* نەوژین
چالاکوانێکی بواری مافەکانی ژنان، بە توندی رەخنە لە هاوسەرگیری مسیار دەگرێت و پێی وایە ئەم جۆرە هاوسەرگیریە دەبێتە هۆی ئەوەی ژن تەنها وەک بوکەشوشەیەکی سێکسی سەیر بکرێت، جەختیشدەکاتەوە: "ژنان دەبێت هەڵوێستی رونیان هەبێت و لە ئەنجامدانی دوربکەونەوە".
هاوسەرگیریی مسیار چییە؟
مسیار (یان نکاح المسیار) جۆرێکە لە گرێبەستی هاوسەرگیری کە تێیدا ژن و پیاو رێککەوتن دەکەن لەسەر ئەنجامدانی پرۆسەکە بە مەرجێک ژنەکە دەستبەرداری هەندێک لە مافە سەرەکی و یاساییەکانی بێت کە لە هاوسەرگیریی ئاساییدا هەن؛ دیارترینیان بریتین لە نەفەقە (خەرجی)، دابینکردنی لانە (نیشتەجێبون) و مافی هاوبەشی بەردەوام.
لەم جۆرە پەیوەندییەدا، پیاوەکە هیچ بەرپرسیاریەتییەکی ئابوری و ماڵی لەسەر نییە بەرامبەر بە ژنەکە و پێکەوەژیانی هەمیشەیی و خێزانی بونی نییە، بەڵکو پەیوەندییەکە تەنها لەسەر بنەمای ئەنجامدانی کردەی سێکسی لەکاتی پێویستدا دەسوڕێتەوە، کە زیاتر بە خواست و پێویستیی پیاوەکە رێک دەخرێت نەک بنیادنانی بنەمایەکی هاوبەشی درێژخایەن بۆ داهاتو.
جیاوازی هاوسەرگیری ئاسایی و مسیار
هاوژین زیبا، چالاکوانی بواری مافەکانی ژنان، لەبارەی پێناسەی راستەقینەی هاوسەرگیرییەوە دەڵێت: "هاوسەرگیری بریتییە لەو رێککەوتنە ویژدانی، ئەخلاقی و مرۆییەی کە ژن و پیاو لە دۆخێکی ئازاد و یەکساندا یەکتر بۆ پێکەوەژیان هەڵدەبژێرن. هاوسەرگیری نە کاتییە، نە یەکلايەنەیە و نە کردەیەک بۆ چەند کاتژمێر یان چەند رۆژێکە".
ئەو پێیوایە کە مسیار ناوەڕۆکی راستەقینەی هاوسەرگیری، کە بریتییە لە پێکەوەژیان و هاوبەشیەتیی، دەگۆڕێت بۆ کردەیەکی کاتیی سێکسی کە زۆرینەی کاتەکان لەژێر خواست و ئارەزوی پیاودایە، جەختیشدەکاتەوە، کە ئەم جۆرە پەیوەندییە هیچ بنەمایەکی راستەقینە لەخۆ ناگرێت و تەنها لە چوارچێوەی سێکسێکی کاتیدایە.
هاوژین زیبا، باسلەوەشدەکات کە ژنان دەبێت هەڵوێستی رونیان هەبێت و ملکەچی ئەو جۆرە دۆخانە نەبن، کە تێیدا وەک بوکەشوشەی سێکسی مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت. ئەو پێیوایە کە پەرەپێدانی ئەم دیاردەیە نیشانەی دواکەوتویی کۆمەڵگایە و ئاماژەیە بۆ پێویستیی فەراهەمکردنی ئابورییەکی سەربەخۆ بۆ ژنان، تاوەکو ناچار نەبن جەستەی خۆیان لە پێناو دەستکەوتی کاتیدا بخەنە مەترسییەوە.
رێگاکانی چارەسەر
ناوبراو جەختدەکاتەوە کە کۆمەڵگا پێویستی بە هۆشیاری و پاکبوونەوە لەو دیاردە و خورافیاتانە هەیە کە لەژێر پەردەی ئاییندا ماف و شکۆی مرۆڤ دەشکێنن. ئەو بانگەواز بۆ ئەوە دەکات کە ژنانی کورد دەبێت بەهێز و بەخۆباوەڕ بمێننەوە و ژیانی هاوبەشی خۆیان لەسەر بنەمای رێزگرتن، هاوسەنگی و ئایندەبینیی درێژخایەن لەگەڵ هاوبەشێکی شیاودا بنیاد بنێن.