* نەوژین
کۆژان قادر، دانیشتوی شاری رانیە، چەند ساڵێکە لە بوارى وێنەکێشان و تابلۆی زەیتی و ئەکریلیکدا کار دەکات، پێیوایە، تەکنەلۆژیا لە هونەردا هیچ کاتێک ناتوانێت جێگەی کاری دەستی بگرێتەوە.
کۆژان، کارە هونەرییەکانی بە حەز و خۆشەویستی دەستپێکردوە و بە تێپەڕبونی کات کردویەتی بە پیشە. ئەو دەرچوی بەشی کۆمپیوتەرە و خوێندنی ئەکادیمی هونەری نەبوە، تەنها لەڕێگەی تاقیکردنەوەی بەردەوام، خوێندنەوە و سودوەرگرتن لە ئینتەرنێت و کارەکانی هونەرمەندان تواناکانی پەرە پێداوە، بە باوەڕی ئەو "راهێنان هۆکاری سەرەکییە بۆ گۆڕینی بەهرە بۆ توانای پیشەیی".
تابلۆ بۆ ماڵ و ئۆفیس؛ جیاوازی و تایبەتمەندی
کۆژان تاوەکو ئێستا چەندین تابلۆی بۆ ئۆفیس و ماڵەکان کێشاوە، لە کارەکانیدا گرنگی بە شوێنی دانانی تابلۆکان دەدات؛ بۆ ئۆفیسەکان هەوڵ دەدەم رەنگ و هاوسەنگییەک دروست بکەم کە وزەی ئەرێنی و ئارامی ببەخشێت، لە کاتێکدا لە تابلۆی ماڵدا ئازادترم بۆ دەربڕینی کەسایەتی و هەستی خاوەن ماڵەکە.
لە بەراوردکردنی تابلۆی دیجیتاڵیش دا، کۆژان ، پێی وایە "تەکنەلۆژیا تەنها بۆ بیرۆکەسازی باشە، بەڵام جێگای هەستی راستەقینەی کارکردن لەسەر کانڤاس ناگرێتەوە".
تەکنیک و ئاستەنگەکان
ئەم کچە بەهرەمەندە بە وتەی خۆی، زیاتر رەنگی ئەکریلیک و کانڤاس بەکاردەهێنێت بۆ ئەوەی ئازادیی لە چینی رەنگەکاندا هەبێت. لەڕوی ئاستەنگەکانیشەوە، باسلەوەدەکات: سەلماندنی هونەر وەک کارێکی پیشەیی لە کۆمەڵگەدا کاتی پێویست بو، بەڵام پشتگیری خێزانەکەم و متمانە بەخۆبونم هۆکار بون بۆ بەردەوامبونم.
بەکارهێنانی سۆشیال میدیا و پلانی داهاتو
لە ئێستادا زیاتر پشت بە سۆشیاڵمیدیا دەبەستێت بۆ ناساندنی کارەکان و پەیوەندیکردن لەگەڵ کڕیاران و دروستکردنی براندی کەسی. بەڵام لە پلانیدا هەیە کارە هونەرییەکانی بکاتە پڕۆژەیەکی گەورەتر و پێشانگای تایبەتی خۆی بکاتەوە.
لە کۆتاییش دا پەیامی بۆ کچە گەنجە هونەرمەندەکان ئەوەیە کە "بەهرەکانیان پشتگوێ نەخەن، دەست پێبکەن، لە هەڵەکان فێر بن و بەردەوام هەنگاو بنێن".