* نەوژین، شنۆ نوری
لەو کچانەی بە ئیرادە و کۆڵنەدان توانیویانە لە کۆمەڵگادا رێڕەوی وەرزشیی کچان بگۆڕن، ناوی 'سروشت عومەر' وەک نمونەیەکی سەرکەوتو دیارە؛ ئەو دوای ساڵانێک لە یاریكردن و بەدەستهێنانی نازناوی پاڵەوانێتی، ئێستا لێهاتویی خۆی خستوەتە خزمەتی پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ و سەرپەرشتیاری گەورەترین ئەکادیمیای تایبەت بە تۆپی پێی کچان دەکات لە کوردستان و عێراق.
لە یاریزانێکی پاڵەوانەوە بۆ راهێنەرێکی ئەکادیمی
سروشت عومەر، ٢٦ ساڵ و دانیشتوی شاری سلێمانی، دەرچوی بەشی زانستە رامیارییەکانی زانکۆی سلێمانییە و ئێستا خوێندکاری بەشی پەروەردەی بنەڕەت ـ زمانی ئینگلیزییە بۆ بەدەستهێنانی دوەمین بڕوانامەی بەکالۆریۆس، خولیای وەرزش لە تەمەنێکی زوەوە لەگەڵی بوە و نزیکەی دە ساڵە لەناو دنیای تۆپی پێدایە. لەم ماوەیەدا شەش ساڵ وەک یاریزان یاری کردوە و توانیویەتی دو جار نازناوی پاڵەوانی خولی فوتساڵی کوردستان بەدەستبهێنێت.
هەروەها لەگەڵ چوار یانەی ناسراوی کوردستان و عێراق یاری کردوە کە بریتیین لە یانەکانی: ئافرۆدێت، ئافرەتانی هەولێر، سیروانی نوێ و نەفت میسان. دوای ئەم قۆناغە، بڕیاری دا ئەزمون و شارەزاییەکانی بگوازێتەوە بۆ نەوەی نوێ و ئێستا زیاتر لە چوار ساڵە وەک راهێنەر و سەرپەرشتیار لە ئەکادیمیای Future Stars کار دەکات
Future Stars... خەونی ئەستێرەکانی داهاتو
ئەکادیمیای Future Stars کە تەمەنی چوار ساڵە، لە سەرەتای دامەزراندنیەوە سروشت وەک سەرپەرشتیار تێیدا کاردەکات. بە وتەی سروشت، ئامانجی ناونانی ئەکادیمیاکە بە «ئەستێرەکانی داهاتو» ئەوەیە کە "فێرخوازەکانی ئێستا ببنە ئەستێرەی داهاتوی کوردستان و عێراق". ئەکادیمیاکە ئێستا گەورەترین دامەزراوەی تایبەتە بە فێرکردنی تۆپی پێ بۆ کچان و تەنها لە وەرزی هاویندا، لە سێ لقی جیاوازدا نزیکەی ٢٠٠ فێرخوازی کچ لە تەمەنی ٦ تا ١٦ ساڵ راهێنان وەردەگرن.
بە وتەی سروشت، "جیاوازی ئەکادیمیاکە تەنها لە فێرکردنی تەکنیک و راهێنانی جەستەییدا نییە، بەڵکو لە دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام و پشتگیر بۆ یاریزانەکاندایە، چونکە ئاسودەیی دەرونی کلیلە بۆ ئەوەی یاریزان باشترین ئاستی خۆی نیشان بدات". هەروەها دەرگای ئەکادیمیاکەیان بۆ هەمو کچێک کراوەیە و هیچ تاقیکردنەوەیەکی سەرەتایی بۆ وەرگرتن نییە، ئەو دەڵێت: "وەرزش بۆ هەموانە و هەر کچێک حەزی هەبێت وەریدەگرین و دواتر بەپێی بەهرەکەی رێنمایی دەکەین".
لارا و مارتیا... شانازییەکی گەورە
لە نێوان هەموو دەستکەوتەکاندا، سروشت گەورەترین شانازی خۆی لە گەیاندنی دو فێرخواز بە هەڵبژاردەی عێراق دەبینێت. لارا رەنج و مارتیا مەهدی، دو یاریزانی گەنجن کە لە ئەکادیمیای Future Stars دەستیان پێکردوە و ئێستا درێسی هەڵبژاردەی عێراقیان لەبەردایە.
بەربەستەکان و پشتگیری خێزان
سروشت عومەر، دەڵێت: "سەرەتای رێگاکە ئاسان نەبو، گەورەترین ئاستەنگم بیروباوەڕی کۆمەڵگا بو کە تۆپی پێی بە تایبەت بۆ کوڕان دەزانێت، بەڵام سوربونم لەسەر ئامانجەکەم و پشتگیری خیزانەکەم وایکرد تیمێکی بچوک بکەمە گەورەترین تیمی کچان لە کوردستان.