* نەوژین
خانمە دیزاینەری جیهانیی کورد، لارا دزەیی، لە گێڕانەوەی چیرۆکێکی تایبەتی ژیانی خۆیدا، باس لە رۆڵی گرنگی دایکی لە ئاڕاستەکردنی ژیانی پیشەیی و سەرکەوتنەکانی ئێستای وەک دیزاینەرێکی ناسراو دەکات.
ئەو دەڵێت: "کاتێک لە تەمەنی ١٧ یان ١٨ ساڵیدا بوم، ئاژانسێکی مۆدێلینگی ئەمریکی لە بازاڕدا منیان بینی؛ شێوە و روخسارم سەرنجی راکێشان و داوایان لێکردم ببمە مۆدێلی ئەوان. لەو کاتەدا دایکم لەگەڵم بو و رازی نەبو ئەو کارە بکەم، لەکاتێکدا خۆم حەزم لە کارەکە بو".
ئەو خانمە دیزاینەرە لە درێژەی قسەکانی دا باس لە پێگە و شانازیی ئێستای دەکات و دەڵێت: "ئێستا کە بومەتە دیزاینەرێکی ناسراو، بەیانییەک چوم و دەستی دایکم ماچ کرد؛ پێم وت: دایە، گەر ئەو کاتە بە قسەی تۆم نەکردبا، دەبومە مۆدێل و بیانییەکان منیان دەڕازاندەوە، بەڵام ئێستا بومەتە دیزاینەر و من کچانی بیانی دەڕازێنمەوە".
لارا دزەیی، کچی هونەرمەند؛ هۆمەر دزەیی ـیە، لە ڤیێنا لەدایکبوە و لە ئەمریکا گەورە بوە، دەرچوی بەشی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکانە؛ بەوە ناسراوە کە توانیویەتی جلی رەسەنی کوردی بە شێوازێکی هاوچەرخ و مۆدێرن، تێکەڵ بە ستایلی جیهانی بکات و پەرە بە براندی خۆی بدات.
کارەکانی لە چەندین فاشن شۆی نێودەوڵەتیی گەورەدا (وەک هەفتەی فاشنی پاریس) نمایشکراون و جلی بۆ چەندین ئەستێرە و مۆدێلی جیهانی دیزاین کردوە، لەم دواییانەشدا ناوی لە لیستی کاریگەرترین کەسایەتییەکانی جیهاندا هاتوە لە بواری داهێنان و فاشندا.