بێریڤان جەلال: ئەزمونی ساڵانێکی یاریزانیم دەخەمە خزمەت کارگێڕی یانەی هەڵەبجە
رەنگاڵە
2026/01/29 , بینین : 86


* نەوژین

دوای مێژویەکی پڕ لە ئەزمون لە نێو یاریگاکاندا، بێریڤان جەلال، وەک جێگری سەرۆکی دەستەی کارگێڕی یانەی وەرزشی هەڵەبجە دەستبەکار بو، ناوبراو لەم قۆناغە نوێیەی کارکردنیدا، پەیامی گەشەپێدانی وەرزشی شارەکە و گەیاندنی یانەی هەڵەبجە بە لوتکەی دەستکەوتەکان رادەگەیەنێت.

بێریڤان جەلال دەڵێت: بە شانازییەوە قۆناغێکی نوێ لە ژیانی وەرزشیم دەستپێدەکەم، ئەم پێگەیە بۆ من تەنها پلەیەکی کارگێڕی نییە، بەڵکو بەرپرسیارێتییەکی گەورەیە بۆ دروستکردنی داهاتویەکی گەشتر بۆ وەرزش لە هەڵەبجە، ئامادەم ئەو شارەزایی و ئەزمونەی بە ماندوبون لە مەیدانەکاندا کۆمکردوەتەوە، بیکەمە خزمەت گەشەپێدانی ئەم شارە خۆشەویستە.

سەبارەت بە ستراتیژی کارکردنیان لە یانەی هەڵەبجە، بێریڤان ئاماژەی بەوە کرد کە کارنامەکەیان جەخت لەسەر پێگەیاندنی نەوەیەکی نوێ لە یاریزانان و بەرزکردنەوەی ئاستی وەرزشی شارەکە دەکاتەوە، تاوەکو یانەی هەڵەبجە بتوانێت کێبڕکێ بکات و شوێنی شایستەی خۆی لەنێو یانە گەورەکانی کوردستان و عێراقدا بگرێتەوە، هەروەها جەختی لە گرنگی کاری تیمی و هاوئاهەنگی لەگەڵ ئەندامانی دەستەی کارگێڕی نوێ کردەوە کە کۆمەڵێک کەسی دڵسۆز و شارەزان.

جێگری سەرۆکی یانەکە، لە درێژەی قسەکانیدا ڕێزی خۆی بۆ دەستەی کارگێڕی پێشوو دەربڕی و وتی: سوپاسی تێکۆشانی ئەوان دەکەم کە بناغەیەکی تۆکمەیان دامەزراند، هەروەها زۆر سوپاسی هەمو ئەو کەسانە دەکەم کە لەم رێگایەدا پشتیوانم بون و متمانەیان پێکردوم، هیوادارم شایستەی ئەو متمانەیە بم، چونکە گەشتەکەمان تازە دەستی پێکردوە و ئامانجەکانمان بەرزە و بەیەکەوە بۆ داهاتویەکی گەشتر کار دەکەین.

زۆرترین بینراوەکان