* نەوژین
شەوی رابردو، تەرمی کچێک ماڵەکەی خۆیدا لە گەڕەکی ئاشتی لە ناحیەی پێباز، بە هەڵواسراوی دۆزرایەوە، پۆلیسی گەرمیان لەڕێگەی نەوژینەوە وردەکاری روداوەکە ئاشکرا دەکات.
عەقید سۆران حەمە غەریب، وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان، لە لێدوانێکدا بۆ 'نەوژین' وردەکاریی روداوەکەی خستەڕو و رایگەیاند: "کاتژمێر ١٠:٠٠ـی شەوی رابردو، ئێمە لە روداوەکە ئاگادار کراینەوە، هێزەکانمان دەستبەجێ گەیشتنە شوێنی روداوەکە، بە فەرمانی دادوەریش لێکۆڵینەوە لە روداوەکە دەستی پێکردوە".
وتەبێژی پۆلیسی گەرمیان سەبارەت بە چۆنیەتی روداوەکە و دۆخی خێزانیی قوربانییەکە وتی: "کچەکە لەدایکبوی ساڵی ١٩٩٤، هاوسەرگیری نەکردبو و لەگەڵ دایک و باوکی دەژیا. لەکاتی روداوەکەدا دایکی لە ماڵ نەبوە و لە مەتبەخەکەدا خۆی خنکاندوە".
عەقید سۆران ئاماژەی بەوەش کرد، کە بەپێی لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و شوێنەوارەکانی شوێنی روداوەکە، حاڵەتەکە "خۆخنکاندنە بە پەت"، ئیفادەی سەرەتایی لە کەسوکاری وەرگیراوە، بەڵام هیچ کەس دەستگیرنەکراوە. هەروەها ئەوەی خستەڕو کە ناوبراو پێشتر هیچ سکاڵایەکی تۆمار نەکردوە و بەقسەی کەسوکاریشی هیچ کێشەیەکی نەبوە، جەختیشی لەوە کردەوە کە لێکۆڵینەوەکان لەم بارەیەوە بەردەوام دەبن.
لەماوەی حەوت مانگی ئەمساڵدا، ئەمە یەکەم روداوی خۆکوشتنی ژنانە لە سنوری ئیدارەی گەرمیان تۆمارکرابێت، هەروەک یەک روداوی کوشتنی ژنانیش تۆمارکراوە.