کەیسی گێچەڵکردنی د. عەبدوللەتیف؛ کچانی خوێندکار روبەڕوی فشاری جیاواز دەبنەوە
2026/06/23 , بینین : 60


* نەوژین

بڵاوبونەوەی تۆمارە دەنگییەکانی ناو کۆلێژی زانستە ئیسلامییەکانی زانکۆی سلێمانی، کە تێیدا تۆمەتی بێزارکردنی کچان ئاراستەی د. عەبدوللەتیف ئەحمەد دەکرێت، پێشهاتی نوێی لێکەوتوەتەوە؛ کێشەکە تەنها لە خودی تۆمەتی "گێچەڵپێکردنی سێکسی بە کچانی خوێندکار"ـدا نەماوەتەوە، بەڵکو داواکارییەکەی ناوبراو بۆ "ئامادەبونی باوکی کچەکان" وەک مەرجێک بۆ سەلماندنی راستی کێشەکە، لەلایەن چالاکوانانەوە وەک پێشێلکردنی سەربەخۆیی یاسایی ژنان، بەربەستکردنی دادپەروەری و هۆکارێک بۆ بێدەنگکردنی قوربانیان لەقەڵەم دەدرێت.

چیرۆکی بابەتەکە و وەڵامی د. عەبدوللەتیف

بابەتەکە کاتێک تەقییەوە کە کۆمەڵێک نامەی نوسراو و دەنگی بڵاوکرانەوە، تێیدا تۆمەتی بێزارکردن و گێچەڵکردن بە کچانی خوێندکار ئاراستەی ناوبراو کرا، ئەمەش کاردانەوەی توندی خوێندکارانی کۆلێژەکەی لێکەوتەوە و لە بەیاننامەیەکدا هەڕەشەی بایکۆتی خوێندنیان کرد ئەگەر لێکۆڵینەوەی جدی نەکرێت، دواتر زانکۆی سلێمانی بە فەرمی لیژنەیەکی باڵای لێکۆڵینەوەی بە چاودێری داواکاری گشتی پێکهێنا.

لە بەرامبەردا، د. عەبدوللەتیف ئەحمەد، لەڕێگەی لاپەڕەی فەرمی خۆیەوە سەرلەبەری ئەو تۆمەت و دەنگانەی رەدکردەوە و بە "هەوڵێکی قێزەون بۆ شێواندنی ناوبانگی" ناوبرد، ناوبراو هۆکاری بڵاوبونەوەی ئەم دەنگانەی گەڕاندەوە بۆ پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و رایگەیاند: "ئەم دەنگانە بە تەکنەلۆژیای ژیریی دەستکرد (AI) دروستکراون و ساختەن".

بەڵام ئەوەی بوە جێی سەرنج و ناڕەزایەتییەکی قوڵتر لەلایەن داکۆکیکارانی مافەکانی ژنان، مەرجدارکردنی پرۆسەی پێشکەشکردنی سکاڵا بو؛ بەو پێیەی د. عەبدوللەتیف، داوای کردوە کچە خوێندکارەکان لەگەڵ باوکیاندا ئامادەبن بۆ لێکۆڵینەوە؛ چالاکوانان و چاودێران هۆشداری دەدەن کە ئەم جۆرە مەرجانە، تەنها هەوڵێکە بۆ بەربەستکردنی دادپەروەری، بێدەنگکردنی قوربانی و درێژکراوەی عەقڵیەتی پیاوسالارییە بۆ بێ نرخکردنی کەسێتی یاسایی ژنان.

یاسا یان پیاوسالاری؟ "کچانی زانکۆ پێویستیان بە ئازایەتیی خۆیانە نەک بریکار"

رۆژنامەنوس و چاودێر؛ توانا عوسمان، پەنجە دەخاتە سەر ئەم برینە قوڵە و داواکردنی باوکان وەک "بریکار" بۆ سکاڵای قوتابیە کچەکان بە "درێژکراوەی عەقڵیەتی بێ نرخکردنی سەربەخۆیی مرۆڤ و ئینجا ژن" ناو دەبات.

