یاسا رێگەی جیابونەوە دەدات، بەڵام هەڕەشەکان گیانی ژنان دەخەنە مەترسییەوە
2026/09/23 , بینین : 24


* نەوژین، سومەیە ساڵح

کاتێک بڕیاری کۆتاییهێنان بە هاوسەرگیرییەک دەدرێت، مرۆڤ چاوەڕێی دەروازەیەک بۆ ئارامی و ژیانێکی نوێ دەکات، کەچی بۆ زۆرێک لە ژنان لە هەرێمی کوردستان، ئەم دەروازەیە دەبێتە دەرچونێک بۆ ناو کێڵگەیەکی پڕ لە مینی چێنراو. چیرۆکی جیابونەوە تەنها کۆتاییهاتن بە گرێبەستێک نییە، بەڵکو زۆرجار دەستپێکی زنجیرەیەک لە ترس، هەڕەشەی کوشتن، سەندنەوەی مناڵ و لەکەدارکردنی ناوە، کە ژنان و خێزانەکانیان دەخاتە بەردەم مەترسییەکی راستەقینەوە.

لە سەرەتای هەر هەنگاوێکی جیابونەوەدا، ترسێکی گەورە لە دڵی ژنەکەدا دروست دەبێت، چونکە پیاوەکان دەست دەکەن بە کۆمەڵێك هەڕەشە، لەوانە: "مناڵەکانت پێ نادەمەوە، دەتکوژم، خێزانەکەت لەناو دەبەم، هەقی خۆتت پێ نادەم، ناو و ناتۆرەت بۆ دروست دەکەم و لەکەدارت دەکەم... ".

لەمبارەیەوە، پارێزەر؛ چرۆ عومەر، دەڵێت: "مەترسیی ژنان لەکاتی جیابونەوەدا سەرەکیترینی ئەو هەڕەشانەیە کە پیاوەکە لێی دەکات، تەنانەت زۆرکات هەبوە پیاوەکە وتویەتی "مناڵەکە پەنجەی خوێنی لێبێت، سکاڵا تۆمار دەکەم و لێتی وەردەگرمەوە"، کە ئەمە وادەکات ژنەکە و خێزانەکەی بترسن و لە جیابونەوە پەشیمان ببنەوە".

لەڕوی یاساییەوە

بە پێی ماددەی (٥٧) لە یاسای باری کەسێتی ژمارە (١٨٨)ـی ساڵی ١٩٥٩ـی هەموارکراو، مافی بەخێوکردن (حەضانە) لە حاڵەتی جیابونەوەدا بۆ دایکە بە مەرجێک مەرجەکانی تێدا بێت و دادگا لە بەرژەوەندیی مناڵەکەوە بڕیار دەدات. هەروەها بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، هەڕەشەپێکردن و تۆمەتباراكردنی بێبنەما خۆی لە خۆیدا تاوانە و سزای یاسایی لەخۆ دەگرێت.

چیرۆکەکە کاتێک ئاڵۆزتر دەبێت کە دۆسیەکان لە رێڕەوی خۆیاندا روبەڕوی دواکەوتن دەبنەوە. بورهان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی هەڵەبجە، نهێنیی ئەم درێژکردنەوەیە دەگێڕێتەوە و دەڵێت: "هەندێک کات بە مەبەست ماوەی کاتی جیابونەوەی دو هاوسەر درێژ دەکەینەوە، چونکە گومان دەکەین مەیلیان زیاتر بەلای ئاشتبونەوە بێت وەک لە جیابونەوە".

بەڵام ناوبراو جەخت لەوەش دەکاتەوە که: "کاتێک دەزانین ژنەکە مەترسی لەسەر هەیە دەیخەینە شەڵتەر، یان گەر بزانین هاوسەرەکە بە دەمی هەڕەشەی کوشتن یان هەر توندوتیژییەکی تری کردوە، دەستگیریدەکەین... لەم کاتەشدا ئێمە داوا لە هیچ پیاو یان ژنێک ناکەین تەنەزول بکات یان نەیکات، بەڵام کاتێک ئەو بڕیار دەدات، مەترسییەکانی بۆ رون دەکەینەوە".

