رێبین فەتاح
پێش ئەوەی ناوی "شۆڕشی کەزی" لە سۆشیال میدیای کوردی دا دەنگ بداتەوە، کۆمەڵگای کوردی بە ئەزمونێکی گرنگ و بنچینەیی تێپەڕببو: شۆڕشی ژینا لە رۆژهەڵاتی کوردستان. ئەو جوڵانەوە بەرفرەوانەی کە لە دوای کوژرانی کچێکی کورد دەستی پێکرد، بەناوی ئەو کچەوە ناونرا، چیتر ناوی حزب و رێکخراو و هێزی سیاسی لەناودا نەبو. ئەم ناونانە، نیشاندەری گۆڕانێکی بنچینەییە لە هۆشیاری کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگەی کوردەواریدا.
ناوی "شۆڕشی ژینا" جیاوازییەکی بنچینەیی هەبو یەک و لەگەڵ زۆربەی ناونانەکانی شۆڕش، راپەڕین و جوڵانەوە گشتییەکانی رابردوی کوردستان؛ وەک شۆڕشی ئارارات، ئەیلول، شۆڕشی نوێ، راپەڕینی شێخ عوبەیدوڵڵای نەهری، شۆڕشی شێخ عەبدولسەلام و ئەوانی دی. ناونانەکانی پێشو، لەڕوی رەگەزییەوە نێرانەن یان بێلایەنن، بەڵام لە بنەڕەتدا، ژن لە چەقی ناونان و ماناسازییاندا نییە.
لە شۆڕشی ژینا، بۆ یەکەمجار لە مێژوی نوێی کوردستاندا، ناوی ژن دەبێت بە ناوی شۆڕش. ئەوە تەنیا گۆڕانێکی وشەیی نییە، بەڵکوو گۆڕانێکی قوڵی سیاسی و زمانەوانی هەیە: ژن لە پێگەی قوربانی دەگوازرێتەوە بۆ چەقی گۆڕانکاری. تاوانێکی دەوڵەتی دەگۆڕێت بۆ جوڵانەوەیەکی گشتی و ژنایەتی دێتە ناو زمانی شۆڕش و بەرەنگارییەوە.
ئەزمونی شۆڕشی ژینا، لەتوانادایە وەک بنچینەی هۆشیارییەکی نوێ لە کۆمەڵگای کوردیدا دابنرێت؛ هۆشیارییەک کە تێیدا ژن چیتر تەنیا قوربانییەک یان تەنیا ئەو کەسە نییە کە تاوانی بەرانبەر دەکرێت، بەڵکوو ئەو کەسەیە کە تاوان دەگۆڕێت بۆ ناو، مانا و شۆڕش.
ئێستا، کاتێک هۆنینەوەی کەزی کچان و ژنانی کورد بوەتە ترێند و مەراسیمێکی نوێی بەرەنگاربونەوە لە دنیای دیجیتاڵدا، دەتوانرێت ئەم روداوە وەک درێژەی ئەو گۆڕانە لێک بدرێتەوە کە لە شۆڕشی ژیناوە بەرجەستە بوبوەوە، نە وەک روداوێکی سەربەخۆ، بەو تێبینییەیشەوە کە لێرەدا، ژن ناوی شۆڕش نییە، بەڵکو زمان و هێمای شۆڕشە.
کەزی وەک هێما: کاتێک تاوان دەگۆڕێت بۆ بەرخۆدان
بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێک لەلایەن چەتەیەکی سوپای عەرەبیی سوریا و بڵاوکردنەوەی وێنەکەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، تەنیا کردارێکی توندوتیژانە نەبو، بەڵکو هەوڵێکی رون بو بۆ ناردنی پەیامێکی سیاسی-کلتوری؛ سوکایەتی بە ژن، شکاندنی هێمای شەڕڤان و لێدان لە رۆڵی ژن لە ژیان و بەرخۆداندا. ئەو پەیامەی لە پشت بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێکەوە هەیە، دەڵێ: "ژن نابێت هێزی شەڕ و بەرەنگاری و بەو جۆرەیش هێزی گۆڕانکاری بێت"، کەواتە هەوڵێکە بۆ گەڕاندنەوەی ژن بۆ پێگەی قوربانی. ئەوەش وایکرد، روداوەکە لە ئاستی تاکەکەسەوە بۆ ئاستی نەتەوەیی و کۆمەڵایەتی بگوازرێتەوە.
