گەرمیان؛ لەمساڵدا حاڵەتێکی کوشتن و دو حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان تۆمارکراوە
ھەواڵ
2026/08/16 , بینین : 43


* نەوژین

بەپێی ئامارێکی تایبەت کە نەوژین لە پۆلیسی گەرمیانەوە دەستی کەوتوە، لە سەرەتای ئەمساڵەوە تاوەکو ئەمڕۆ، یەک حاڵەتی کوشتن و دو حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان لە سنوری ئیدارەکە تۆمارکراون.

روداوی کوشتنەکە رۆژی ٢٧ـی مانگی تەمموز بوە، کاتێک ژنێک لەلایەن هاوسەری پێشویەوە بە چەقۆ کوژرا، بەپێی لێدوانی عەقید؛ سۆران حەمە غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان بۆ 'نەوژین'، وردەکاری روداوەکە بەمشێوەیە بوە؛ هاوسەری پێشوی ئەو ژنە لەکاتی ئیفادەدا دانی بەوەدا ناوە؛ "دوای ئەوەی بە مەبەستی گفتوگۆکردن دەربارەی ژیان و مناڵەکانمان چوینە دەرەوە بۆ چەمی سیروان، دەمەقاڵێ لەنێوانمان دروست بو و هەر لەوێ بە چەقۆ هێرشم کردە سەری و کوشتم".

حاڵەتەکانی خۆکوشتن

هەر بەپێی ئامارەکانی پۆلیسی گەرمیان، لەمساڵدا، دو حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان تۆمارکراوە، یەکەمیان روداوی خنکانی کچێکی تەمەن ٣٢ ساڵ بو لە ناحیەی پێباز، کە شەوی ١١ـی ئاب، تەرمەکەی بە هەڵواسراوی لە مەتبەخی ماڵەکەیان دۆزرایەوە و پۆلیس لەبارەیەوە بە نەوژینی وت: بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و شوێنەوارەکانی شوێنی روداوەکە، حاڵەتەکە "خۆخنکاندن بو بە پەت".

حاڵەتی دوەمیش هەر لەم مانگەدا رویدا، رۆژی ١٣ـی ئاب، تەرمی ژنێکی تەمەن ٩٣ ساڵ، گەیەنرایە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی شەهید هەژار، کە بە خنکان گیانی لەدەستدابو، لەبارەی وردەکاری ئەم روداوەش، پۆلیس رایگەیاند: "روداوەکە خۆ خنکاندن بو".

بەمپێیە، لەماوەی حەوت مانگ و نیوی ئەمساڵدا، یەک حاڵەتی کوشتن و دو حاڵەتی خۆکوشتنی ژنان لە سنوری ئیدارەی گەرمیان تۆمارکراون.

زۆرترین بینراوەکان