لە راوێژەوە بۆ جوڵاندنی هێز؛ هێڵی ١١٩ چۆن کار دەکات؟
ھەواڵ
2025/11/30 , بینین : 96


* نەوژین

بۆ رێگریکردن لەوەی ناکۆکییە خێزانییەکان بگەنە ئاستی کارەسات، هێڵی ١١٩ وەک سیستەمێکی فریاگوزاریی خێرا لە هەرێمی کوردستان کارایە، بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی خێزانی هەولێر، جەخت لە جددیەتی مامەڵەی تیمەکانیان دەکاتەوە: “لەو حاڵەتانەی مەترسی راستەوخۆ لەسەر ژیان دروست دەبێت، سنوری راوێژ تێدەپەڕێنین و هێز دەجوڵێنین بۆ رزگارکردنی قوربانییەکە”.

هێڵی ١١٩ چیە؟

هێڵی ١١٩، هێڵێکی گەرمی فەرمییە کە لە ساڵی ٢٠١٢ لەلایەن بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزان (سەر بە وەزارەتی ناوخۆ)ـەوە دامەزراوە، ئەم هێڵە وەک میکانیزمێکی نیشتمانیی بێبەرامبەر، بۆ بەدەنگەوەچونی خێرای قوربانیان و وەرگرتنی سکاڵا لە هەرێمی کوردستان کار دەکات.

شێوازی کارکردن و وەڵامدانەوە

سەفین تاهیر، بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی دژی ژنان و خێزانی هەولێر، لەبارەی وردەکارییەکانی کارکردنی هێڵەکە بە نەوژینی راگەیاند: هێڵەکە بە شێوەی ٢٤ کاتژمێری دیزاین کراوە بۆ وەرگرتنی پەیوەندیی ئەو کەسانەی کە روبەڕوی توندوتیژی دەبنەوە یان هەست بە مەترسی دەکەن، لەئێستادا هێڵی گەرمی ١١٩ لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان کارایە و پەیوەندیکردن پێیەوە بێ بەرامبەرە.

سەبارەت بە تیمەکانیش وتی: ئەو کەسانەی وەڵامی پەیوەندییەکان دەدەنەوە، کەسانی مەشقپێکراوی هەردو رەگەزن لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی، دەرونی و یاسایی، کە شارەزاییان هەیە چۆن مامەڵە لەگەڵ دۆخە هەستیارەکاندا بکەن.

خزمەتگوزارییەکان؛ لە راوێژەوە بۆ جوڵاندنی هێز

جۆری وەڵامدانەوەکان بەپێی سروشتی کێشەکە دەگۆڕێت، بەشێک لە پەیوەندییەکان تەنها پێویستیان بە راوێژی دەرونی، یاسایی یان کۆمەڵایەتی هەیە، کە تێیدا کەسی پەیوەندیکار پێویستی بەوەیە گوێی لێ بگیرێت و رێنمایی بکرێت.

لە بەرامبەردا، بۆ ئەو حاڵەتانەی کە مەترسیی راستەوخۆی لەسەر ژیانی کەسێک هەیە، رێکاری بەپەلە دەگیرێتەبەر، سەفین تاهیر دەڵێت: ئەگەر هەڕەشەیەکی جددی لەسەر ژیانی پەیوەندیکار هەبێت و شوێنی خۆی بدات، راستەوخۆ بە هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیس و تیمەکانمان، هێز دەجوڵێنرێت بۆ رزگارکردنی قوربانییەکە.

نهێنی‌پارێزی و متمانە

یەکێک لە گرنگترین ئەو خاڵانەی کە زۆرجار رێگرە لەوەی قوربانیان پەیوەندی بکەن، ترسی ئاشکرابونی نهێنییەکانە، لەم بارەیەوە سەفین تاهیر دڵنیایی دەداتە هاوڵاتیان و دەڵێت: پرەنسیپی سەرەکیی ئێمە پاراستنی نهێنیی پەیوەندیکارانە، تەنانەت ئەگەر کەسێک نەیەوێت ناوی خۆی ئاشکرا بکات، زۆری لێ ناکرێت مەگەر حاڵەتەکە پێویستی بە بەدواداچونی مەیدانی هەبێت.

رونیکردەوە: هێڵەکە تەنها بۆ توندوتیژییەکانی لێدان نییە، بەڵکو حاڵەتەکانی توندوتیژی دەرونی و هەڕەشەی ئەلیکترۆنیش دەگرێتەوە بە مەرجێک لە چوارچێوەی خێزاندا بێت، تەنانەت شایەتحاڵیش دەتوانێت پەیوەندی بکات بەبێ ناوهێنانی خۆی و تەنها ناونیشان بدات، بۆ ئەوەی تیمی پەیوەندیدار بچن بۆ پێشکەشکردنی هاوکاری.

ئامار و بەکارهێنەران

سەبارەت بەو توێژانەی پەیوەندی دەکەن، هێڵەکە تەنها بۆ رەگەزی مێ نییە، هەمو ئەندامانی خێزان تا پلەی چواری خزمایەتی و هەردو رەگەز (نێر و مێ) دەتوانن پەیوەندی بکەن و سودمەند بن.

بەپێی ئامارێک کە دەست نەوژین کەوتوە، رۆژانە لە نێوان ٢٠ بۆ ٢٥ پەیوەندی بە هێڵەکەوە دەکرێت، زۆرینەی پەیوەندییەکان لەلایەن ژنانەوەیە و لە کاتی شەودایە، زۆربەی پەیوەندییەکان داوای راوێژ دەکەن و کەمتر حاڵەتی مەترسیدارن کە پێویستیان بە جوڵانی هێز بێت. هەروەها دانیشتوانی شارەکان زیاتر لە دانیشتوانی ناحیە و گوند و ناوچە دوورەدەستەکان بەکارهێنەری هێڵەکەن.

بەڕێوەبەری بەرەنگاربونەوەی توندوتیژی هەولێر، هۆشداریدا: هەر کەسێک هێڵەکە بۆ گاڵتە یان بێزارکردن بەکاربهێنێت، دەنگەکەی تۆمار دەکرێت و رێکاری یاسایی بەرامبەر دەگیرێتەبەر.

زۆرترین بینراوەکان