیارانە کار لەسەر روداو و بابەتەکانی پەیوەندیدار بە ژنانەوە دەکەن“.