ئەو پیاوەی خوشکی هاوسەرەکەی کوشت و هاوسەر و خەزوریشی بریندارکرد دەستگیرکرا
ھەواڵ
2026/08/31 , بینین : 56


* نەوژین

پۆلیسی هەولێر دەستگیرکردنی ئەو تۆمەتبارەی راگەیاند، کە دوێنی بە دەستڕێژی گوللە خوشکی هاوسەرەکەی کوشت، هاوسەرەکەی و خەزوریشی بریندار کرد.

پاشنیوەڕۆی دوێنێ، یەکشەممە، ٣٠ـی ئاب، لە گەڕەکی ٩٩ـی زانکۆ لە شاری هەولێر، پیاوێک بە چەک هێرشی کردە سەر ماڵی خەزوری و دەستڕێژی گوللەی لێکردن، لە ئاکامی دەستڕێژیەکە خوشکی هاوسەرەکەی گیانی لەدەستدا و هاوسەرەکەی و خەزوریشی بریندار بون، کە لە ئێستادا خەزوری بەهۆی برینەکانی پێویستی بە نەشتەرگەری هەیە و هاوسەرەکەشی هێشتا لە نەخۆشخانە لە ژێر چاودێری پزیشکدایە.

نەوژین زانیویەتی هۆکاری روداوەکە، پەیوەندیدار بوە بە دانیشتنێکی دادگا کە دوێنێ دەربارەی جیابونەوەی ئەو دو هاوسەرە لە دادگای هەولێر ئەنجامدراوە.

لەبارەی روداوەکە، پۆلیسی هەولێر درەنگانی شەوی رابردو، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا دەستگیرکردنی تۆمەتباری سەرەکی راگەیاند کە دوای روداوەکە هەڵهاتبو و وتیشی: لێکۆلینەوە لەسەر روداوەکە بەردەوامی دەبێت و رێکاری یاسایی لەدژی دەگیرێتەبەر.

زۆرترین بینراوەکان