کاتێک کەزییە بڕاوەکە، بەخێرایی دەگۆڕێت بۆ هێزی بەرەنگاربوونەوەی کۆمەڵایەتی، واتە پێچەوانەکردنەوەی ئامانجی چەتەکان و زیاتر لەوەیش کەزییە بڕاوەکە، نەک ئەوەی نابێت بە کۆتایی چیڕۆکێکی غەمگینانە، بەڵکوو بو بە دەستپێکێک بۆ دروستکردنی مانا/ماناسازی و ژنی بۆ چەق/ناوەندی بەرخۆدان گەڕاندەوە.
ژن؛ لە قوربانییەوە بۆ ئەکتەر
خەباتی چەکداری لە قۆناغە جیاجیاکانی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد لە هەر پارچەیەکی کوردستانی داگیرکراودا، هەڵگری زیاتر لە مانایەکی سیاسی، کەلتوری و کۆمەڵایەتی بوە. شیکردنەوەی شەڕ و بەرەنگاربونەوە، تەنیا وەک کردەیەکی روتی سیاسی و سەربازی، بە داماڵران لە رەهەندە کەلتوری و کۆمەڵایەتییەکانی، کورت دەهێنێت.
یەکێک لەو پرسە گرنگانەی دەبێت، لە بەرخۆدانی کورد لە رۆژاڤا و هەر پارچەیەکی دی بەوردی سەرنجی بدرێت، بەشداری ژنە و ئەو بەشدارییەش بەپێی هەلومەرجی هەر پارچەیەک، فۆڕمی جیاجیای وەرگرتوە.
سەرنجەکەمان لەسەر رۆژاڤایە؛ لە شەڕ و بەرخۆدانی رۆژاڤادا، چیتر ژن قوربانی نییە، بەڵکو ئەکتەرە، ماناسازە و هێما دروست دەکات. کچانی شەڕڤان، هێمای ئەو رۆڵەن. کچە شەڕڤانە کەزی-بڕاوەکەیش، یەکێکە لەوانەی سنوری رۆڵە نەریتییەکانی تێکشکاندوە، ئێستا بەشێکە لە شەڕ و بەرخۆدان. بڕینی کەزی کچە شەڕڤانەکە، هەوڵێکە بۆ پاشەکشەپێکردنی ژن بۆ پێگەی قوربانی، بۆ شکاندنی ئەو رۆڵەی فێمینیزمی شەڕ و بەرەنگاریی بەرهەمی هێناوە.
ئێستا، فێمینیزمی نەریتی کە زۆرجار ژن وەک قوربانی پێناسە دەکات، دەرەقەتی خوێندنەوەی دۆخەکە نایەت، ئەوەی ئەمڕۆ لەکاردایە، فێمینیزمی شەڕ و بەرەنگارییە. لێرەدا، ژن قوربانی نییە، بەڵکوو ئەکتەرە و مانا دروست دەکات.
کەزی و ناسنامە: لە تایبەتییەوە بۆ گشتی
لە کەلتوری کوردیدا، کەزی تەنیا بەشێک لە جەستە نییە. کەزی هێمای رێز، جوانی، ئازادی و هێزی ژنە. لەسەر ئەو بنەمایە، کاتێک کەزی دەبڕدرێت هێمایەک دەبڕدرێت. لێرەوە، کردارەکە لە سنووری تاوان بەرانبەر تاکێک تێپەڕ دەبێت و وەک هێرشێک بۆسەر ناسنامە دەردەکەوێت. کەزی لە هێمای تایبەتی ژنانەوە دەگۆڕێت بۆ هێمایەکی گشتی.
