نادیە موراد کتێبی دوەمی بڵاودەکاتەوە
کلتور
2026/09/17 , بینین : 58


* نەوژین

خانمە ئێزیدی رزگاربوی دەست چەکدارانی داعش؛ نادیە موراد، دوەم کتێبی خۆی بە ناونیشانی: "سەرەتای خۆم هەڵدەبژێرم"، بڵاودەکاتەوە، که‌ تێیدا باسی ژیانی دوای رزگاربونی لەدەست چەکدارانی داعش و خەباتەکەی دەکات بۆ بەدیھێنانی دادپەروەریی.

ئەم کتێبە نوێیە بەردەوامی یاداشتە ناودارەکەی پێشویەتی بە ناوی «کچی کۆتایی»، کە لە ساڵی ٢٠١٧ـدا بڵاویکردەوە و دەنگدانەوەیەکی گەورەی هەبو.

نادیە کە هاوکات باڵیۆزی نیازچاکیی نەتەوە یەکگرتوەکان و هەڵگری خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیە، کتێبی یەکەمی وەک بەڵگەنامەیەکی مێژویی و مرۆیی باسکردن بو لە ژیانی ئارامی پێشوی لە گوندی کۆجۆی شنگال، کارەساتی دڵتەزێنی جینۆسایدی ئێزیدییەکان لەلایەن چەکدارانی داعشەوە لە ساڵی ٢٠١٤، ئەزمونی تاڵی دیلبون و کۆیلەکردن و پاشان چیرۆکی سەرکەوتوی هەڵاتن و رزگاربونی.

لە کتێبی دوەم دا، نادیە باس لە دەیەی رابردوی ژیانی دەکات و تیشکدەخاتە سەر کارە نێودەوڵەتییەکانی لە باری مافەکانی مرۆڤ دا، دیدار و کۆبونەوەکانی لەگەڵ سەرکردە و بڕیاربەدەستانی جیهان بۆ دادپەروەریی، هەروەھا هەوڵەکانی بۆ گەڕانەوە بۆ سەر رێڕەوی ژیانی ئاسایی کە خۆی لە خوێندن، هاوڕێیەتی، خۆشەویستی و پێکهێنانی خێزاندا دەبینێتەوە.

زۆرترین بینراوەکان