بەپێی ماددەی (٢) لە یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی لە هەرێمی کوردستان (ژمارە ٨ـی ساڵی ٢٠١١)، هەر هەڕەشە یان ئازارێکی دەرونی و جەستەیی توندوتیژییە و دادوەر دەسەڵاتی هەیە فەرمانی پاراستنی خێزانی (امر حماية) بۆ دورخستنەوەی توندوتیژکارەکە دەربکات.

بەڵام کاتێک کات دەخایەنێت و مەترسییەکان جێبەجێ دەبن، چیرۆکەکە دەبێتە تراژیدیا. چیرۆکی 'رەنا' کە (ناوێکی خوازراوە و ناوی راستی لای نەوژین پارێزراوە)، نمونەی زیندوی ئەم واقعەیە؛ سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢، کاتێک داوای جیابونەوەی کرد، لە ترسی هەڕەشەی بەردەوامی کوشتنی خۆی و باوک و براکەی بەپەلە بو، بەڵام دانیشتنەکانی دادگا کاتیان پێویست بو: "من ئەوەم بە دادوەر نەوت، کە هەڕەشە لەسەر خۆم و خێزانەکەم هەیە، چونکە لە هەڕەشەکانی دەترسام، تاوەکو مانگێک تێپەڕی بەردەوام هاوسەری پێشوم دەهاتە بەردەم دەرگاکەمان و هەڕەشەی لێدەکردین... تەنانەت لای خەڵک بە منی وتبو بۆ کاری بەدڕەوشتی دەیەوێت لێم جیاببێتەوە، کە ئەمە تاوەکو ئێستاش کاریگەریی لەسەر من هەیە و دەوروبەر بە چاوی گومانەوە سەیرم دەکەن".

ئەو ژنە قوربانییە بە دەنگی پڕ لە ئازارەوە درێژەی بە چیرۆکەکەی دا و وتی: "کاتی دانیشتنی دوەمی دادگا، زۆر لە دادوەر پاڕامەوە جیامان بکاتەوە، بەڵام بەهۆی ئامادەنەبونی هاوسەری پێشوم ئەو کارە نەکرا، دادوەر ئاگاداری کردمەوە بۆ پاراستنی خۆم لە شەڵتەر بمێنمەوە، بەڵام من زیاتر خەمی خێزانەکەم بو. هەر دوای دانیشتنی دادگا و ئێوارەی ئەو رۆژە هاوسەری پێشوم هاتە بەردەرگامان و دەستڕێژی گوللەی لە ماڵەکەمان کرد، بەهۆیەوە باوکم بریندار بو و زیانی ماددی زۆرمان بەرکەوت... پۆلیس دەستگیری کرد و جیابونەوەکەمان بۆ پێشخرا، بەڵام ئەو ترسە هێشتا لە دڵی خۆم و کەسوکارمدا ماوەوەتەوە".

لەڕوی یاساییەوە، بەکارهێنانی چەک بۆ هەڕەشە و بریندارکردن، تاوانێکی قورسی سزادانە. چرۆ عومەر ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی بونی هەڕەشەدا، دادوەر زۆرکات کەیسەکە لە جیابونەوەوە دەگۆڕێت بۆ کەیسی «توندوتیژیی خێزانی» بۆ ئەوەی رێکاری خێراتر بگرێتە بەر.

وەک چارەسەر تاوەکو خێزانەکان نەبنە قوربانی، چیرۆکی جیابونەوەی نێوان دو هاوسەر، چرۆ عومەر، ئاماژە بەوەدەکات: یاسا لەوانەیە نەتوانێت پێش بە روداوی هاوشێوە بگرێت، بەڵام گرنگە بەردەوام هۆشیاری ئەوە بڵاوبکرێتەوە، کە لەکاتی جیابونەوەی دو هاوسەر خێزانەکان دەستێوەردان نەکەن، واتا نە بە دەمی هەڕەشە بکەن، نە رێگریش لە جیابونەوەکە بکەن، یان هاندان بکەن بۆ جیابونەوەکە، تاوەکو لە مەترسی بە دور بن.

زۆرترین بینراوەکان