ئەو ئەفسەر و پۆلیسانەی دەستدرێژییان کردە سەر ژنە راگیراوێک ١٠ ساڵ بەند دەکرێن
ھەواڵ
2026/08/12 , بینین : 44


* نەوژین

وتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند: سزای ١٠ ساڵ زیندانی و دەرکردن لە کارەکەیان بۆ ئەفسەرێک و سێ کارمەند دەرچوە، بەهۆی دەستدرێژیکردنە سەر ژنە راگیراوێک.

عەقید محەمەد عەلی حەسون، لە راگەیەنراوێکدا دەڵێت: سزای ١٠ ساڵ زیندانیکردن و دەرکردن لە کارەکەیان بۆ ئەفسەرێک و سێ کارمەند دەرکرا، ئەمەش لەسەر کەیسی دەستدرێژیکردنە سەر ژنە دەستگیرکراوێک لەناو گرتنگەی یەکێک لە بنکەکانی پۆلیس لە پارێزگای دیوانییە.

رونیشیکردەوە: تەواوی رێکارە یاساییەکان دژی تێوەگلاوان گیراونەتەبەر و وەزارەتی ناوخۆ بەرامبەر هیچ جۆرە سەرپێچی و پێشێلکارییەک کەمتەرخەم نابێت.

سەرەتای ئەم مانگە هەواڵی دەستگیرکردنی ئەفسەرێک بە پلەی نەقیب و رێپێدراوێک و دو پۆلیس بڵاوبویەوە، پاش ئەوەی دەرکەوتوە دەستدرێژیی سێکسییان کردوەتە سەر ژنە راگیراوێکی تەمەن ٢٦ ساڵ، بەشێوەیەک چەند جارێک کامیرەکانی چاودێرییان کوژاندوەتەوە و ژنەکەیان هێناوەتە ژوری ئەفسەرەکە و دەستدرێژییان کردوەتەسەر.

زۆرترین بینراوەکان