توانا عوسمان جەخت دەکاتەوە کە کچانی زانکۆ تەمەنیان لە سەرو ١٨ ساڵەوەیە و خاوەنی کەسێتی یاسایی و کۆمەڵایەتی خۆیانن، بۆیە لە کاتی سکاڵادا تەنها پێویستیان بە "ویژدان و ئازایەتی خۆیانە و بەس"، هۆشداریش دەدات: داواکردنی ئامادەبونی باوکیان "جگە لەوەی کەمکردنەوەیە لە ئەرزش و پێگەی مرۆییان، لابردنی سەرنجیشە لەسەر ناوەرۆکی کێشەکە و پێدانەوەی شەرعیەتی بە عەقڵەتی پیاوسالاری، جەوهەری کێشەکەش هەر لێرەوە دەستپێدەکات".

ستانداردی جیهانی لە کوێ و ئەم نەزانییە لە کوێ؟

لە لایەکی ترەوە، چالاکوانی مافەکانی ژنان، بەهار مونزیر، لە روانگەی ئەزمونی کارکردنی لەسەر کەیسەکانی توندوتیژی، تیشک دەخاتە سەر شێوازی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەم دۆسیە هەستیارانەدا کە چەندە وریایی و دروستکردنی کەشێکی پڕ متمانەی دەوێت، نەک دروستکردنی بەربەستی کۆمەڵایەتی و ترساندنی قوربانی.

بەهار مونزیر بە توندی رەخنە لە مەرجی ئامادەبونی باوکی کچەکان دەگرێت و دەڵێت: "مەگەر ئاشکرا نییە هیچ کچێک ناتوانێت ئەوە بکات؟ مەگەر بەپێی ستانداردە جیهانییەکانی دۆسیەکانی توندوتیژی و دەستدرێژی و هەراسان، بەتایبەت ژن، نابێت لەگەڵ ژن بە دڵی خۆی قسەبکات؟ ئەم نەزانی و یاسای سەدەکانی ناوەڕاستە لەکوێوە هێناوتانە؟ کەی ئەمە بەم سەردەمە دەخوات؟"

 بەهار مونزیر، داواش لە وەزارەتی خوێندنی باڵا دەکات پرۆفیشناڵانە مامەڵە بکەن و کارەکە بە بەڕێوبەرانی دۆسیەی ژنان بسپێرن، چونکە بە وتەی ئەو "پەردەپۆشکردن لەم وڵاتە هەمیشە ئەگەرێکی بەهێزە وەک دۆسیەکانی تر".

پێگە و دەسەڵات؛ ئامرازی گوشار دژ بە ژنان

هاوکات، بەهرە حەمەرەش، توێژەری کۆمەڵایەتی، بابەتەکە دەباتە چوارچێوەیەکی فراوانتر و ئاماژە بەوە دەکات کە ئیستغلالکردنی کچان بەهۆی پێگە و دەسەڵاتەوە تەنها لە زانکۆکاندا نییە، بەڵکو لە دەزگا و دامەزراوەکانی تریشدا هەیە.

ئەم خانمە توێژەرە، هۆشداری دەدات کە کاتێک یاسا بەرامبەر دەسەڵاتداران لاواز دەبێت، دەبێت چاوڕێی کارەساتی تر بین، دەڵێت: "ئەوەی هەیە گەورەترین هێرشە بۆ متمانەکردن بە کەسانی خاوەن پۆست و پێگە، ئەوە پیشانمان دەدات ژنانی ئەم کۆمەڵگەیە لەژێر چ گوشار و گێچەڵپێکردنێکدان، ئەگەر رۆژێک ژنان لە دادپەروەری دڵنیاببنەوە، نمونەی وەک ئەم مامۆستایە زۆر و زەبەندن، بەڵام لەوانەشە بە هۆی ململانێی سیاسییەوە وەک مامۆستا ببن بە پەند".

 

زۆرترین بینراوەکان