مەلا ئیدریس ژاڵەیی
توندوتیژی دژی ژنان تەنها کوشتن یان لێدان و بریندارکردنی جەستەیی نییە! هەندێک جار لە دیوارەکانی ماڵەوەوە دەست پێ دەکات و لە کارگە و شوێنی کاردا بەردەوام دەبێت، پاشان لە دامەزراوە کۆمەڵایەتی و ئایینییەکاندا خۆی دەنوێنێت و لە کۆتاییدا دەگاتە ئاستی بێبەشکردنی ژن لە ماف و ئازادی و کەرامەتی مرۆیی خۆی.
٢٥ـی تشرینی دوەم بیرەوەریەکی تاڵی سیستمی سەرمایەداریە، لەو سیستمەدا ژن ئازار نادرێت تەنها لەبەر ئەوەی ژنە بەڵکو سزادەدرێت لەو کاتەش کە داوای مافی رەوا و هەقی کار و کرێدەستی خۆی و هاوڕێکانی دەکات، بۆیە ئەم تراژیدیایە درێژە پێدەری ئاگرتێبەردانی کرێکارە ژنەکانی ئەمریکایە و دەبێتە یادەوەرییەکی دیکەی کوژرانی خوشکانی دۆمەنیکان کە بەڵگەیەکی تر بو لەسەر ئەوەی چۆن بێباکیی سەرمایەداری و نەبونی پاراستنی کرێکاران دەتوانێت ژیانی مرۆڤ بکاتە قوربانیی قازانجی ماددی، هەربۆیە لەو کاتەوە ئەم بەروارە بو بە هێمایەکی جیهانی بۆ بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان.
بۆ تێگەیشتن لە رەهەندە چینایەتی و ئابورییەکانی ئەم پرسە، دەبێت سەیری مێژوی بزوتنەوەی ژنانی کرێکار و ڕۆژی جیهانی ژنانیش بکەین، بزوتنەوەی داواکاری مافەکانی ژنان لە سەرەتای سەدەی بیستەمەوە بەشێکی گرنگ لە بزوتنەوەی کرێکاری و سۆشیالیستی بو، بزوتنەوەیەک کە داوای مافی کار و موچەی دادپەروەرانە و کەمکردنەوەی کاتی کار و ڕێزگرتن لە کەرامەتی ژنانی کرێکاری دەکرد.
هەرچەندە لە رۆژگاری ئەمڕۆدا توندوتیژی دژی ژنان هەمو جارەکان بە شێوەیەکی دیار و خوێناوی خۆی نانوێنێت، هەندێک جار بە دەرهاویشتەی تێگەیشتنی ئاینی هەڵە و داب و نەریتی نالەبار و هەژاری و چەوساندنەوەی ئابوری و دەسەڵاتی پیاوسالاری نابەرپرسانە ئەنجام دەدرێت.
کاتێک گوتارێک ڕێگەدەدات ژن لە ماڵەوە زیندانی بکرێت و لە خوێندن و کارکردن و بەشداریی کۆمەڵایەتی بێبەش بکرێت ئەوەش جۆرێکە لە توندوتیژی هەروەک چۆن ئەگەر لە دەرەوەش ناچار بکرێت بە کاری قورس و بێبەرامبەر و مافی وەک کرێکارێک پێشێل بکرێت توندوتیژییە هەروەها کاتێک بە ناوی ئایینەوە لە مافە ڕەواکانی وەک مرۆڤێک بێبەش دەکرێت، ئەوەش بەکارهێنانی هەڵەی ئایینە بۆ پاساودان بە ستەم هەروەها ئەگەر بە ناوی ئازادی و مافەوە ببێتە کەرەستەی بازرگانی و ڕیکلام و خاڵی کردنەوەی هەوس و ئارەزوی بەرپرس و خاوەنکار و هۆکاری سودلێوەرگرتنی کەسانی تر ئەوەش دیسان سوکایەتییە بە کەرامەتی ژن ، هەرگیز ئازادی بە مانای بە شمەککردنی مرۆڤ نییە و پارێزگاری لە ئاین و ئابڕو و شەرەفیش مانای کۆتوبەندکردنی ژنان نییە.
