دایکی کارکەر لە کوردستان؛ جەنگێک لەنێوان گوشاری کۆمەڵگە و سەربەخۆیی نەوەی داهاتو
2026/06/16 , بینین : 55


* نەوژین، پەرژین کامەران

لەنێوان چواردیواری ماڵ و جەنجاڵی ژینگەی کاردا، دایکان لە شەڕێکی بەردەوامدان بۆ سەلماندنی ناسنامەی خۆیان، لە کۆمەڵگەیەکدا کە هێشتا وێنەی "دایکی نمونەیی" لە چوارچێوەی ماڵداری و قوربانیدان دا کورت دەکاتەوە، ژنانی کارکەر روبەڕوی پرسیارێکی قورس دەبنەوە: ئایا کارکردنی دایک زیان بە پێگەی سۆزداری منالەکەی دەگەیەنێت، یان رێگایەکە بۆ پێگەیاندنی نەوەیەکی بەهێز و سەربەخۆ؟، لەم راپۆرتەدا، تیشک دەخەینە سەر چەند ئەزمونێکی جیاواز و دیدگای زانستیی دەرونناسی لەمبارەیەوە.

کاتێک کارکردن دەبێتە پارچەیەک لە بونی ژن

بۆ سازان عوسمان، کە لە دەرمانخانەی یەکێک لە نەخۆشخانە گەورەکانی کەرکوک کار دەکات، کار تەنها سەرچاوەی بژێوی نییە، بەڵکو رەهەندێکی گرنگی کەسایەتییەکەیەتی، ئەو دەڵێت: "مرۆڤ ئەگەر خولیا و خۆشەویستی بۆ کارەکەی هەبێت، کاتی بۆ دەدۆزێتەوە و لەگەڵ تەوژمی ژیانیدا دەیگونجێنێت".

بڕوای وایە کە دایکایەتی بەرپرسیارێتییەکی پیرۆزە، بەڵام نابێت ببێتە هۆی پەککەوتنی لایەنەکانی تری ژیان: "پێویستە بە جۆرێک کاتەکانمان رێکبخەین کە نە کارەکەمان سێبەر بونیات بنێت لەسەر داهاتوی مناڵەکەمان، نە ژیانی ناوماڵیشمان ببێتە رێگر لەبەردەم گەشەی پیشەییماندا".

لەم هاوکێشەیەدا، هەندێک لە دایکان پێویستی قۆناغەکە ناچاریان دەکات بۆ ماوەیەک پشو بدەن، ئاسیا حسێن، کە پیشەی مامۆستایە و خاوەنی ئەزمونی هەشت ساڵ کارکردنە لە کەرتی تایبەتدا، دەڵێت: "دوای ئەوەی بومە دایک، بڕیارمدا بۆ ماوەی چەند ساڵێک لە ژینگەی کار دوربکەومەوە؛ ویستم کاتی زیاتر بە مناڵەکەم ببەخشم، بەتایبەت لە ساڵانی سەرەتای تەمەنیدا کە بنچینەی گەشەی دەرونی و جەستەییەتی".

دیدگای دەرونناسی: ئامادەیی دایک بە کوالێتییە نەک بە چەندێتی

نازدار قودرەت، پسپۆڕی دەرونی، پێی وایە کارکردنی دایک بابەتێکی فرەڕەهەندە و ناكرێت بە رەهایی حوکمی بەسەردا بدرێت، هەروەک دەرگایەکی نوێ بۆ تێگەیشتن لە بابەتەکە دەکاتەوە و دەڵێت: مەرج نییە دایکی کارکەر کەمتر خەمخۆری مناڵەکەی بێت، وەک چۆن مەرج نییە مانەوەی دایک لە ماڵەوە، بە تەنها گەرەنتیی پەروەردەیەکی دروست بێت، لێرەدا بنەمای سەرەکی، توانای دایکەکەیە لە بەڕێوەبردن و رێکخستنی کات و ژیانیدا.

