زاخۆ؛ ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە کوژرا
ھەواڵ
2026/08/10 , بینین : 47


* نەوژین

 لە قەزای زاخۆ، ژنێک لەلایەن هاوسەرەکەیەوە بە چەقۆ کوژرا؛ پۆلیس دەڵێت: تۆمەتبارمان بەپێی ماددەی '٤٠٥' لە یاسای سزادان، دەستگیرکردوە.

بەگوێرەی زانیارییەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی زاخۆ، روداوەکە لە گەڕەکی کارێز لە نزیک کاتژمێر ٦ـی ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، تۆمار کراوە؛ تێیدا تۆمەتبارێک بە ناوی (ی،خ،م) تەمەن ٤٤ ساڵ، بە چەقۆ هێرشی کردوە و هاوسەرەکەی بە ناوی (د،ع) تەمەن ٣٦ ساڵ کوشتوە، هەروەها کەسێکی دیکەی بە ناوی (ح،ع،م) تەمەن ٥٢ ساڵ بریندار کردوە.

پۆلیس دەشڵێت: دەستبەجێ تیمە تایبەتەکانی لێکۆڵینەوەی پۆلیس گەیشتونەتە شوێنی روداوەکە و رێکارە پێویستەکانیان ئەنجام داوە. تۆمەتبار لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستبەسەر کراوە و بە بڕیاری دادوەر، لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکە بەپێی ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی دەست پێ کردوە.

ماددەی ٤٠٥ لە یاسای سزادانی عێراقی تایبەتە بە تاوانی "کوشتنی بەمەبەست"؛ بەپێی ئەم ماددەیە، هەر کەسێک بە مەبەست و بەبێ ئەوەی پێشوەختە پیلانێکی  بۆ دانابێت کەسێکی دیکە بكوژێت، سزاکەی بریتی دەبێت لە زیندانیکردنی هەمیشەیی یان کاتی (بە پێی بارودۆخ و بڕیاری دادوەر).

زۆرترین بینراوەکان