* نەوژین، هۆزان فەریق
ماوەی ساڵێکە چالاکییەکانی وەرزشی گۆڕەپان و مەیدان لە هەرێمی کوردستان راگیراون، ئەمەش مەترسیی لەسەر داهاتوی بەهرەی کچانی وەرزشوان دروستکردوە، بەرپرسانی وەرزشی هۆکارەکە بۆ بڕانی پاڵپشتیی دارایی دەگەڕێننەوە، یاریزانان و چاودێرانیش باسلەوەدەکەن: نەبونی ژینگەیەکی گونجاو، وایکردوە بەشێک لە پاڵەوانەکان واز لە یارییەکە بهێنن یان رو لە یانە دەرەکییەکان بکەن.
سەیران سەرحەد: بەهۆی بێبایەخییەوە وازم لە خەونەکانم هێنا
سەیران سەرحەد، یاریزانی پێشوی ئەم وەرزشە، نمونەی ئەو کچە بەهرەمەندانەیە کە بێبایەخیی لایەنە بەرپرسەکان ناچاری کردوە ماڵئاوایی لە یاریگاکان بکات، ئەو بۆ نەوژین باسی لەو ساردبونەوەیە کرد کە بەرۆکی گرتوە و وتی: چەندین جار پلەی یەکەم و دوەمم لەسەر ئاستی کوردستان هێناوە، بەڵام پاداشتەکەم تەنیا پارچە کاغەزێک بو، ئەم بێبایەخییە وایکرد بەیەکجاری واز لە یارییەکە بهێنم.
بە دڵتەنگییەوە ئاماژەی بەوەش کرد، لەکاتێکدا لێرە پشتگوێ خراون، وڵاتانی دراوسێ بەدوای بەهرەی کچانی کورددا دەگەڕێن: "جێگەی داخە یانە عەرەبییەکان بە گرێبەست و پارە داوای کچانی کورد دەکەن، بەڵام لێرە لایەنی بەرپرس و لیژنەی ئۆڵۆمپی نەک پاڵەوانێتی ناکەن، تەنانەت کادری پسپۆڕیشیان بۆ ئەم بوارە نییە.
تەونی وەرزشێکی تاکەکەسی لە ژێر سێبەری یارییە بەکۆمەڵەکاندا
دییە نزار، یاریزانی یانەی پێشمەرگە، پێی وایە کێشەکە تەنیا بودجە نییە، بەڵکو عەقڵییەتێکە کە تەنیا وەرزشی کوڕان دەبینێت، ئەو دەڵێت: "لە کۆمەڵگەی ئێمەدا تەنیا گرنگی بە یارییە بەکۆمەڵەکانی کوڕان دەدرێت، بۆیە چێژ لە یارییە تاکەکانی ژنان نابینن، کاتێک پاڵەوانێتی ناوخۆیی نەبێت، وەرزشوانانی کچ رو لە کەمی دەکەن و ئەم وەرزشە جوانە بەرەو لەناوچون دەچێت.
ئەم پاشەکشەیە تەنیا بۆچونی یاریزانەکان نییە، بەڵکو ئامارەکان مەترسییەکی گەورەتر نیشان دەدەن، هەرێز جەمال، رۆژنامەنوسی وەرزشی، تیشک دەخاتە سەر لاوازبونی پێگەی ژنان لەم بوارەدا و دەڵێت: "دواین پاڵەوانێتی ساڵی ٢٠٢٤ بوە و لەوکاتەوە چالاکییەکان راگیراون، بە جەخت لێکردنەوەوە وتیشی: هەرخۆی لە ١٠ ساڵی رابردودا ئەم بوارە زۆر بێسەروبەر بوە.
هەرێز دەشڵێت: " بە نمونە پێشتر سلێمانی پڕ بو لە کچانی یاریزان کە ژمارەی پێوانەییان دەشکاند، بەڵام ئێستا هەمو شارەکە بگەڕێیت ١٠ یاریزانی کچ شک نابەیت، چونکە یانەکان تەنیا خەمی تۆپی پێیانە و تەنانەت لە زۆربەی یاریگاکان تراکی راهێنانیان بۆ کچان نەهێشتوەتەوە.
هۆکارەکە بڕینی بودجەی ئۆڵۆمپیە
لە وەڵامی ئەم رەخنانەدا، لایەنە ئیدارییەکان هۆکارەکە بۆ بێسەروشوێنی بودجەی حکومەت دەگەڕێننەوە، د. رزگار مەجید، سەرۆکی یەکێتیی ناوەندیی گۆڕەپان و مەیدانی کوردستان، بە نەوژین ـی راگەیاند: بودجەی لیژنەی ئۆڵۆمپی بڕدراوە، بۆیە ناتوانین پاڵپشتیی دارایی ‘خەرجی’ هیچ چالاکییەک بکەین.
جەختیشیکردەوە: ئەم رەوشە نالەبارە بەردەوام دەبێت تا ئەو کاتەی یاسایەکی تایبەت بە وەرزش لە پارلەمانی کوردستان ـەوە دەردەچێت.