لیژنەی داکۆکیکردن لە ئافرەتان: یاسای نوێ بۆ رێگری لە کوشتنی ژنان دەردەکەین

2021/04/18    551 جار بینراوە
 
* نەوژین
 
 
لیژنەی داکۆکیکردن لە مافی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: ”کوشتنی ژنان لە کوردستان روی لە هەڵکشانە لە پەرلەمانەوە یاسای نوێ بۆ بنبڕکردنی ئەم دیاردەیە دەردەکەین“.
 
 
 
لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی کوردستان، راگەیاندراویکی بڵاوکردەوەو رایگەیاند: ”ئەم ماوەیە کوژرانی کچ و ژنانی کوردستان لەهەڵکشاندایەو ئامارەکانی ئەو پرسە جێی نیگەرانی و تێڕامانی قوڵن، ئێمە سەرکۆنەی کوشتنی ئافرەتان دەکەین لەژێر هەر پاساو بیانویەک بێت“.
 
 
لیژنەی داکۆکیکردن لەمافی ئافرەت لەپەرلەمانی کوردستان،  ‎دەشڵێت:  ”وێڕای پاڵپشتیی لیژنەکەمان لەهەنگاوەکانی دەسەڵاتی جێبەجێکردن و دادوەری بۆ سەپاندنی سزای یاسایی توند بەسەر تاوانباران وئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە، هەمو هەنگاوەکان چڕ دەکەینەوە بۆئەوەی یاسایەکی نوێ سەبارەت بە 'بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت' لەم خولەی پەرلەمان دەربکرێت، تێیدا رێکارەکانی سزادانی تاوانبارانی کەیسەکانی کوشتنی ئافرەت زۆر توندتر بکرێن و ببنە بەربەست بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەو دیاردە“.
 
 
لە کۆتایی بەیانامەکدا لیژنەکە ئاماژەی بەوەکردوە: لەهەمو ئەمجۆرە کەیسانە پێویستە حکومەت خاوەندارێتییان لێبکات، رێگه‌ بەسوڵح و رێکكەوتنی عەشایەری نەدات، سزای توندی ئەوانە بدرێت کەتاوانی کوشتن ئەنجام دەدەن، ‎لەپاڵ یاسادا پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەئەرکی خۆیان هەڵبستن لەپەروەردەو رۆشبیری و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگه‌، تاوەکو عەقڵییەتە ژنکوژەکان بپوکێنەوەو بونیان لەکۆمەڵگەدا ببێتە مایەی شەرم و شەرمەزاری.
 


Newjin.net - 2024
ژمارەی سەردان 1,360,833     ژمارەی میوان 2971

دروستکراوە لەلایەن کۆمپانیای (کۆدتێك)ەوە