* نەوژین، پەرژین کامەران
لە دنیای رۆژنامەوانیی هەرێمدا، پەیامنێریی بۆ ژنان تەنها پیشەیەک نییە، بەڵکو مەیدانی جەنگێکی سێ لایەنەیە؛ جەنگ لەگەڵ روماڵە مەترسیدارەکان، تێڕوانینی کۆمەڵگە و هێزە ئەمنییەکان، چیرۆکی ئەو ژنانەی مایکیان بە دەستەوەیە، چیرۆکی شەڕی "مانەوە”ـیە لە ژینگەیەکدا کە هێشتا متمانەکردن بە توانای ژن تێیدا لەژێر پرسیاردایە و هەبونیان لە مەیدانەکەدا بە نامۆ دەبینرێت.
تۆ ژنی، بۆ ناڕۆیتەوە بۆ ماڵەوە؟
لەنیا بەختیار، پەیامنێری وێستگە نیوز، یەکێکە لەو ژنە رۆژنامەنوسانەی کە ئەزمونێکی تاڵی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان هەیە، ئەو چیرۆکی ئەو ساتانە دەگێڕێتەوە کە تێیدا پیشەکەی بوەتە هۆی ئەوەی روبەڕوی سوکایەتی ببێتەوە.
لەنیا بە نەوژینی وت: رۆژێک سەرباری ئەوەی رەچاوی یاساکانم دەکرد و لە دورەوە زانیاریم دەگواستەوە، پیاوانی ئاسایش پەلاماریان دام و جنێویان پێدام، پێیان وتم 'تۆ ژنی، بۆ ناڕۆیتەوە ماڵەوە؟' ئەم رەفتارەیان زۆر ناخۆش بو، چونکە لە گەڕەکی خۆمان بو وە هەمو خەڵک لێم کۆببونەوە.
بە وتەی لەنیا، هێزە ئەمنییەکان زۆرجار بێئاگان لەوەی رۆژنامەنوسیش وەک ئەوان لە ئەرکدایە و "یەکەم کاریان ئەوەیە پەلاماری رۆژنامەنوس و کامێراکەی بدەن بۆ ئەوەی بێدەنگی بکەن."
ئەم توندوتیژییە تەنها لە قسەدا ناوەستێت، بەڵکو دەگاتە ئاستی جەستەیی، لەنیا ئاماژە بەوە دەکات کە لە کاتی روماڵی خۆپیشاندانەکاندا بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە توشی گرفتی تەندروستی بوە و دەڵێت: "کە دەچم بۆ روماڵی روداوێک، لە سەلامەتیی خۆم دڵنیانیم”.
لە شەقامەوە بۆ دەرون؛ برینە نەبینراوەکان
ئاڵەنگارییەکان تەنها لە لێدان و سوکایەتیدا کۆنابێتەوە، بەڵکو کاریگەرییە دەرونییەکان قوڵترن، هودا عوسمان، پەیامنێری کەناڵی کوردستان ٢٤، ئاماژە بەوە دەکات کە رۆژانە لەناو خەڵکدا روبەڕوی کاردانەوەی نەرێنی دەبنەوە و هاوڵاتیان هێشتا پێیان وایە "ژن نابێت ئەم کارە بکات و ناتوانێت پەیامەکە بە دروستی بگەیەنێت".
ئەو وێڕای ئەوەی جەخت لەوە دەکاتەوە کە "هاوشانی پیاوان لە نیوەی شەویشدا بۆ روماڵ دەڕۆمە دەرەوە”، بەڵام دان بەوەدا دەنێت کە ماندوێتییە دەرونییەکان قورسن، هەر بۆیە دەزگاکەیان خولی تایبەت بە "ماندوێتیی دەرونی" بۆ کردونەتەوە.
ئامارە مەترسیدارەکان؛ نانبڕاوکردن و پێشێلکاری
داتا فەرمییەکان وێنەیەکی تاریکتر نیشان دەدەن، بەگوێرەی ئاماری رێکخراوی پەیامنێران، تەنها لە ١٠ مانگی رابردوی ئەمساڵدا: ٦ ژنی رۆژنامەنوس روبەڕوی پێشێلکاری بونەتەوە، ٥ رۆژنامەنوسی ژن بەهۆی گازی فرمێسکڕێژەوە بریندار بون، ٣٥ ژنە رۆژنامەنوس لە کارەکانیان دەرکراون، کە بەشێکیان بە بڕیاری شەخسیی بەڕێوەبەرەکانیان بوە.
هۆزان قادر، سەرۆکی رێکخراوی پەیامنێران، ئەم دۆخە بە مەترسیدار وەسف دەکات، لەکاتێکدا بەپێی ئامارەکانی سەندیکای رۆژنامەنوسان، ١٥٠٠ ژن ئەندامی سەندیکان، بەڵام ژمارەی ئەوانەی لە مەیدانەکەدا دەمێننەوە کەمترە.
میدیای کوردی و عەقڵییەتی نێرانە
دەشتی عەلی، مامۆستای زانکۆ، رەخنەی توند ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن دەکات و پێی وایە ژینگەی میدیای کوردی "نێرانە”ـیە و ژنان تێیدا زیاتر رۆڵی "گواستنەوە" دەبینن نەک داڕشتنەوەی سیاسەتی هەواڵ.
ئەو هۆشداری دەدات لەوەی هەندێک دەزگا "بۆ ئەوەی خۆیان ببن بە هەواڵ، ئامادەن گیانی رۆژنامەنوسەکەیان بخەنە مەترسییەوە"، لەکاتێکدا دەبێت "گیانی رۆژنامەنوسەکە لە هەواڵەکە گرنگتر بێت."
سەرباری هەموو ئەم بەربەستە کلتوری، ئەمنی و پیشەییانە، ژنانی پەیامنێر بەردەوامن لە شکاندنی قاڵبەکان، وەک لەنیا دەڵێت: "تا ئەم کارەم نەکرد، نەمدەزانی ئەوەندە توانام هەیە”.