هۆنینەوەی کەزی، وەڵامدانەوەی کچان و ژنانی کورد بو لە بەرانبەر بڕینی کەزی کچە شەڕڤانەکە. ئەم کردارە، بە شێوەیەکی سادە، بەڵام قوڵ، تاوانەکەی گۆڕی بۆ هێمایەک و قوربانی گۆڕی بۆ چەقی بەرەنگاربوونەوە. هۆنینەوەی کەزی تەنیا کردەیەکی کەلتوری نییە؛ کردەیەکی سیاسی، ناسنامەسازی و فێمینستییە. ئەو کردە کۆمەڵایەتییە کە لە تۆڕەکانی سۆشیال میدیادا بەرجەستە بووەتەوە، پەیامێکی هەبو یەک و: "ئەوەی تۆ بڕیت، ئێمە دووبارە دەیهۆنینەوە".
لە فێمینیزمی شەڕ و بەرخۆداندا، ئەو کردەیە، گۆڕینی زەبروزەنگە بۆ مانا: کەزی بڕدراو، دووبارە دەهۆندرێتەوە؛ ئەوەی شکێندرا، دووبارە بونیاددەنرێتەوە، بەڵام بە دەستی ژن و بە هێزی هۆشیاری کۆمەڵایەتی. ئەوە کردەیەکی سیاسییە، کردەیەکی ناسنامەسازانەیە و لە کۆتاییشدا کردەیەکی فێمینیستی. لە پشت هۆنینەوەی کەزییەوە، تاوان گۆڕاوە بۆ مانا، شەهید بووە بە ناسنامە و ترس گۆڕاوە بۆ هۆشیاری کۆمەڵایەتی، ئەوەیش واتە گۆڕینی زەبروزەنگە بۆ مانا.
شۆڕش لەودیوی سنور؛ یەکپارچەیی کۆمەڵگای کوردستان
شۆڕشی ژینا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و شۆڕشی کەزی لە رۆژاڤای کوردستان سەریهەڵدا. بەڵام کاردانەوەکان، ناونانەکان و هێماکان بە قورسی بۆ باشوری کوردستان درێژدەبنەوە و لەوێشدا ماناسازییان تێدا دەکرێت.
ئەم درێژبوونەوەیە تەنیا کردەیەکی سۆزەکی نییە، بەڵکو نیشانەی ئەوەیە کە کۆمەڵگای کوردستان، هەرچەندە بە سنووری دەستکردی دەوڵەتان دابەش کراوە، بەڵام لە رۆوی هۆشیاری، هێما و ماناوە یەکپارچەیە. بەکورتی، "ئەو بستۆکەی دوژمن ناوی نا سنور" ناتوانێت هەست، زمان، هۆشیاری و هێمای بەرەنگاری دابەش بکات.
کاتێک لە باشوری کوردستان ناوی ژینا دەبێتە هێمای شۆڕش، یان کەزی دەبێتە هێمای شەڕەف و بەرخۆدان، ئەمە واتای ئەوەیە کە باشور بووەتە شوێنگەی کۆبوونەوەی مانای شۆڕشەکانی سێ پارچەی دیکەی کوردستان، لێرەیشدا شۆڕش تەنیا رووداوێکی ناوخۆیی نییە، بەڵکوو دەگۆڕدرێت بۆ پرسێکی نەتەوەیی.
ژنانی باشور؛ ئەکتەر نەک تەماشاکەر
کۆمەڵگای باشور، بە تایبەتی ژنان، تەنیا تەماشاکەری ئەم شۆڕشانە نەبون. هۆنینەوەی کەزی، بەشداری لە ناونانەکان، بڵاوکردنەوەی وێنە و هێماکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەمو یەک و ئەوە نیشان دەدات کە باشور بەشدارییەکی چالاکی لە دروستکردنی مانای شۆڕشەکەدا هەبو یەک و. لەم روانگەیەوە، باشور شوێنگەی رێکخستن و دامەزراندنی هێمایە.
