دەست لەناو دەست دژ بە قسەی خەڵک؛ دو هاوسەر لە خەلیفان ژنان بۆ وەرزش هاندەدەن
ئەزمونی من
2025/12/16 , بینین : 76


* نەوژین، شنۆ نوری

لە شارۆچکەی خەلیفان، چیرۆکێک هەیە تەنها باس لە سەرکەوتنی ژنێک ناکات، بەڵکو گێڕانەوەی ئەزمونی دو هاوسەرە کە پێکەوە "هاوسەرگیری"ـیان کردوەتە پردێک بۆ پەڕینەوە لە دابونەریتە رێگرەکانەوە بەرەو تەندروستی، شەوناس و رێکان، ئەو دو کۆڵەکەیەن کە توانیان متمانە بۆ ژنانی ناوچەکە دروست بکەن، تا بە دڵنیاییەوە لە ماڵەکانیانەوە بەرەو هۆڵە وەرزشییەکان هەنگاو بنێن.

٢٠١٥؛ سەرەتای شکاندنی سەهۆڵبەندانەکە

مێژوەکە بۆ ساڵی ٢٠١٥ دەگەڕێتەوە، کاتێک شەوناس (٣٥ ساڵ) کە دەرچوی بەشی پزیشکییە و ماوەی ١٢ ساڵە لە کەرتی تەندروستی کاردەکات، لەگەڵ رێکان عەبدوڵا ـی هاوسەری بڕیارێکی بوێرانەیاندا؛ یەکەمین هۆڵی وەرزشیان لە قەزای خەلیفان دامەزراند کە ژنان و پیاوانیش دەتوانم بە کاتی جیاواز سەردان بکەن.

خەلیفان؛ شارۆچکەیەکی شاخاویی سەر بە ئیدارەی سەربەخۆی سۆرانە، کە هاوشێوەی سروشتە سەختەکەی، دابونەریتە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا رەگێکی قوڵیان هەیە، هەنگاوەکەی ئەم دو هاوسەرە لە سەرەتادا تەنها پرۆژەیەکی بازرگانی نەبو، بەڵکو وەک شەوناس دەڵێت: "هەنگاوێکی گرنگ و بوێرانە بو بۆ قەزاکە". 

لە سەرەتای کارەکەیاندا روبەڕوی ئاستەنگی زۆر بونەوە، بەهۆی سروشتی داخراوی کۆمەڵگەوە بەشداری ژنان نزیک بو لە سفرەوە، بەڵام شەوناس دەڵێت: بونی رێکان وەک پیاوێک و هاوسەرێک لە تەنیشتم، وایکرد ئەو سەهۆڵبەندانە بشکێت.

هاوسەرێک لە دەرەوەی بیرکردنەوەی تەقلیدی

رێکان عەبدوڵا، کە خۆی راهێنەری تایکواندۆیە (پشتێنی رەش)، رۆڵێکی سەرەکی هەبوە لەم گۆڕانکارییەدا. ئەو باوەڕی وایە بیرکردنەوەی فراوان و تێپەڕاندنی عاداتی هەڵە، کلیلی بڕیاری دروستە.

بۆ نەوژین وتی: سەرەتا بەشداریکردنی ژن لە وەرزش وەک عەیبە سەیر دەکرا، بەڵام ئێمە گوێمان نەدا و کۆڵمان نەدا؛ ژن هیچی کەمتر نییە لە پیاو و ئەگەر دەرفەتی پێ بدرێت کاری گەورە دەکات، ئێستا دڵخۆشین کە دەبینین تەنانەت ژنانی بەتەمەنیش رو لە سەنتەرەکەمان دەکەن.

تێکەڵکردنی پزیشکی و وەرزش؛ نهێنی سەرکەوتن

ئەوەی ئەم هۆڵەی لەوانی دیکە جیاکردوەتەوە، تێکەڵکردنی زانستی پزیشکییە بە وەرزش، شەوناس کە خاوەنی بڕوانامەی راهێنەرایەتی نایاب (Type A) و یەکەمی سەر ئاستی کوردستانە، توانیویەتی زانستەکەی بخاتە خزمەت ئەندامەکانی.

"هەردو پیشەکەم، یاردیدەدەری پزیشکی و راهێنەری لەشجوانی، تەواو گرێدراوی یەکترن. ئێمە دژی بەکارهێنانی حەب و ماددە کیمیاییەکانین بۆ دابەزاندن یان سەرخستنی کێش، هەوڵدەدەین بە شێوازی زانستی و سروشتی چارەسەری کێشە هۆڕمۆنی و دەرونییەکانی ژنان بکەین،" شەوناس وا دەڵێت.

بەشداری ژنان لە هۆڵەکە؛ لە سفرەوە بۆ ٣٥٪

بەهۆی بەردەوامی و متمانەی ئەم دو هاوسەرە، رێژەی بەشداری ژنان بۆ هۆڵەکە لە ٠٪ـەوە بۆ ٣٥٪ بەرزبوەتەوە، ئێستا ژنان لە تەمەنی ١٢ بۆ ٦٥ ساڵ سەردانیان دەکەن. گەنجان بۆ رێکخستنی کێش و ژنانی بەتەمەن بۆ چارەسەری پەستان، چەوری و باشترکردنی دۆخی تەندروستی، ئەمەش بەپێی ئامارێکی هۆڵە لەشجوانیەکەیان.

چیمەن عەلی، خانمێکی تەمەن ٥٠ ساڵە و ماوەی ساڵێکە سەردانی سەنتەرەکە دەکات، نمونەی ئەو گۆڕانکارییەیە، ئەو دەڵێت: سەرەتا بەهۆی تەمەنمەوە شەرمم دەکرد و خێزانەکەشم رێگر بون، پێیان وابو عەیبە ژن بچێتە ئەو شوێنانە، بەڵام کە ژنانی دیکەم بینی و سودە تەندروستییەکانم دەركەوت، ئێستا بەردەوامم و دەزانم جوڵە و وەرزش دەرمانی زۆر دەردە.

چیرۆکی شەوناس و رێکان، سەلمێنەری ئەو راستییەیە کە کاتێک ژن و پیاو "دەست لەناو دەست" کار دەکەن، نەک تەنها خێزانێک، بەڵکو دەتوانن کۆمەڵگەیەک بەرەو تەندروستی و کرانەوە ببەن.

 

زۆرترین بینراوەکان