سۆنیا زەنگەنە لەڕێگەی کورتەفیلمێکەوە باس لە ئازاری ژنێکی بەرکەوتوی چەکی کیمیای دەکات
2026/05/23 , بینین : 59


* نەوژین

کورتە فیلمی "فایلی یەک" کە نوێترین کاری دەرهێنەر و سیناریۆنوس؛ سۆنیا زەنگەنەیە، تەواو بو و لە ئێستادا بەشداری لە چەند فیستیڤاڵێکی ناوخۆیی و جیهانیدا کردوە.

فیلمەکە باس لە چیرۆکی ژنێکی بەرکەوتوی چەکی کیمیایی دەکات کە بەهۆی کاریگەرییەکانی ئەو چەکەوە توشی کێشەی تەندروستی بوە، لە ناوەڕۆکی روداوەکانیشدا خۆی و کچەکەی روبەڕوی گروپێکی بازرگانیکردن بە ماددەی قەدەغەکراوی کیمیایی دەبنەوە.

ئەم بەرهەمە لە شاری سلێمانی وێنەگیراوە و زۆرینەی لۆکەیشنەکانی بە تایبەت لەلایەن ستافێکی شارەزاوە دروستکراونەتەوە. فیلمەکە لەلایەن بەشی فیلمسازیی زانکۆی سلێمانییەوە بەرهەمهێنراوە، نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئیسپانیا سپۆنسەری سەرەکییەتی و دەزگای میدیایی کوردساتیش سپۆنسەری میدیایی بەرهەمەکەیە.

خانمە هونەرمەند نەرمین کاوانی یەکێکە لە ئەکتەرە سەرەکییەکانی فیلمەکە، لەگەڵ بەشداری هەریەکە لە ئەکتەران: تێشو نامیق، ئاری عومەر، ژینۆ کەیوان، بنار ئەبوبەکر و هەژار فەخرەدین. هەروەها میر رەئوف کاری وێنەگرتن و میران عومەر کاری مۆنتاژ و رەنگی بۆ فیلمەکە ئەنجامداوە.

سۆنیا زەنگەنە، دەرهێنەری فیلمەکە سەبارەت بە کارەکانی بە نەوژینی راگەیاند: "لە پێشتردا خاوەنی چەند ئەزمونێکم لە بواری شانۆ و کورتە فیلم کە زۆرێک لە کارەکانم لە خزمەت پرسی ژن و مافەکانی ژنان و کچاندا بوە".

سەبارەت بە پلانی داهاتوشی وتی: "ئەگەر لە داهاتودا دەرفەت هەبێت، خۆشحاڵ دەبم فیلمێکی درێژ بەرهەمبهێنم کە چیرۆک و پەیامەکەی لە خزمەت نیشتیمانی خۆمدا بێت، نەک کارێک بێت تەنها دوبارەکردنەوەی کارە جیهانییەکان بێت و کەسانی ئاسایی لێی تێنەگەن، چونکە کۆمەڵگە و نیشتیمانی خۆمان سەدان چیرۆکی جوانی تێدایە کە دەکرێت بکرێنە باشترین فیلم".

زۆرترین بینراوەکان