بەڕێوبەری نەخۆشخانەی ژنان و مناڵبونی سلێمانی: بەرپرسیارێتیەکەم ئاسان نییە
ئەزمونی من
2026/10/20 , بینین : 97


* نەوژین، بەنان فاروق

ژنێک نەخۆشخانەی ژنان و مناڵبونی سلێمانی بەڕێوەدەبات، دەڵێت: بەڕێوەبەربون لێرە ئاسان نییە، چونکە تەنیا بەرپرسیاری پزیشک و کارمەندەکان نیم، بەڵکو بەرپرسیارێتی ژیانی هەمو ئەو دایک و کۆرپەلانەشم لە ئەستۆیە کە سەردان دەکەن.

د. تاڤان فاتیح، ٥٤ ساڵ، پزیشکی پسپۆڕی نەخۆشییەکانی ژنان، مناڵبون و نەزۆکی، لەدایکبو و نیشتەجێی شاری سلێمانی، وەک حەوتەمین ژن لە مێژوی نەخۆشخانەی ژنان و مناڵبونی فێرکاریی سلێمانی، پۆستی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەی پێ سپێردراوە. ئەو کە هاوسەردارە و دایکی سێ مناڵە، خاوەنی ۳۰ ساڵ ئەزمونی کارکردنە لە بواری پزیشکی نەشتەرگەری و ژنان.

"بەڕێوەبەربون، ئەرکێکی قورس و هەستێکی جیاوازە"

د. تاڤان فاتیح، لەبارەی پۆستی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەکەوە دەڵێت: کاتێک بەرپرسیاریەتییەکی وا دەگریتە ئەستۆ، دەبێت بەڕێوەبەرێکی یەکسان بیت، لە ئازار و دۆخی ژنانی دوگیان تێبگەیت، بەرپرسیارێتیەکی ئاسان نییە و قورسە. چونکە لە نەخۆشانەیەکی ئاوادا بەڕێوەبەر تەنیا بەرپرسیاری پزیشک و کارمەندەکان نییە، بەڵکو بەرپرسیارە ژیانی دایک و کۆرپەلەش.

سەرباری کارە کارگێڕیەکانی وەک بەڕێوەبەر، د. تاڤان، وەک پزیشکیش دەوام دەکات؛ نەخۆش دەبینێت، نەشتەرگەری ئەنجامدەدات و دەوامی شەوانیش دەکات.

بینای نەخۆشخانەکە کۆنە و نۆژەنکردنەوەی سەرتاسەری دەوێت

لەبارەی ئەو کێشانەی لە نەخۆشخانەکانەکەدا هەن، د. تاڤان، دەڵێت: لەڕوی ژێرخان و ئامێرەکانەوە، بینای نەخۆشخانەکە کۆنە لە ساڵی ۱۹۸۳ دروستکراوە، سەرەڕای نۆژەنکردنەوەی چەند جارێک، بەڵام پێویستی بە نۆژەنکردنەوەی سەرتاسەری هەیە. هەروەک هەندێکجاریش کێشەی کەمی دەرمان و ئامێری پزیشکیمان هەیە.

مانگانە هەزاران ژن سەردانی نەخۆشخانەکە دەکەن

بەپێی ئاماری تایبەتی نەخۆشخانەکە، کە دەست نەوژین کەوتوە، نەخۆشخانەکە رۆژانە پێشوازی لە نزیکەی ۳۰۰ نەخۆش بە بەشە جیاوازەکانیەوە دەکات، لە مانگی رابردودا ٦٠٠ مناڵبون تێیدا تۆماکراوە، ئەمە جگە لە نەشتەرگەرییەکانی دەرهێنانی رەحم، کیسی هێلکەدان، گرێی هێلکەدان و رەحم و مناڵ لە دەرەوەی رەحم کە زۆرینەیان بێ بەرامبەر یان بە پارەیەکی کەم ئەنجامدەدرێن.

هاوکاریکردنی نەخۆشانی کەمدەرامەت

د. تاڤان، باسلەوەدەکات، چەندین جار نەخۆش هەبوە زانیومانە هەژارە و توانای کڕینی دەرزی و دەرمانیان نەبوە، خۆمان لەنێو کارمەند و پزیشکان پارەمان بۆ کۆکردونەتەوە و بۆمان دابینکردون، هەندێکجار تەنانەت نەشتەرگەریەکەمان بێ بەرامبەر بۆ ئەنجامداون.

زۆرترین بینراوەکان