* نەوژین
بۆ یەکەمجار لە مێژوی عێراقدا، ژنێک دەبێتە سەرۆکی دەستەی وزەی ئەتۆمی بە وەکالەت، کە ئەرکەکەی بریتیە لە بەڕێوەبردنی گشت کاروبارەکانی تایبەت بە پەرەپێدان و بەکارهێنانی تەکنەلۆجیای ئەتۆمی بۆ مەبەستە ئاشتیخوازەکان.
بەپێی فەرمانی دیوانی ژمارە ٢٦٥٧٥ کە ئەمڕۆ لەلایەن نوسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانەوە دەرچوە و پشت بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران ژمارە ١٦٧ـی هەمان ساڵ دەبەستێت، 'سەنا جاسم'، وەک سەرۆکی دەستەی وزەی ئەتۆمی عێراق بەوەکالەت راسپێردرا و بڕیارەکەش لە هەمان رۆژی دەرچونیەوە کەوتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بەپێی تۆمارە فەرمییەکان، ناوبراو دەبێتە یەکەم ژن کە لە مێژوی عێراقدا پۆستێکی لەم شێوەیە لە کەرتە هەستیارەکان وەربگرێت.
ئەم پۆستە بەرپرسیارێتیی سەرەکی سەرپەرشتیکردنی بەرنامە ئاشتیخوازەکان، بەرهەمهێنانی ماددە تیشکۆگەرەکان بۆ بواری پزیشکی و پیشەسازی، بەڕێوەبردنی پاشماوە تیشکییەکان، هەروەها هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی و پەرەپێدانی توانا مرۆیی و زانستییەکانی وڵات لەخۆ دەگرێت.