لە ڕوانگەی ئیسلامەوە ژن مرۆڤە و هەمو مرۆڤێکیش خاوەنی کەرامەتە و مافی سەربەخۆی هەیە و هیچ کەسێک مافی ئەوەی نییە بە بیانوی ئاینی پیاوسالاری یان نەریتی کۆمەڵایەتی ستەمی لێ بکات،
لە قورئانی پیرۆزدا هاتوە : { وَعَاشِرُوهُنَّ بِالْمَعْرُوفِ ۚ } واتە: بە شێوەیەکی چاک و دادپەروەرانە هاوژینی لەگەڵ ژناندا بەرنەسەر و مامەڵەیان لەگەڵدا بکەن. (النساء: ١٩). لە فەرمودەی پێغەمبەری خواش "درودی خوای لەسەربێت" هاتوە : " اسْتَوْصُوا بِالنِّسَاءِ خَيْرًا " واتە: ڕاسپاردەی موسڵمانانی کرد بە چاکەکردن لەگەڵ ژنان دا،
بێگومان ئەم ڕاسپاردەیە ڕێنماییەکی ئەخلاقییە بۆ پاراستنی ماف و کەرامەتی ژنان، نەک تەنها ئامۆژگارییەکی زارەکی.
لە بنەماکانی مەقاصیدی شەریعەتیشدا: پاراستنی ژیان و عەقڵ و ماڵ و نەوە وکەرامەتی مرۆڤ لە ئامانجە بنەڕەتییەکانی شەریعەتن بۆیە هیچ تێگەیشتنێکی هیچ گروپ و دەسەڵات و کەسێکی ئایینی نابێت ببێتە بیانو بۆ زیانگەیاندن و زۆرلێکردن و ستەمکردن لە ژن، ئایین پێویستە کەرامەت بپارێزێت، نەک بیسڕێتەوە.
لە ڕوانگەی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی و فیکری فێمینیستی و سۆشیالیستییەوەش، ئازادیی ژن لە ئازادیی ئابوری و کۆمەڵایەتی جیا ناکرێتەوە، ژنێک کە مافی کار و موچەی دادپەروەرانەی پێڕەوا نەبینرێت ڕەنگە بەهۆی هەژارییەوە ناچاربێت بەرگەی هەمو جۆرە چەوساندنەوەیەک بگرێت! ژنێک کە بۆ بڕیاردان لە مافی خۆی گوێی لێناگیرێت هێشتا بە تەواوی ئازاد نییە! بۆیە بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی پێویستی بە گۆڕینی ئەو پێکهاتە ئابوری و کۆمەڵایەتییانە هەیە کە نایەکسانی و چەوساندنەوە بەرهەم دەهێنن.
لە کۆمەڵگەی کوردییشدا پێویستە بە ڕاشکاوی دژایەتی هەمو جۆرە توندوتیژییەک بکەین، لە توندوتیژیی جەستەیی و دەرونی و سێکسییەوە تا توندوتیژیی چینایەتی و ئابوری و ئایینی و کۆمەڵایەتی و نەتەوەیی، ژنی کورد نابێت لە ژێر ناوی نەریت و شەرەف و ئایین و سیاسەت یان بۆ دەستخستنی قازانجی کەسانی تر ببێتە قوربانیی، دەنگهەڵبڕین و ناڕازیبون لەسەر پێشێلکردنی مافەکانی ژنان دژایەتی ئایین نییە و هەمیشەیش دژایەتیی ستەم و چەوساندنەوە لەگەڵ ڕۆحی دادپەروەریی و بنەماکانی کەرامەتی مرۆڤدا یەکدەگرێتەوە! هەروەها فێمینیزم و داواکاریی یەکسانی و دادپەروەریی ژنان نابێت بە شێوەیەکی هەڵە بە دژایەتی پیاو لێکبدرێتەوە! چونکە ئامانج نەهێشتنی ستەمکاری و پێکهێنانی پەیوەندییەکی مرۆیی و دادپەروەرانەیە بۆ هەمو مرۆڤایەتی.
٢٥ـی نۆڤەمبەر دەرفەتێکە بۆ ئەوەی قسە و بانگەشەکان بگوازرێینەوە بۆ کردار و پیادەکردنی یاسا و جێبەجێکردنی دادپەروەری هەروەها هەلی کاری یەکسان و پاراستنی ژنان لە شوێنی کار و لە ماڵەوە و ڕێگری لە دەستدرێژیی سێکسی و بەرەنگاربونەوەی هاوسەرگیریی بەمناڵی و بەزۆر و دابینکردنی دەرفەتی خوێندن و بەشداریی ژنان لە بڕیارەکانی کۆمەڵگەدا.
کۆمەڵگەی زیندو ئەو کۆمەڵگەیە نییە کە ژن تێیدا دەژی! بەڵکو ئەو کۆمەڵگەیەیە کە ژن تێیدا بە ئازادی و کەرامەت و دادپەروەری و بێترس دەژی و مافەکانی پیادە دەکات و ئەرکەکانی سەرشانی بەجێدەهێنێت، ئازادیی ژن بەشێکە لە ئازادیی کۆمەڵگە و کەرامەتیشی بەشێکە لە کەرامەتی مرۆڤ! ئازادی ژن ئازادی و پیادەکردنی دادپەروەرییە بۆ هەموان