* نەوژین، بەنان فاروق
نەسرین ئەحمەد، بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانی، لە دیدارێکی تایبەتی ماڵپەڕی نەوژین دا، باسی ئەزمونی دورودرێژی کارگێڕی، ئاڵەنگارییەکانی وەرزی وەرگرتنی گەنم و چۆنیەتی بڕینی قۆناغەکانی سەرکەوتنی خۆی دەکات وەک ژنێک لە بەڕێوەبردنی دەزگایەکی گرنگی ئابوریی وەک سایلۆکاندا، دەشڵێت: لە ماوەی کارکردنمدا دەرفەتی کارگێڕیم داوەتە چەندین ژنی بەتوانا تا پێگەی خۆیان لە بەرپرسیارێتیدا بسەلمێنن.
نەسرین ئەحمەد، تەمەن ٥٨ ساڵ، لەدایکبوی گەڕەکی مەڵکەندی شاری سلێمانییە. هاوسەردارە و دایکی سێ مناڵە. خاوەنی بڕوانامەی پەیمانگەی بازرگانی و بەکالۆریۆسە لە ژمێریاریدا. لە ئێستادا بەڕێوەبەری سایلۆکانی پارێزگای سلێمانییە، کە شەش سایلۆی سەرەکی لەخۆدەگرێت: (سلێمانی، هەڵەبجە، سەیدسادق، چەمچەماڵ، پیرەمەگرون و رانیە).
* چۆن گەیشتیتە ئەم پۆستە و چەندە لەم بەرپرسیارێتییەدا بەردەوامیت؟
وەرگرتنی ئەم بەرپرسیارێتییە بەرهەمی ساڵانێک لە کارکردن و بەدەستهێنانی ئەزمونی کارگێڕی بو لە بەشە جیاوازەکاندا. دوای تەواوکردنی خوێندنم لە بەشی بازرگانی لە ساڵی ١٩٨٧، لە کارگەی درومانی سلێمانی (ئەلبیسە) وەک فەرمانبەری ژمێریاری و لێکۆڵینەوە دەستبەکار بوم تا ساڵی ٢٠٠٦. دواتر چومە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پیشەسازیی سلێمانی و کارم لە بەشی یەکلاکردنەوەی مامەڵەی کارگەکاندا کرد.
لە ساڵی ٢٠١١ گوازرامەوە بۆ بەڕێوەبەرایەتیی کۆمپانیاکانی سلێمانی وەک ژمێریار و بەڕێوەبەری بەش تا ساڵی ٢٠٢٤. دوای ئەوە لەسەر بنەمای چالاکی و ئەزمونی کارکردنم، وەک بەڕێوەبەری سایلۆکانی سلێمانی دەستنیشانکرام و ماوەی دو ساڵە ئەم ئەرکە بەڕێوە دەبەم.
* رۆژانە لە سایلۆکان خەریکی چین و قەبارەی کارەکەتان چەندەیە؟
ئەرکی سەرەکیی ئێمە خزمەتکردنی جوتیارانی دەڤەرەکەیە، ساڵانە لە وەرزی دروێنەدا، لە شەش ناوچەکەوە گەنمی جوتیاران لە سایلۆکان وەردەگرین و لەڕێگەی حکومەتی فیدراڵییەوە شایستە داراییەکانیان بۆ دابین دەکەین. ئەرکی دوەممان بریتییە لە رادەستکردنی گەنم بە ئاشەکان، تا ئاردی پێویست بۆ بەشەخۆراکی مانگانەی هاوڵاتییان (بایەعی) دابین بکرێت.
* کاتێک وتیان ئەم کارە بۆ ژن سەختە، چۆن وەڵامت دانەوە؟
سەرەتا هەندێک بڕوایان وابو بەرپرسیارێتیی سایلۆکان ئاڵۆزە و رەنگە نەتوانم بۆ ماوەیەکی درێژ بەرگە بگرم، بەڵام من بڕوا پێبونێکی تەواوم بە تواناکانی خۆم و تیمی کارەکەم هەبو. ئێستا دوای دو ساڵ لە کارکردنی بەردەوام بە باشترین شێوە و بە هاوکاریی هەموان، سەلماندم کە بە ئەزمون و ئیرادەوە دەکرێت بەسەر هەموو ئاستەنگییەکاندا زاڵ ببین.