نازدار قودرەت ئاماژە بە لایەنە ئەرێنییەکانی کارکردنی دایک دەکات، بەتایبەت لەسەر مناڵی کچ : "کاتێک کچێک دەبینێت دایکی ژنێکی بوێر، سەرکەوتو و خاوەن داهاتی سەربەخۆی خۆیەتی، متمانەبەخۆبونی لە لوتکەدا دەبێت و دایکەکەی دەکاتە نمونەی باڵای ژیانی"، جەختیش دەکاتەوە: دایکی کارکەر لەڕوی کۆمەڵایەتییەوە ئامادەیی زیاترە و لەکاتە سەختەکان یان غیابی باوکدا، باشتر دەتوانێت پشتیوانی دارایی و مەعنەویی خێزانەکەی بێت.

تێکشکاندنی "هەستی تاوان" لەژێر فشاری کۆمەڵگەدا

زۆرجار تێڕوانینی باوی کۆمەڵگە فشارێکی دەرونیی گەورە بۆ سەر دایکان دروست دەکات و وای نیشان دەدات کە چەند کاتژمێرێک دورکەوتنەوە لە مناڵ، جۆرێکە لە "کەمتەرخەمی" یان خیانەت لە دایکایەتی.

گەشە رەحیم، کە دایکێکی خاوەنکارە، توانیویەتی لەم تەڵە دەرونییە رزگاری بێت، ئەو دەڵێت: "من هیچ هەستێکی تاوانباریم نییە؛ چونکە پێم وایە ئەزمونی کارکردنەکەم خۆی بەشێکە لە پەروەردەکردنی کچەکەم"، گەشە نایشارێتەوە کە کاتی کەم بۆ خۆی دەمێنێتەوە و ماندوێتی پێوە دیارە، بەڵام دەڵێت: "کاتێک دەگەڕێمەوە ماڵەوە، بە هەمو وزە و خۆشەویستیمەوە دەبمەوە بەو دایک و هاوسەرەی کە خێزانەکەم چاوەڕێی دەکەن".

سازان عوسمانیش لەم روانگەیەوە پاڵپشتی دەکات و دەڵێت: "مناڵ هەرچەندە پێویستی بە باوەشی گەرمی دایکە، هێندەش پێویستی بە دایکێکی سەرکەوتو و سەربەرزە، تا لە داهاتودا بە شانازییەوە باس لە ماندوبون و دەستکەوتەکانی بکات".

بەرەو بونیادنانی ژینگەیەکی کاری "ژن دۆست"

ئەو دایکانەی لەم راپۆرتەدا قسەیان کردوە، هاوڕان لەسەر ئەوەی کە پاڵپشتیی خێزان و تێگەیشتنی ژینگەی کار، دو پایەی سەرەکین بۆ سەرکەوتنی ژنی کارکەر. گەشە رەحیم، دەڵێت: "من بە تەنها ناتوانم هاوسەنگی لە نێوان ماڵ و کارەکەمدا رابگرم، ئەگەر هاوسەر و خێزانێکی تێگەیشتو پشتیوانم نەبن".

لەکۆتاییدا، سازان عوسمان پێشنیارێکی ستراتیژی بۆ ریفۆرم لە ژینگەی کاردا دەخاتەڕو: "ئەگەر لە شوێنێکدا دەسەڵاتی گۆڕانکاریم هەبێت، لە سەرپەرشتیاریی بەشەکان دا ژنانی هۆشیار و تێگەیشتو دادەنێم؛ چونکە تەنها ژنێکی هاوشێوە دەتوانێت لە قوڵایی ئازار، ماندوێتی و قورسایی بەرپرسیارێتییەکانی ژنانی کارمەند تێبگات و هاوسەنگییەکی تەندروست لە ژینگەی کاردا بخوڵقێنێت".

زۆرترین بینراوەکان