* نەوژین
تێکچونی هاوسەنگی هۆرمۆنەکان لە خانماندا یەکێکە لە کێشە باوەکان کە بەشێکی زۆری خانمان لە قۆناغە جیاوازەکانی ژیانیاندا دوچاری دەبنەوە. هۆرمۆنەکانی (ئیسترۆجین) و (پڕۆجیسترۆن) ئەو دو هۆرمۆنە سەرەکییەن کە زۆرترین گۆڕانکارییان بەسەردا دێت، ئەمەش کاریگەری راستەوخۆ لەسەر لایەنە جەستەیی و دەرونییەکانی خانمان دروست دەکات.
لەمبارەیەوە، د.هەوار سلێمان، پزیشکی پسپۆڕی ژنان و مناڵبون و نەزۆکی ژنان، چەند زانیاریەکی لەبارەی هۆکارەکانی تێکچونی هۆرمۆن نیشانەکان و چارەسەر بڵاوکردوەتەوە.
هۆکارەکانی تێکچونی هۆرمۆن
گۆڕانکاری لە رێژەی هۆرمۆنەکانی خانماندا دەکرێت لە چەند کاتێکی تایبەتدا روبدات، وەک: پێش یان دوای سوڕی مانگانە، لە کاتی دوگیانیدا، یان لە قۆناغی نەمانی سوڕی مانگانەدا (تەمەنی نائومێدی).
جگە لەم خاڵانە، چەند هۆکارێکی تریش هەن وەک: قەلەقی و بێتاقەتی بەردەوام، کەمخەوی و خواردنی رۆژانەی ناتەندروست، قەڵەوی و کەمی جوڵە و وەرزش، تێکچونی هۆرمۆنەکانی تری لەش وەک غودە، هەروەها بونی نەخۆشییەکی وەک شەکرەن و بەکارهێنانی هەندێک جۆری دەرمان.
نیشانەکانی ناهاوسەنگی هۆرمۆنی
کاتێک ناهاوسەنگی دروست دەبێت، چەند نیشانەیەک دەردەکەون، لەوانە: بونی ئازار و خوێنی زۆر لە کاتی سوڕی مانگانەدا، وشکبونەوەی دامێن، هەستکردن بە گەرما و ئارەقکردنەوە لە شەودا، رەقبون و ئازاری مەمک، دروستبوونی زیپکە، بەتایبەت پێش و دوای سوڕی مانگانە، زیادبون و رەقبونی موی دەموچاو و هەندێک شوێنی جەستە، کەمبونی توانای سێکسی و گۆڕانی میزاج، پوکانەوە و فشەڵبونی ئێسک و سکچون یان قەبزبون.
رێگاکانی چارەسەر
رێنماییکردنی خانمان بە گۆڕینی ستایلی ژیانیان، چارەسەر بە دەرمان و چارەسەری کلینیکی و ئەنجامدانی هەندێک وەرزشی تایبەت.