* نەوژین، لیدا مەریوان
سەرباری چه‌سپاندنی سیستمی كۆتا و پشتگیری یاسایی، به‌شداری سیاسی ژنان له هه‌رێمی كوردستان و عێراقدا روبەڕوی ئاسته‌نگێكی كۆمه‌ڵایه‌تی دەبێتەوە؛ ترس له ناوزڕاندن و تێكدانی ژیانی تایبه‌تی، به‌شێك له‌و ژنانه‌ی خاوه‌ن پێگه‌ی دیارن و پێشنیاری كاندیدبونیان بۆ ده‌كرێت، به‌هۆی ئه‌و دۆخه‌وه پاشگه‌ز ده‌بنه‌وه و ده‌رگای پا‌رله‌مان رەد ده‌كه‌نه‌وه، به‌تایبه‌ت له سه‌رده‌می هه‌ڵكشانی به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا.
چیرۆكی ره‌تكردنه‌وه؛ ترس له تۆمه‌ت و ونبونی ده‌نگی ژن
نەوژین بەدواداچونی کرد؛ ٨ ژنی دواند کە لە هەڵبژاردنەکانی رابردو لە ترسی ناوزڕاندن خۆیان کاندید نەکردوە بۆ پارلەمانی کوردستان و عێراق، تەنها دو لەو ژنانە ئامادە بون لێدوانەکانیان بڵاو بکەینەوە، ئەوەش بە مەرجێک ناویان ئاماژە پێنەدەین.
ك.كا، ژنێكی ناسراوە لە هەرێمی کوردستان، بە وتەی خۆی دو حزبی دیار پێشنیاریان بۆ كردوه، تاوەکو کاندیدی بکەن بۆ پارلەمان، بەڵام رەدی کردوەتەوە، لەبارەی هۆکارەکەی وتی: ده‌مزانی گه‌ر خۆم كاندید بكه‌م، هه‌زاران تۆمه‌تم بۆ دروستده‌كه‌ن و روبه‌ڕوی ناوزڕاندن ده‌بمه‌وه”.
ئ.حا، ژنێکی دیكه‌ی به‌توانا و شاره‌زای سێ زمانی بیانی، ترسی ئه‌وه‌ی هه‌بوه كه ببێته قوربانی ده‌نگی حزبه‌كه‌ی، بۆیه ره‌دی كردوه‌ته‌وه ببێتە کاندید: "پێموایه بچمه ناو حزبێكه‌وه نابمه ده‌نگی راسته‌قینه‌ی ژن، به پێچه‌وانه‌وه ده‌بمه ده‌نگی حزبه‌كه، گرنگی چیه خۆم بخه‌مه دۆخێكی واوه كه نه‌توانم ده‌نگی راسته‌قینه‌ی ژن بم و ژیانیشم تێكبچێت؟!”.
په‌نجه بۆ كێبڕكێی حزبی و عه‌شایه‌ری درێژ ده‌كرێت
هانا شوان، چالاکی بواری ژنانە، لەوبارەیەوە بە نەوژینی وت: كلتوری "بڕواكردن به قسه و قسه‌ڵۆكه‌كان" و پاشان گواستنه‌وه‌ی بۆناو كۆمه‌ڵگه، بنه‌مای ئه‌و ناوزڕاندنه‌یه كه زیانی به پێگه‌ی ژنان گه‌یاندوه.
ئەو هۆکاری ناوزڕاندنی بۆ دو بەشی سەرەکی دابەشکرد؛
كێبڕكێی حزبی؛ كه تێیدا حزبه‌كان به پاساوی كۆمه‌ڵایه‌تی وه‌ك "داپۆشراو نه‌بون" ناوی ژنانی كاندیدی لایه‌نه‌كانی تر ده‌زڕێنن.
كۆمه‌ڵایه‌تی و عه‌شایه‌ری؛ عه‌شیره‌تێك ناوی كاندیدی ژنی حزبێكی تر ده‌زڕێنێت بۆ ئه‌وه‌ی زیان له عه‌شیره‌ته‌كه‌ی تر بدات.
روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی نوێنه‌رانی ئێستا و كارتی یاسا
سەرباری ئه‌وه‌ی ناوزڕاندن هۆكارێكه بۆ دوركه‌وتنه‌وه‌ی بەشێک لە ژنانی به‌توانا لە سیاسەت، به‌ڵام ئه‌وانه‌ی ئێستا له گۆڕه‌پانه‌كه‌دان جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبون ده‌كه‌نه‌وه.
شنیار ئه‌نوه‌ر، ئه‌ندامی پارلەمانی كوردستان، کە بە وتەی خۆی لەکاتی کاندیدبونی روبەڕوی شالاوی ناوزڕاندن بوه‌ته‌وه، ده‌ڵێت: زۆرکات ئەو ده‌سته و گروپانه‌ی حه‌زیان به سه‌ركه‌وتنی حزبەکەت نییه، دێن په‌نا بۆ ناوزڕاندن و كۆمه‌ڵێك بابه‌تی دور له ئاداب و نه‌ریتی كۆمه‌ڵگا ده‌به‌ن، بەڵام ئەوە ئێمەی ژنان راناوەستێنێت، بێ ئاوڕدانەوە بۆ پێشەوە دەڕۆین.
د. ئه‌شواق جاف، کە بۆ ئەم هەڵبژاردنە لە بازنەی سلێمانی سەرۆک لیستی حزبێکە، لێدوانی ئه‌و پارله‌مانتاره‌ی پشت راست کردەوە و وتیشی:بابه‌تی ناوزڕاندن راسته، زۆرێك له ژنان له ترسی ناوزڕاندن خۆیان كاندید ناكه‌ن، به‌داخه‌وه ئه‌مه وه‌كو چه‌ك به‌كارده‌هێنرێت دژبه ژنان.
باسی لەوەشکرد، گەیشتوەتە ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ی كه متمانه به‌خۆبون و متمانه به كۆمه‌ڵگه، كلیلی تێپه‌ڕاندنی ئه‌م ئاسته‌نگه‌یه، “یەکەم من متمانه‌م به خۆم هه‌یه، دوه‌م متمانه‌م به كۆمه‌ڵگه‌ش هه‌یه كه باوه‌ڕیان به‌و شتانه نابێت، ئه‌گه‌ر شتێكی واش روبدات گوێی ناده‌مێ و به‌رده‌وام ده‌بم له كاره‌كانم، چونكه ئه‌و كه‌سانه مه‌به‌ستیانه رامبگرن.
چاره‌سه‌ری یاسایی؛ به‌كارهێنانی "ئاسایشی ئه‌لیكترۆنی"
گرفتی ناوزڕاندن به‌تایبه‌تی له‌ڕێگه‌ی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانه‌وه (ئه‌لیكترۆنی) به‌ربڵاوه، له‌و باره‌یه‌وه گلێنه محه‌مه‌د، پارێزه‌ری راوێژكار، رونیده‌كاته‌وه: روبەڕوبونەوەی ئه‌م كێشانه له چوارچێوه‌ی یاسای ژماره (٦)ـی ساڵی ٢٠٠٨ـی قه‌ده‌غه‌كردنی خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندی كردن ده‌بێت.
“سزای یاسایی ئه‌م كاره سێ مانگ زیندانی و سزای ماددی له‌نێوان ١٥٠ هه‌زار دینار تا ملیۆنێك دیناره”.
له‌م لایه‌نه‌وه، هانا شوان، جه‌ختی كرده‌وه كه رێكخراوه‌كه‌یان (راگه‌یاندن و رۆشنبیری ژنان)، هۆشیاری ده‌داته ژنان كه به‌شه تایبه‌ته‌كانی نێو ده‌زگای ئاسایش و ئه‌نجومه‌نی باڵای خانمان هه‌ماهه‌نگی ده‌كه‌ن له‌گه‌ڵ پۆلیس بۆ روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی ناوزڕاندنی ئه‌لیكترۆنی.