لە پەروەردەی خێزانەوە تا هەڕەشەی شاشەکان؛ ئەو هۆکارانەی توندوتیژی دژ بە ژنان بە زیندویی دەهێڵنەوە
2026/11/25 , بینین : 54

 

* نەوژین، سومەیە سالح 

توندوتیژی دژ بە ژنان لە هەرێمی کوردستان تەنها وەک روداوێکی کاتی و راگوزەر نەماوەتەوە، بەڵکو بوەتە دیاردەیەکی بەردەوام و فۆڕمی نوێشی وەرگرتوە؛ رەگ و ریشەی ئەم بەردەوامبونە لە پەروەردەی خێزان و نەبونی سەربەخۆیی ئابوری ژنانەوە دەست پێدەکات، بە زاڵبونی نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یاسادا درێژ دەبێتەوە و لە ئێستاشدا هەڕەشە ئەلیکترۆنییەکان بازنەی توندوتیژییەکەیان فراوانتر کردوە.

قەیرانی ئابوری و نەبونی سەربەخۆیی دارایی

لە هەرێمی کوردستان هاوسەران لە پلەی یەکەمی ئەنجامدەرانی توندوتیژیدان. بەیان مەهدی، پارێزەر، پێی وایە قەیرانە ئابورییەکان، بێکاری و فشارە دەرونییەکان گرژییەکانی ناو خێزانیان زیاد کردوە و ژنانیان کردوەتە قوربانیی یەکەمی نائارامییەکان.

لە پاڵ ئەمەشدا، نەبونی سەربەخۆیی ئابوری وایکردوە ژنان ناچار بن لەناو بازنەی توندوتیژیدا بمێننەوە؛ ئاشنا (ناوی خوازراو)، کە دایکی دو مناڵە و چەندین جار لەلایەن هاوسەرەکەیەوە لێی دراوە و هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە، بە (نەوژین)ـی وت: "بێدەنگیم هەڵبژاردوە و لەبەر دو مناڵەکەم دانیشتوم؛ ئابوریی سەربەخۆم نییە و ناتوانم جیاببمەوە، چونکە مناڵەکانم بۆ بەخێو ناکرێت".

بەهرە نورەدین، لێپرسراوی بەشی راگەیاندن و پەیوەندییەکانی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژ بە ژنان و خێزان لە هەولێر، پشتڕاستی دەکاتەوە کە نەبونی سەرچاوەی دارایی، ترس لە لەدەستدانی مناڵ و فشاری خێزان، گەورەترین ئاستەنگن کە وادەکەن ژنان تەنانەت دوای تۆمارکردنی سکاڵاش پاشگەز ببنەوە و بگەڕێنەوە ژێر سێبەری توندوتیژی.

پەروەردەی خێزان و تێڕوانینی کۆمەڵگە

توندوتیژی تەنها بەرهەمی قەیرانە کاتییەکان نییە، بەڵکو ریشەی لە شێوازی پەروەردەدایە. بەیان مەهدی جەخت دەکاتەوە کە توندوتیژی لە شەقامەوە دەست پێ ناکات، بەڵکو کاتێک لە خێزاندا پیاو وەک خاوەن دەسەڵاتی رەها دەبینرێت و بە کچان دەوترێت "لەبەر قسەی خەڵک بەرگە بگرن"، شەرعییەت بە بەردەوامبونی توندوتیژی دەدرێت.

بەهرە حەمەڕەش، توێژەری کۆمەڵایەتیە، ئاماژە بەوە دەکات کە ئەم پەروەردەیە نەوە دوای نەوە دوبارە دەبێتەوە؛ کوڕێک کە توندوتیژیی باوکی دەبینێت بەرامبەر بە دایکی، ئەگەری زۆرە لە داهاتودا ئەویش بەرامبەر ژنەکانی نێو ژیانی دوبارەی بکاتەوە، هەروەها شێوازی مامەڵەی کۆمەڵگە کە لە بری سەرکۆنەکردنی تاوانبار، زۆرجار قوربانی دەخاتە ژێر فشار و ئیهانەوە، وایکردوە ئەنجامدەرانی توندوتیژی پشت بە بێدەنگی ژنان ببەستن و بەردەوام بن.

توندوتیژیی دیجیتاڵی؛ فۆڕمێکی نوێی بەردەوامبون

یەکێکی دیکە لە هۆکارە دیارەکانی هەڵکشانی توندوتیژی لە ئێستادا، خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندییە. بەهرە نورەدین و بەهرە حەمەڕەش هاوڕان لەسەر ئەوەی "کێشە ئەلیکترۆنییەکان بونەتە یەکێک لە باوترین جۆرەکانی توندوتیژی کە هەموان بە ئاسانی دەستیان پێی دەگات".

پارێزەر بەیان مەهدی هۆشداری دەدات لەوەی هەڕەشەی ئەلیکترۆنی سنوری ماڵی تێپەڕاندوە و ٢٤ کاتژمێر لەناو مۆبایلی ژناندایە، "زۆرجاریش لە شاشەکانەوە دەگوازرێتەوە بۆ واقیع و دەبێتە هۆی کوشتن یان خۆکوشتن، بەبێ ئەوەی رێکارە یاساییەکان بۆ دۆزینەوەی تاوانباران خێرایی پێویستیان هەبێت".

زاڵبونی نەریت و سستی سزاکان

لە هەرێمی کوردستان توندوتیژی دژ بە ژنان بەپێی یاسای بەرەنگاربونەوەی توندوتیژیی خێزانی ژمارە (٨)ـی ساڵی ٢٠١١ و یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١)ـی ساڵی ١٩٦٩ لێپێچینەوەی تێدا دەکرێت، بۆ کێشە ئەلیکترۆنییەکانیش یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی ژمارە (٦)ـی ساڵی ٢٠٠٨ بەکاردێت.

سەرباری بونی ئەم یاسایانە، پارێزەر؛ بەیان مەهدی هۆکاری بەردەوامبونی توندوتیژی دەگەڕێنێتەوە بۆ بێکاریگەریی سزاکانی دادگا کە ئەمەش بەهۆی زاڵبونی سوڵحی عەشایەری، سوکیی سزاکان و درێژەکێشانی ماوەی دادگاییکردنوەیە، جەختیش دەکاتەوە: "تاوەکو نەریتە کۆمەڵایەتییەکان بەسەر یاسادا زاڵ بن، توندوتیژی کۆتایی نایەت".

زۆرترین بینراوەکان