* نەوژین, هۆزان فەریق
دوای ساڵێک دابڕان، چالاکیەکانی گۆڕەپان و مەیدانی خانمان دەستپێدەکاتەوە، سکرتێری یەکێتی ناوەندی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستانیش دەڵێت: لە سەرجەم شارەکانەوە یانەی بەشداربومان هەیە.
بڕیارە پاڵەوانیەتیەکە بۆ هەردو ئاستی کچان و کوڕان، رۆژانی ٤ و ٥ـی ئەم مانگە، لە یاریگای زانکۆی سلێمانی ئەنجامدرێت و تێیدا ١٠ یانە بەشدار دەبن.
لەمبارەیەوە، بەشدار ئەحمەد، سکرتێری یەکێتی ناوەندی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان، بە نەوژینی راگەیاند؛ هەمو ئامادەکاریەکان بۆ دەستپێکردنی پاڵەوانیەتیەکە بەپێی بەرنامەی دیاریکراو کراون و هیچ بەربەستێکمان نییە.
وتیشی: لە سەرجەم شارەکانەوە یانەی بەشداربومان هەیە و داوامان لێکردون هیچ پێشێلکاریەک نەکەن، تاوەکو زۆرترین یاریزان بتوانن سود ببینن.
لەبارەی وەستانی پاڵەوانیەتیەکە، لە ماوەکانی رابردو د. رزگار مەجید، سەرۆکی یەکێتیی ناوەندیی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان، بە نەوژین ـی راگەیاندبو: چونکە بودجەی لیژنەی ئۆڵۆمپی بڕدراوە، بۆیە ناتوانین پاڵپشتیی دارایی هیچ چالاکییەک بکەین.