* نەوژین، شنۆ نوری
"زۆرجار هەوڵی ساردکردنەوەم دراوە بە پاساوی ئەوەی ئەم بوارە بۆ ژن گونجاو نییە، بەڵام سەلماندم کە سەرکەوتنی بازرگانی پەیوەندی بە رەگەزەوە نییە". ئەمە وتەی شەیدا ئەڵڵاکەرەمە، کە وەک ژنێکی خاوەنکار لە ناو بازاڕی خانوبەرەی سلێمانیدا کاردەکات.
ئەم خانمە تەمەنی ٣٨ ساڵە و دانیشتوی شاری سلێمانییە؛ پاش تەواوکردنی خوێندن لە بەشی راگەیاندن و ساڵانێکی زۆر کارکردن لە بوارە گشتییەکاندا، بڕیاری دا وەک کارسازێک بێتە نێو کەرتی وەبەرهێنان و عەقاراتی "SHAIDA HOUSE" دابمەزرێنێت.
پلانی بازرگانی و بونیادنانی پڕۆژە
شەیدا پاش وەرگرتنی خولی پسپۆڕی لە بوارەکانی: بازرگانی، عەقارات و بازاڕیکردن، هەنگاوی بۆ پڕۆژە تایبەتەکەی ناوە. پڕۆسەی داڕشتنی پلانی کار و ئامادەکارییەکانی هەشت مانگی خایاندوە. وەکخۆی دەڵێت: “ئامانجی سەرەکیم لەم هەنگاوە، گۆڕینی شێوازی مامەڵەکردنی بۆ سیستمێکی کارگێڕیی رێکخراو کە تێیدا متمانەی کڕیار پارێزراو بێت”.
پێکهاتەی دامەزراوەیی و رەخساندنی هەلی کار
پڕۆژەی "SHAIDA HOUSE" لە ئێستادا بوەتە سەرچاوەی بژێوی بۆ ١٢ کارمەند لە بوارە جیاوازەکاندا، کارەکان بۆ چوار بەشی پسپۆڕ دابەش کراون کە بریتین لە: (راوێژکاریی و بازاڕ، یاسایی و ئەندازیاریی، بەڕێوەبردن و کارگێڕیی، لەگەڵ بەشی ژمێریاریی).
لەنێو ستافەکەیدا چوار ژنی شارەزا ئەرکی بەڕێوەبردنی بەشە هەستیارەکانی وەک ژمێریاریی و پەیوەندییەکانیان لە ئەستۆیە.
ئاستەنگەکان و تێپەڕاندنی رەخنە کۆمەڵایەتییەکان
وەک هەر ژنێکی خاوەنکار کە بچێتە نێو کایەیەکی نوێی بازرگانییەوە، شەیدا روبەڕوی کۆمەڵێک ئاستەنگ بوەتەوە، بەتایبەت لەنێو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا.
وەکخۆی دەڵێت: "زۆرجار بە پاساوی ئەوەی ئەم بوارە لەگەڵ پێگەی ژنان ناگونجێت رەخنەم لێ گیراوە، بەڵام پاڵپشتی خێزانەکەم و بڕوابون بە توانا کەسییەکان، کۆسپەکانی بۆ ئاسان کردوم”.
دیدگای بازرگانی ژن وەک بڕیاردەر لە کڕینی خانودا
سەرباری ئاستەنگەکان، شەیدا پێیوایە بونی ژنان لەنێو ئەم کەرتەدا پێویستییەکی حەتمییە؛ چونکە زۆرجار ژنان بڕیاردەری سەرەکین لە هەڵبژاردنی ماڵ و شوێنی نیشتەجێبوندا، بۆیە بونی فیکر و دیدگای ژنان لەنێو نوسینگەکانی خانوبەرە، پڕۆسەی تێگەیشتن لە خواستەکانی کڕیار و گەیشتن بە رێککەوتن خێراتر دەکات.
ئاسۆی داهاتو
ئەم خانمە خاوەنکارە بەردەوامیی پڕۆژەکەی وەک وەڵامێکی کردەیی بۆ هەمو ئەو رەخنانە دەبینێت کە لە سەرەتادا لێی گیراوە.
سەبارەت بە ئامانجی داهاتویشی دەڵێت: "پلانم فراوانکردنی مەودای کارەکانمە تاوەکو بیسەلمێنم کە توانای کارگێڕی و بەڕێوەبردن بەستراوەتەوە بە ئیرادە و شارەزایی کەسییەوە، نەک رەگەز"