* نەوژین
ژنانی کاندید لەم خولەی هەڵبژاردندا بە کۆمەڵێک بەرنامەی جیاوازەوە هاتونە مەیدان، ئەو تەوەرانەی گرنگی پێدەدەن ئەو تەوەرانەن کە پەیوەندییان بە چاککردنی ژیانی رۆژانەی هاوڵاتییانەوە هەیە، ژنە کاندیدەکان بە گشتی لەو بڕوایەدان کە وەک ژنێک زیاتر لە کێشە و گرفتەکانی کۆمەڵگە، بەتایبەتی ژنان، تێدەگەن و بەشدارییان لە پارلەمان دەبێتە پردێک بۆ چارەسەرکردنیان.
داواکردنی ساڵێک مۆڵەتی دایکایەتی لە کەرتی تایبەت
مەهاباد حەمەئەمین، کاندید لە بازنەی سلێمانی، کە هاوکات چالاکی بواری مافەکانی ژنانە، بەرنامەی کارەکەی زیاتر تیشک خستنەسەر مافەکانی ژنانە لە کەرتی تایبەت؛ داوا دەکات مۆڵەتی دایکایەتی لە کەرتی تایبەت بە لایەنیکەم ساڵێک دیاریبکرێت. ئەم داوایە لە کاتێکدایە کە ژنانی کەرتی تایبەت کەمترین مافی کارکردنیان هەیە و زۆرجار لە کاتی مۆڵەتی دایکایەتیدا کارەکانیان لەدەست دەدەن. هەروەها، مەهاباد هەوڵدەدات یاسای خانەنشینی هاوشێوەی فەرمانبەرانی کەرتی گشتی ژنانی کەرتی تایبەتیش بگرێتەوە، ئەمەش وەک هەوڵێک بۆ دابینکردنی داهاتوی ژنانی کارکەر لە کەرتی تایبەت.
ژینگە: پەیامی پاکڕاگرتنی شارەکان بە چاندنی دار
شیلان عومەر، کاندید لە بازنەی کەرکوک، لەمیانی دەستپێشخەرییەکی بۆ پرسی ژینگە، هەر لە سەرەتای دەستپێکی بانگەشەی هەڵبژاردن رایگەیاند لە بەردەم هەر فلێکسێکی دارێک دەچێنێت، ئەم کاندیدە بۆ نەوژین جەختی لە پڕۆژەکەی کردەوە و وتی: لە بانگەشەکەمەوە دیارە کاری من لە پارلەمانیش گرنگیدان بە پرسی ژینگە و پاکڕاگرتنی شارەکان دەبێت، پەیامەکەی ناوبراو نوێنەرایەتی ئەو ژنانە دەکات کە ژینگە بە تەوەری ژیانی رۆژانە و تەندروستی خێزان دەزانن.
چاکسازی و یاسا: لە خزمەتگوزارییەوە بۆ داڕشتنی دەستور
دڵسۆز زەنگەنە، کاندید لە بازنەی سلێمانی، جەخت لەسەر پێویستی چاکسازیی گەورە و بنەڕەتی دەکاتەوە؛ کارکردن بۆ پەروەردە و تەندروستی بە یەکێک لە پرۆژە سەرەکییەکانی دادەنێت، “چونکە ئەم دو کەرتە کاریگەریی راستەوخۆیان لەسەر خزمەتگوزارییەکانی هاوڵاتییان هەیە”.
جگە لە چاکسازیی خزمەتگوزاری، دڵسۆز زەنگەنە پرسی داڕشتنی دەستور بۆ هەرێم وەک تەوەری سیاسیی سەرەکی دەوروژێنێت و دەڵێت: ئێمە هێشتا دەستورمان نییە، بۆیە هەوڵم دەبێت کە حکومەتی هەرێم ببێتە خاوەنی دەستوری خۆی، بۆ ئەوەی بڕیارەکان بەپێی ئەو دەستورە بدرێن نەک بۆ هەمو بڕیارێک بگەڕێنەوە بۆ دەستوری عێراقی.
ئەمە نوێنەرایەتیی لێدوان و پڕۆژەی سێ کاندیدی سێ بازنە و حزبی جیاواز بون لە کۆی ژمارەیەکی زۆری ژنانی کاندید، بە گشتی، ژنانی کاندید لە بازنە جیاوازەکاندا خاوەنی پلان و پڕۆژەی زۆر فراوان و هەمەچەشنن کە تەوەرەکانی دیکەشی وەک ئابوریی ژنان، یەکسانی دەرفەت، بەشداریی سیاسیی و نەهێشتنی توندوتیژی و چەندی تر لەخۆدەگرێت.
بهپێی ئاماری كۆمیسیۆنى باڵاى سهربهخۆی ههڵبژاردنى عێراق، بۆ ئەم ههڵبژاردنە کە بڕیاره رۆژی سێشەممەی داهاتو بهڕێوهبچێت، ٧،٨٧٦ كهس كاندیدن، لهو ژمارهیهش ٢٢٣٥ كاندیدیان له رهگهزی مێن، كه رێژهكهیان دهكاته ٢٨.٣%، هەروەک بە دیاریکراویش لە هەرێمی کوردستان ٢٠١ کاندید هەن و ٩٤ـیان ژنن.