سیما پاشماوەی کارگەکان دەکاتە سەرچاوەی ژیانی درەختەکانی هەڵەبجە
ئەزمونی من
2026/07/05 , بینین : 41


* نەوژین، فاتیمە فاروق

لە کاتێکدا زۆرینەی خەڵکی پاشماوەی کارگەکان وەک بێزارکەر و زیانبەخش دەبینن، کچێکی گەنجی پارێزگای هەڵەبجە توانیویەتی لەڕێگەی بیرۆکەیەکی داهێنەرانەوە، ئەو پاشماوانە بگۆڕێت بۆ سەرچاوەیەکی ژیان و گەشە بۆ درەخت و روەکەکان. پڕۆژەکە ماوەی دو ساڵە بەردەوامە و دەڵێت کەوا خەونی گەورەتریشی بۆ داهاتوی هەیە.

بیرۆکەکە لەڕێگای زانکۆ و پەیمانگاوە لەدایکبوە

سەرەتای بیرۆکەکە لەو رێگایەوە هات کە رۆژانە دو خوشک بۆ خوێندن و دەوام دەیانبڕی؛ کاتێک سیما لە پەیمانگا بو و خوشکەکەی لە زانکۆ. لەسەر رێگای چون و هاتنیاندا بۆ ناوەندەکانی خوێندنیان، کارگەیەکی زۆر هەبون.

لە وەرزی پایزدا، توێکڵە هەنارێکی زۆر لەسەر رێگاکە دەڕژا و بەهۆی بۆن و دیمەنەکەیەوە سیمایەکی ناشرینی بە شارەکە دەبەخشی، بە شێوەیەک کە میوانانی شارەکەش لێی بێزار دەبون. ئەم دیمەنە نەبوە هۆی کۆڵدانیان، بەڵکو بوە سەرەتایەک بۆ لەدایکبونی پڕۆژەیەکی گەورەی ژینگەیی و کشتوکاڵی.

سیما سامان، خاوەنی پڕۆژەکە، بۆ نەوژین باسی لە دەستپێکردنی کارەکەی دەکات و دەڵێت: "کاتێک میوان دەهاتە شارەکە، لەو دیمەن و بۆنە بێزار دەبو، ئیتر بیرۆکەکەمان بۆ هات کە ئەو توێکڵانە و پاشماوەکانی دیکەی کارگەکان سەرلەنوێ بەکاربهێنینەوە و بەرهەمی بەسودیان لێ دروست بکەین".

سیما دەڵێت کەوا بە هاوکاری خوشکەکەی و پاڵپشتی بەردەوامی خێزانەکەی، توانیویەتی قۆناغە سەختەکانی سەرەتای پڕۆژەکە ببڕێت.

پرۆسەی بەرهەمهێنان؛ ٤٠ رۆژ کار و ماندوبونی بەردەوام

ئەم پڕۆژەیە لە ئێستادا پێنج جۆر پەینی جیاواز و سروشتی بۆ (گوڵ، درەخت، بەرهەمی کشتوکاڵی، چیمەن، و بەهێزکردنی قەد و رەگ و گەڵا) بەرهەم دەهێنێت. پرۆسەکە بە تەواوی بەدەست ئەنجام دەدرێت و پێویستی بە چاودێرییەکی ورد و زانستی هەیە.

سیما دەربارەی پێکهاتەکان و شێوازی کارکردنیان رونکردنەوەی دا: "مادەکان لە پاشماوەی کارگەکان، شیرینیخانەکان و باخچەکانی هەڵەبجە کۆدەکەینەوە. پێکهاتەکان بریتین لە: بەری درەخت، گەڵای وشکبو، بەری سنەوبەر، پاشماوەی زەیتی زەیتون، سرکە، سێو، رەشکە، کونجی و توێکڵی هێلکە".

ئاماژەی بەوەش کرد کە پڕۆسەکە کاتی زۆری دەوێت: "ئەم مادانە دەبێت تیشکی خۆریان لێبدرێت، شێ و ئاویان پێبدرێت و سێ رۆژ جارێک ئاودێری بکرێن، تاوەکو دوای ٤٠ رۆژ لە چاودێری بەردەوام، پەینەکە بە تەواوی ئامادە دەبێت بۆ بەکارهێنان".

"بازاڕ ژەهر دەفرۆشێت، ئێمە دۆستی ژینگەتان پێشکەش دەکەین"

کاتێک باسی جیاوازی بەرهەمەکەیان دەکرێت لەگەڵ ئەو پەینە کیمیاییانەی لە بازاڕدا هەن، سیما بە متمانەیەکی تەواوەوە دەڵێت: "جیاوازی ئێمە ئەوەیە کە بازاڕ ژەهری کیمیایی دەفرۆشێت، بەڵام ئێمە مادەیەکی تەواو سروشتی و دۆستی ژینگە بەرهەم دێنین کە هیچ زیانێکی لاوەکی نییە".

بەڵام رێگای سەرکەوتنی ئەم کچە گەنجە فەرشی سوری بۆ رانەخرابو. ئەو دەڵێت: "دەستپێکی کارەکە ئاسان نەبو؛ پارەم لەبەردەستدا نەبو و تەنها زانیاریمان کۆدەکردەوە. چواردەورم، جگە لە خێزانەکەم، هەمویان گاڵتەیان بە بیرۆکەکەمان دەکرد، بەڵام بە پاڵپشتی خێزانەکەم بەردەوام بوم. کڕیاریشم خۆم دۆزییەوە؛ مەشتەل بە مەشتەل دەگەڕام و ریکلامم بۆ بەرهەمەکە دەکرد، تا دواجار توانیم متمانەی بازاڕ بەدەست بهێنم".

ئاستەنگەکان و خەونێک بۆ گەیشتن بە عێراق و جیهان

سەربارەی ئەوەی بە وتەی سیما، رێکخراوێک پاڵپشتی سەرەتایی پڕۆژەکەی کردوە، بەڵام هێشتا رێگاکە بێ کۆسپ نییە. لە ئێستادا پڕۆژەکە کێشەی کەمی ئامێری پێویست، کەمی مادەی خاو و کێشەی هاتوچۆی هەیە، بەتایبەت بۆ کۆکردنەوەی پاشماوەکان لە شوێنە جیاواز و دورەکاندا.

دیدی سیما بۆ داهاتو زۆر لە سنوری پڕۆژەیەکی ناوخۆیی بچوک گەورەترە، هیوایەکی گەورەی هەیە و دەڵێت: "ئامانجم ئەوەیە لە داهاتودا ئەم پڕۆژەیە بکەمە کارگەیەکی گەورە و ببێتە براندێکی ناوخۆیی ناسراو لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق. دەمەوێت بازاڕی بەرهەمە هاوردەکراوەکان بشکێنم کە هیچ کەڵکێکیان نییە و پاشماوەی وڵاتانی دیکەن".

لە کۆتاییدا پەیامێکی بەهێز ئاراستەی دەرەوە دەکات و دەڵێت: "دەمەوێت بە جیهانی دەرەوە بڵێم کە ئێمەی کچان لێرە دەتوانین براندی سروشتیی خۆمان دروست بکەین و پێویستمان بە بەرهەمی هاوردەکراوی دەرەوە نەبێت".

زۆرترین بینراوەکان