نوسەر و سینەماکاری ناودار مەرجان ساتراپی کۆچی دواییکرد
2026/06/04 , بینین : 40


* نەوژین

مەرجان ساتراپی، نوسەر و هونەرمەندی فەرەنسی-ئێرانی کە فیلمەکانی بەشداریی فیستیڤاڵی ئۆسکاری کردوە و خەڵاتی فیستیڤاڵی کانی نەدەستهێناوە، لە تەمەنی ٥٦ ساڵیدا کۆچی دواییکرد.

ساتراپی بە یەکێک لە دەنگە هەرە دیارەکانی ئەدەب و هونەری هاوچەرخ دادەنرا. ئەو بەهۆی رۆمانی وێنەداری "پێرسێپۆلیس" ناوبانگێکی جیهانیی بەدەستهێنا، کە تێیدا باسی مناڵی خۆی لە ئێران و ئەزمونی ژیانی لە تاراوگە دەکات. ئەم رۆمانە لە ساڵی ٢٠٠٧ کرا بە فیلمێکی ئەنیمەیشن و خەڵاتی لیژنەی دادوەری لە فیستیڤاڵی "کان" بردەوە، هەروەها ساتراپی بو بە یەکەم ژن کە بۆ خەڵاتی ئۆسکار لە بواری ئەنیمەیشندا پاڵێوراو بێت.

ئەم نوسەرە لە ساڵی ١٩٦٩ لە شاری رەشت لەدایکبوە و هەمیشە رەخنەگرێکی توندی دەسەڵاتی ئێران بوە.

لە کارە ناودارەکانی تری "مریشک بە ئاڵو" بو، هاوکات کارێکی دیکەی فیلمی "رادیۆ ئەکتیڤ" بو کە لەسەر ژیانی ژنە زانای ناودار (ماری کوری) بو. دواین کاریشی کتێبی "ژن، ژیان، ئازادی" بو لە ساڵی ٢٠٢٤، کە تێیدا پشتگیریی خۆی بۆ ناڕەزایەتییەکانی ئێران دەربڕی و بە شۆرشێکی فەرهەنگی وەسفی کرد.

ساتراپی لە نیسانی ٢٠٢٤ خەڵاتی "شازادە ئەستۆریاس"ـی بۆ ئەدەب وەرگرت. هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٥ رەتیکردەوە خەڵاتی فەخری فەرەنسی (Legion d'Honneur) وەربگرێت وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر سیاسەتەکانی فەرەنسا لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران.

کۆچی مەرجان دوای ساڵێک دێت لە کۆچی دوایی ماتیۆس ریبا، هاوسەر و خۆشەویستی ژیانی، کە بەرهەمهێنەر و ئەکتەرێکی فەرەنسی بو.

کۆچی دوایی مەرجان ساتراپی، وەک زیانێکی گەورە بۆ جیهانی فەرهەنگ و هونەر دەبینرێت.

زۆرترین بینراوەکان