* لەناو بەڕێوەبەرایەتییەکەدا کەشی کارکردنتان چۆن دەگوزەرێت؟
فەرمانبەرەکانم کەسانی زۆر شارهزا، تێگەیشتو و دڵسۆزن. من هەمیشە بە گیانی هاوڕێیانە و ئیشی بەکۆمەڵ رەفتاریان لەگەڵدا دەکەم و وەکو یەک خێزان کار دەکەین. نهێنیی سەرکەوتنی کارەکانیشمان لە دروستکردنی کەشێکی پر لە رێز و هاوکاریی دولایەنەدا کورت دەبێتەوە.
* ئەمساڵ لەگەڵ وەرگرتنی گەنمدا چی توشی سەرئێشەی کردن؟
ئاڵەنگاریی سەرەکیی ئەمساڵمان پەیوەست بو بە سیستمی ئەلیکترۆنیی تۆمارکردنی نۆرە پێش هاتنی جوتیاران. بەهۆی ئەوەی بەشێک لە جوتیاران بەتەمەن بون یان راهێنراو نەبون لەسەر تەکنەلۆجیا، ئاستەنگیان بۆ دروست بو؛ ئێمە لە سایلۆکان وەکو ئەرکی خۆمان هاوکاریمان کردن و تیمەکانمان فۆڕمەکانیان بۆ پر دەکردنەوە تا کارەکانیان دوانەکەوێت.
* جوتیاران کاتێک دەبینن بەڕێوەبەرەکە ژنێکە، رەفتاریان چۆنە؟
پەیوەندییەکی زۆر باش و پڕ لە ڕێز لە نێوانماندا هەیە. لەبەر ئەوەی هەمیشە بەپیر داواکارییەکانیانەوە دەچم و کارئاسانییان بۆ دەکەم، بەردەوام دەستخۆشیم لێ دەکەن و لە هەوڵەکانم رازیین.
* هاوکاریکردنت بۆ ژنانی نێو بەڕێوەبەرایەتیەکە چۆنە، ئایا هەوڵتداوە دەرفەتیان پێ بدەیت؟
رێژەیەکی بەرچاو لە فەرمانبەرەکانم ژنن، دەتوانم بڵێم ٧٠٪؛ لە سەردەمی بەڕێوەبردنی من دا، چەندین ژنی لێهاتو و بەتوانام دەستنیشان کردوە بۆ گرتنەبەری پۆستی کارگێڕی و بەرپرسیارێتیی بەشەکان. هەمیشە هانیان دەدەم بە دڵسۆزی کار بکەن تا لە پلە و پۆستەکانیاندا بەرەوپێش بچن.
* لە کۆبونەوە باڵاکاندا بەشدار دەبیت؟ و ئایا دەرفەتت پێ دەدرێت دیدگای خۆت بخەیتەڕو؟
زۆرجار لە کۆبونەوەکاندا ژنانی کەمتر بەشداری دەکەن، بەڵام من هەمیشە بە سەربەرزی و بە متمانەبەخۆبونەوە بەشداریم کردوە، داواکارییەکانم ئاراستە کردوە و بە شێوازێکی پیشەیی پێشنیارەکانم خستوەتەڕو.
* لە پشتی ئەم سەرکەوتنەوە، نەسرین ئەحمەد لە کوێدا باجی داوە؟
بە دڵنیاییەوە خێزانەکەم؛ دایکم و مناڵەکانم. دایکم زۆر ماندو بوە بە بەخێوکردنی مناڵەکانم، مناڵەکانیشم لە تەمەنێکدا لەوانەیە کاتی زیاتریان لەگەڵ مندا پێویست بوبێت، بەڵام لەپێناو دابینکردنی بژێوی و پاشەڕۆژێکی باشتر بۆ ئەوان، ناچار بوم کاتێکی زۆر تەرخانی کارەکەم بکەم.