* نەوژین
ئەو پڕۆژە ژینگەیی و زانستییە بێوێنەی کە ناوی زانکۆی سلێمانی خستە ناو تۆماری جیهانیی گینسەوە، لە بنەڕەتدا بەرهەمی بیرۆکە و جێبەجێکردنی ژنە ئەندازیار و مامۆستای زانکۆ و پڕۆفیسۆری یاریدەدەر؛ د.نەوبەهار فەرەج ـە.
د. نەوبەهار، کە مامۆستایە لە بەشی ئەندازیاریی سەرچاوەکانی ئاو لە کۆلێجی ئەندازیاریی زانکۆی سلێمانی، لەبارەی دەستپێشخەرییەکەیەوە لە فەیسبوکی خۆی نوسیویەتی: چوار ساڵ بەر لە ئێستا پڕۆژەی نوسینی ناوی زانکۆ بە بەکارهێنانی شەش هەزار نەمامم پێشکەش بە زانکۆی سلێمانی کرد.
پڕۆژەکە لە ٢٧ـی کانونی یەکەمی ٢٠٢٢ کۆتایی هات. بەڵام لەوکاتەوە بەهۆی تێچوی داراییەوە رێکارەکانی داخڵکردنی لە گینس دواکەوت، تاوەکو ئەمڕۆ بە هاوکاریی سەرۆکایەتیی زانکۆ و سپۆنسەرکردنی کۆمپانیای (ساوس کوردستان)، رێکارە فەرمییەکان تەواو کران و بە فەرمی لە گینس تۆمار کرا.
پێکهاتە و قەبارەی پڕۆژەکە:
پڕۆژەکە لە (٦,٠٠٠) نەمامی مۆردی بۆنخۆش پێکدێت کە هەمیشە سەوزن، بەرزیی هەر پیتێک (٢٠) مەتر و پانییەکەی (٢.٤) مەترە و درێژیی گشتیی پڕۆژەکە دەگاتە (١٨٠) مەتر.
د. نەوبەهار ئاماژە بەوە دەکات کە پڕۆژەکە لەسەر دەستی خۆی و بە هاوکاریی هەریەک لە(دکتۆر عوسمان هەورامی، مامۆستا هێمن عەبدوڵڵا و مامۆستا هاوار سلێمان) و بە پشتگیریی سەرۆکی زانکۆ (دکتۆر کۆسار محەممەد) هاتوەتە بەرهەم.