"لە سایەی بێ پارلەمانیدایە"؛ هەوڵێک بۆ جێبەجێکردنی یاسای جەعفەری لە هەرێمی کوردستان هەیە
ھەواڵ
2026/10/06 , بینین : 46


* نەوژین   

دادگای کەرخی بەغدا تانەی لەو بڕیارەی هەرێمی کوردستان داوە کە تێیدا هاتوە کۆمەڵە یاسای ئەحکامی شەرعی بەپێی مەزهەبی جەعفەری لە هەرێمی کوردستان جێبەجێ ناکرێت، هەرچەندە هێشتا دادگا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام ئەم هەوڵە نیگەرانی و کاردانەوەی چالاکوانانی ژنانی لێکەوتوەتەوە.   

لەوبارەیەوە، شەدە بەشیر، چالاکوانی ژنان، دەڵێت: کۆمەڵە یاسای ئەحکامی شەرعی بەپێی مەزهەبی جەعفەری لە عێراق بوەتە گەورەترین پێشێلکاری بەرامبەر بە مافی مرۆڤ و ژن و مناڵ، ئەگەرچی هێشتا دادگا بڕیاری کۆتایی نەداوە، بەڵام گەر بڕیاری جێبەجێکردنی ئەو مدوەنەیە بدرێت کارەساتە، چونکە واتای ئەوەیە دادگاکانی هەرێمی کوردستان پابەند بکرێن بە ئەنجامدانی گرێبەستی هاوسەرگیری کچی نۆ ساڵ و دادوەر بۆی نییە بەربەست دروست بکات و پێویستە واژۆی گرێبەستەکە بکات.

هەر لە کاردانەوەدا، پارێزەر؛ شۆخان ئەحمەد، دەڵێت: "ئەمە ئەو کاریگەرییە ناراستەوخۆیە بو کە لێی دەترساین لەسەر هەمواری یاسای باری کەسێتی عێراق لە هەرێمی کوردستان، هەروەک ئەمە دۆخێکی نەخوازیارە لە سایەی بێ پارلەمانیی هەرێمدا.
 
یاسای جەعفەری چیە؟

یاسای جەعفەری (کۆمەڵە یاسای باری کەسی بەپێی مەزهەبی شیعەی جەعفری) یاسایەکە بۆ رێکخستنی کاروباری خێزانی وەک هاوسەرگیری، جیابونەوە و میرات کە لە بەغدا جێبەجێ دەکرێت. لە کاتێکدا عێراق پێشتر خاوەنی یاسایەکی یەکگرتوی باری کەسی بو (ژمارە ١٨٨ـی ساڵی ١٩٥٩)، ئەم یاسا نوێیە چەند خاڵێکی تێدایە کە نیگەرانی زۆری لێ کەوتوەتەوە، لەوانە: رێگەدان بە هاوسەرگیری لە تەمەنی کەم دا، دەستکاریکردنی مافی سەرپەرشتی و بەخێوکردنی مناڵ دوای جیابونەوە و جێبەجێکردنی حوکمە فیقهییە تایبەتەکانی ئەم مەزهەبە لە دابەشکردنی میراتدا.

شەدە بەشیر، دەڵێت: هەر هەوڵێک بۆ گواستنەوەی ئەو ئەحکامە بۆ دادگاکانی هەرێم، پێویستی بە رونکردنەوەی سنوری یاسایی و دەسەڵاتی هەرێم و فیدراڵ هەیە، پێویستە بە هەر رێگەیەک بێت رێگری لە جێبەجێکردنی ئەم مدوەنەیە لە هەرێمی کوردستان بکرێت.   

 

زۆرترین بینراوەکان