نەبونی کار و تێچوی زۆری هاتوچۆی شار، خەونی کچە دەرچوەکانی گوند لەناودەبات
راپۆرت
2026/10/15 , بینین : 55


* نەوژین، شنۆ نوری

"بڕوانامەکەم لە گیرفاندایە، بەڵام لە دورەوە بە حەسرەتەوە سەیری کارکردنی هاوڕێکانم دەکەم"؛ ئەمە قسەی کچە دەرچویەکە کە چیرۆکی دەیان هاوشێوەی خۆی دەگێڕێتەوە، کچانی دەرچوی ناوچە گوندنشینەکان، سەرباری هیوا و تواناکانیان، رۆژانە لەنێوان دو کۆسپدا دەستەویەخەن: نەبونی دەرفەتی کار لە گوندەکانیان و سەختی هاتوچۆ بۆ شار.

ساکار زانا، دەرچویەکی بەشی زمانی کوردییە لە زانکۆی گەرمیان و شەش ساڵە بڕوانامەکەی بەدەستهێناوە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە لە بوارەکەی خۆیدا کارێک بدۆزێتەوە. ئەو دەڵێت: "خەونم ئەوە بو ببمە مامۆستا. لە کەرتی تایبەتدا هەندێک دەرفەت هەن، بەڵام ئاستەنگی سەرەکی من هاتوچۆیە؛ ناتوانم رۆژانە کاتژمێرێک لەڕێگەدا بم بۆ گەیشتن بە شوێنی کارەکەم. ئێستا تەنیا لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بە حەسرەتەوە سەیری ئەو هاوڕێیانەم دەکەم کە لە شاردا نیشتەجێن و توانیویانە کار بەدەستبهێنن".

سەختی رێگە لە پێناو سەربەخۆیی ئابوری دا

لە لایەکی دیکەوە، ئەو کچانەی نیشتەجێی گوندەکانن و رێگەی دوری شار دەبڕن بۆ کارکردن، بارگرانییەکی زۆرتر دەکەوێتە سەر شانیان. چاوان ئازاد، دەرچوی بەشی مێژوە لە زانکۆی گەرمیان، لەبەر نەبونی هیچ هەلێکی کار لە گوندەکەیاندا، ناچار بوە لە شاردا کارێک لە کارگەیەکدا بدۆزێتەوە و لەگەڵ چەند کچێکی دیکەی گوندەکەیان رۆژانە هاتوچۆ دەکەن.

چاوان باسی سەختی رێگەکە دەکات و دەڵێت: "بۆ ئەوەی لە کاتی خۆیدا بگەینە سەر کار، دەبێت لانی کەم دو کاتژمێر پێش کاتی ئاسایی دەوام بکەوینە رێ. ئێوارانیش بەهۆی درەنگ تەواوبونمان لە کار، زۆرجار ناچار دەبین شەوانە لە ماڵی خزم و ناسراوەکانمان لە شار بمێنینەوە"، سەرباری هەمو ئەم قورسییانەش، چاوان خۆشحاڵیی خۆی دەردەبڕێت بەوەی توانیویەتی ببێتە خاوەنی داهاتی سەربەخۆی خۆی.

سەبارەت بەم رەوشە، هەیفا مەجید، نوێنەری ئیدارەی گەرمیان بۆ کاروباری ژنان، ئاماژەبەوەدەکات کێشەی کچانی گوند تەنیا نەبونی دەرفەتی کار لە شار یان دوری رێگە نییە، بەڵکو ئەوان روبەڕوی خەرجیەکی زۆریش دەبنەوە بۆ کرێی هاتوچۆیان، ئەو دەڵێت: "کاتێک کچێک لە گوندێکەوە دێتە شار بۆ کارکردن، بەشێکی زۆری موچەکەی بە کرێی هاتوچۆدا دەڕوات، تا ئەو رادەیەی زۆرجار زیاتر لە نیوەی داهاتەکەی تەنیا بۆ رێگاوبان سەرف دەکات".

هەیفا مەجید، پێشنیار دەکات: پێویستە هەماهەنگییەکی تۆکمە لەنێوان رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و لایەنە حکومییە پەیوەندیدارەکاندا دروست ببێت بۆ دابینکردنی کرێ یان هۆکاری هاتوچۆی ئەو کچانەی لە گوندەکانەوە دێنە شار، لەلایەکی دیکەشەوە، زۆر گرنگە پڕۆژەی بچوک و بەرهەمهێنەر لەناو خودی گوندەکاندا بکرێنەوە، تاوەکو دەرفەتی کار بۆ کچانی گوند لە ناوچەکانی خۆیاندا فەراهەم بێت و شوێنی نیشتەجێبونی خۆیان جێ نەهێڵن.

زۆرترین بینراوەکان