ئەو راستییە، سنوری دەستکردی دەوڵەتان رەت دەکاتەوە. شۆڕشی ژینا و شۆڕشی کەزی نیشاندەری ئەوەن کە نەتەوە دەتوانێت لە دەرەوەی فۆڕمی دەوڵەت، بە هێما و ناونان خۆی یەکبخات. لێرەدا ژن، وەک جەستە، وەک ناو، وەک هێما، بووەتە ئەو چەقەی کە کوردستانی پارچەکراو و بەڵکوو کوردانی پەڕاگەندەی تاراوگە بەیەکەوە گرێدەدات.
بەم مانایە، ئەگەر هاوبەشییەک لە هەردو شۆڕشی ژینا و شۆڕشی کەزیدا بە زەقی دەرکەوتوە، ئەوەیە کە ژن لە کۆمەڵگای کوردستاندا خەریکە لە قوربانییەوە دەگۆڕێت بۆ چەقی گۆڕانکاری. ئەوەی ئەم گۆڕانکارییە لە دەرەوەی سنوورەکان دەردەکەوێت، لە باشورەوە درێژەی پێدەدرێت و لەوێشدا گیانی بەبەردا دەکرێتەوە، نیشاندەر و سەلمێنەری ئەو دروشمەیە کە خۆپیشاندەران لە سەرتاسەری نیشتمانی دابەشکراودا دەڵێنەوە: "یەکە یەکە یەکە/ کوردستان یەکە"، ئەگەرچی وەک دەوڵەت دابەش و پارچەیش کراوە.
کۆتایی قسان
ئەگەر شۆڕشی ژینا نیشانی دا کە ژن دەتوانێت ناوی شۆڕش بێت، شۆڕشی کەزی نیشانی دەدات کە ژن دەتوانێت هێما و دەنگی شۆڕش بێت. ئەگەر بڕینی کەزی کچە شەڕڤانێک، هەوڵێکە بۆ شکاندنی هێما و ناسنامە، هۆنینەوەی کەزی وەڵامدانەوەیەکە بەرانبەر ئەو هەوڵە. رووداوەکە، نیشانمان دەدات، ژن لە شەڕ و بەرخۆداندا تەنیا قوربانی نییە، بەڵکوو چەقی ماناسازی و بەرەنگاربوونەوەیە. هەروەها، نیشانمان دەدات، چەک تەنیا رێگەی بەرخۆدان نییە، بەڵکوو رێگەی کەلتوری و هێماییش هەبو یەک و.
رووداوەکە نیشاندەری ئەوەیشە کە کۆمەڵگەی کوردی هۆشیارە؛ هۆشیارییەک کە دەتوانێت هێمای شکێندراو، دووبارە بهۆنێتەوە، دیسانیش وەک ناسنامە و وەک بەرخۆدان پێشکەشی بکاتەوە.
لە هەردو ئەزمونی شۆڕشی ژینا و شۆڕشی کەزیدا، ژن لە پەراوێزەوە دەگوازرێتەوە بۆ چەق، ئەوە نیشاندەری گۆڕانێکی قوڵە لە کۆمەڵگەی کوردەواریدا؛ ژن خەریکە دەبێت بە چەقی گۆڕانکاری و بەرەنگاری. ناونان و ماناپێدانەکان، بەتایبەت لەلایەن کچان و ژنانی باشورەوە، نیشاندەری ئەو راستییەیە کە سنووری دەستکردی دەوڵەتان نە توانای دابەشکردنی نەتەوە و نە توانای دەستبەسەرداگرتن و دابەشکردنی هۆشیاری ژنانیان هەیە.