هاژە: بازاڕ خزمەتی بە ژنانی دوگیان نەدەکرد، بۆیە «سەتەن»ـم هێنایە بەرهەم
ئەزمونی من
2026/06/21 , بینین : 6


* نەوژین، بەنان فاروق

زۆرینەی ژنان کاتێک دوگیان دەبن، یەکێک لە کێشە گەورەکانیان دەستنەکەوتنی جلی گونجاوە لە بازاڕدا. هاژە سەروەریش کاتێک خۆی بەو قۆناغەدا تێپەڕی، هەمان کێشەی هەبو، بەڵام ئەو بڕیاریدا ئەم کێشەیە بکاتە سەرەتای پڕۆژەیەکی تایبەت بۆ خزمەتی خانمان و دوکانێکی تایبەت بە جلی خانمانی دوگیانی کردوەتەوە.

هاژە تەمەنی ٣٣ ساڵە، دەرچوی بەشی دارایی و بانکە، هاوسەردارە و دایکی مناڵێکە. ئەو ئێستا خاوەنی دوکانی «سەتەن»ـە لە شاری سلێمانی، کە یەکەمین دوکانی تایبەت بە جلی خانمانی دوگیانە.

بیرۆکەی کارەکە لەکوێوە هات؟

هاژە بۆ نەوژین باس لە سەرەتای کارەکەی دەکات و دەڵێت: "کاتێک دوگیان بوم، هیچ جلێکم دەستنەکەوت کە تایبەت بێت بەو قۆناغە. بینیم بازاڕ بۆ ئەم جۆرە خزمەتە زۆر کەمکوڕە، ژنانی دوگیان هەم قیاسی خۆیان نازانن، هەم تەندروستییان رێگەیان پێنادات بۆ پارچە جلێک چەندین دوکان بگەڕێن و ماندو بن؛ بۆیە بڕیارمدا هەمو جۆرە جلێک لە یەک دوکاندا کۆبکەمەوە تا کارەکەیان ئاسان بکەم".

ئێستا سێ ساڵە ئەم دوکانە کراوەتەوە، هاژە ناوی دوکانەکەی ناوە «سەتەن» چونکە بە وتەی خۆی،   ناوی قوماشێکی ناسراوە و ویستویەتی ناوەکە رێک لە کارەکەیەوە نزیک بێت.

هاژە دەڵێت: "هەرچەندە هێنانی جلی دوگیان زۆر قورسە، بەڵام کاتێک دەبینم ژنان دێنە ئێرە و جلەکانیان بەدڵە و دڵخۆشن بەوەی یەکەم جارە کەسێک بیری لێکردونەتەوە، ماندوبونی ١٢ کاتژمێر کاری رۆژانەم نامێنێت".

لە بەرگدروییەوە بۆ دیزاینی تایبەت

هاژە پێشتر بەرگدرو بوە، بۆیە تەنها پشتی بە جلی هاوردەکراو نەبەستوە، بەڵکو بەشێک لە جلەکان دیزاین و دورینی خۆیەتی، وەک: قاتی دەرەوە، جلی ماڵەوە، عەزی و پانتۆڵ. لەپاڵ ئەمانەشدا، جۆری جیاوازی وەک بلوز، قەمیس، تەنورە و بۆدی لە دەرەوە دەهێنێت، ئەو دەڵێت:  تەنانەت ئەو خانمانەشی کێشیان زۆرە و کێشەی قیاسی گەورەیان هەیە، لەم دوکانەدا جلی گونجاویان دەستدەکەوێت.

"پێویستمان بە چەپڵەی کەس نییە"

فەلسەفەی هاژە بۆ کارکردن زۆر رونە، ئەو پێیوایە حەز و خولیا هۆکاری بەردەوامییە نەک تەنها پارە، چونکە بەبێ حەز لە یەکەم بەربەستدا مرۆڤ کۆڵ دەدات. پەیامی ئەو بۆ ژنان ئەمەیە: "پاڵپشتی سەرەکی ژن، دەبێت خودی خۆی بێت. پێویستمان بەوە نییە کەس پشتمان بگرێت یان چەپڵەمان بۆ لێبدات؛ خۆمان دەبینە پاڵپشتی خۆمان و پێویستە هەمیشە لەسەر پێی خۆمان بوەستین".

پلانەکانی داهاتوی چیین؟

ئێستا «سەتەن» گەیاندنی بۆ هەمو شارەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق هەیە و داواکارییەکی زۆری لە شارەکانی عێراقەوە بۆ دەچێت، بەڵام پلانەکانی هاژە گەورەترن: دەمەوێت کارەکانم بکەمە براندێکی فەرمی و بینێرمە دەرەوەی عێراقیش؛ ئێستا دو خانم لەگەڵ هاژە لە دوکانەکەدا کاردەکەن، هاژە دەڵێت: پلانم هەیە کارەکەم فراوانتر بکەم تاوەکو بتوانم هەلی کاری زیاتر بۆ خانمان بڕەخسێنم.

زۆرترین بینراوەکان