بەیان عەبدولرەحیم، ١٠ ساڵە نەخۆشخانەی عەلی کەمال ـی حکومی لە سلێمانی بەڕێوەدەبات
ئەزمونی من
2026/09/19 , بینین : 40


* نەوژین، بەنان فاروق

بەیان عەبدولرەحیم، تەمەن ٥١ ساڵ، لەدایکبو و نیشتەجێی شاری سلێمانییە، خاوەنی بڕوانامەی دبلۆمە لە پەرستاری دا. ماوەی نزیکەی ١٠ ساڵە، بەڕێوەبەری گشتی نەخۆشخانەی عەلی کەمال ـە لە شاری سلێمانی،  کە نەخۆشخانەیەکی حکومیە و بە درێژایی مێژوی نەخۆشخانەکە، یەکەم ژنە ئەو پۆستەی وەرگرتبێت.

بەیان، بەر لە بونی بە بەڕێوەبەری گشتی، بۆ ماوەی چەندین ساڵ فەرمانبەر بوە لە نەخۆشخانەکە، چەند پۆستێکیشی لەو ماوەیەدا پی سپێردراوە، وەک؛ ماوەیەک بەڕێوەبەری کارگێڕی بوە و ماوەیەکیش بەرپرسی هۆبەی خۆیی بوە.

لەبارەی ئەرک و بەرپرسیارێتیەکانیەوە، بەیان عەبدولرەحیم، بۆ نەوژین قسەی کرد و وتی: بەڕێوەبردنی ناوەندێکی گەورەی لەم شێوەیە ئەرکێکی قورسە، چونکە رۆژانە نەخۆش لە زۆرینەی شارەکانی عێراقەوە سەردان دەکەن، کارەکانی ئێمەش بریتین لە؛ پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری تەندروستی لە رۆژانی یەکشەممە تا پێنجشەممە، دابینکردنی پێداویستی پزیشکی، بەشداریکردن لە هەڵمەتەکانی هۆشیاری تەندروستی گشتی لەکاتی پەتای وەرزی دا و کوتانی دایکانی دوگیان و مناڵانی تازە لەدایکبو لە پێناو پاراستنی تەندروستییان.

بەپێی ئاماری نەخۆشخانەکە، رۆژانە پێشوازی لە نزیکەی ٥٠٠ تا ٧٠٠ نەخۆش دەکەن، نەخۆشخانەکە چەندین بەشی پزیشکی جۆراوجۆر لەخۆ دەگرێت، لەوانە: پسپۆڕی هەناوی، نەشتەرگەری، شکاوی، پێست، رۆماتیزم، شەویلگە، چاو، ددان، قورگ و گوێ و لوت، نەخۆشییەکانی میز و میزەڕۆ و بەشی کۆنترۆڵی بەکتریا، بەیان عەبدولرەحیم، دەڵێت: چاودێریکردن و کۆنترۆڵکردنی سەرجەم بەشەکان، ئەرکێکی ئاسان نییە، بەڵام من بەردەوام لە هەوڵدام، تاوەکو رێگە نەدەم هیچ کەموکورتییەک هەبێت. 

لەڕوی ئاستەنگیەکانەوە، بەیان عەبدولرەحیم، ئاماژەی بەوەکرد، کە بەدرێژایی ١٠ ساڵی رابردو، کێشەی دارایی و نەبونی موچە لەکاتی خۆیدا گەورەترین ئاستەنگ بون لەبەردەم کارەکانیاندا، بەڵام جەختیکردەوە، سەرباری هەبونی بەربەستی جۆراوجۆر لە کاردا، هەمیشە توانیویەتی بە شێوازێکی هاوسەنگ کێشەکان چارەسەر بکات، وتیشی: ئەوەی دڵخۆشم دەکات ئەوەیە بەهۆی ئەوەی ژنم لێرە روبەڕوی هیچ کێشەیەک نەبومەتەوە، بەڵکو هەموان بە چاوی رێزەوە تەماشا دەکەن و هەڵسوکەت دەکەن. 

سەبارەت بەو گۆڕانکاری و دەستکەوتانەشی لە سەردەمی بەڕێوەبەرایەتییەکیدا ئەنجامی داون، بەیان، ئاماژەی کرد بە؛ کردنەوەی بەشی چارەسەری نەخۆشییەکانی چاو و کردنەوەی بەشی رۆماتیزم و بەشی شەویلگە، کە بە وتەی خۆی، "هەبونی ئەم بەشانە بۆ نەخۆشخانەکە زۆر گرنگە".

زۆرترین بینراوەکان